کاتێک، کە #سوڵتان مورادی دووەمی عوسمانی# (#1421 - 1444# ل) بیستی موحەمەدی کوڕی گوێڕایەڵی مامۆستاکانی نابێت و ناخوێنێت، لەکاتێکدا، چەندین مامۆستاشی بۆ گۆڕابوو، ئیدی داوای کرد ناونیشانی مامۆستایەکی بە سام و هەیبەتی پێ بڵێن، ئەوانیش (#شێخ ئەحمەدی گۆرانی#) کوردیان پێ پیشان دا، ئەمیش کردی بە مامۆستای کوڕەکەی و شوولێکی پێ دا، هەتا وەکوو ئەگەر کوڕەکەی لە فەرمان و فەرمایشتەکانی لابدا پێی لێ بدات. شێخ ئەحمەد چوو بۆ لای موحەمەد و شوولەکەیشی هەر بەدەستەوە بوو، ئینجا فەرمووی: باوکت منی ناردووە بۆ فێرکردن و لێدانت ئەگەر لە قسەی من لات دا. شازادە موحەمەد پێکەنی و گاڵتەی بە قسەکەی هات، بۆیە شێخ ئەحمەد زۆر بەتوندی بە شوولەکە لە شازادە موحەمەدی دا، شازادە زۆر ترسی لێ نیشت و لە ماوەیەکی کەمدا قورئانی پێ خەتم کرد. کەسایەتیی شێخ ئەحمەد بەجۆرێکی لێ هاتبوو، کە بەرامبەر سوڵتان نەدەچەمایەوە، شازادەی بە ناوی خۆیەوە بانگ دەکرد و دەستی ماچ نەدەکرد، بەپێچەوانەی کەسانی دیکە، بەڵکوو تەنیا تەوقەی لەگەڵ دەکرد. ئەمە نموونەی زانای مەرد و پڕ زانست بووە، کە نەیویستووە بەهۆی پێگەی دەسەڵاتەوە مل بۆ سوڵتانیش بچەمێنێتەوە، چونکە ئەو پێی وابووە، فێربوون و فەرمانڕەوایی باش و کارکردن بە شەرع پێش ئەو شتانەیە و دەسەڵاتیشی بەو جۆرە بینیوە. ئەم شازادەیە دواتر بوو بە سوڵتان موحەمەدی فاتح، کە شاری قوستەنتینییەی داگیر کرد و کۆتایی بە ئیمپڕاتۆریەتی هەزار ساڵەی بێزەنتی هێنا، ئەو دەوڵەتەی، کە بە هۆزە جێرمەنەکان و ساسانی و ئومەوی و عەباسی و سەلجووقی نەڕووخا، بەدەستی ئەم خوێندکارە ڕووخا و کۆتایی پێ هات و بووە درەوشاوەترین شاری سەردەمەکەش، ئەویش هەر بە هۆکاری کاریگەریی شێخ ئەحمەدی گۆرانی، کە بەسەرییەوە بووە.
سەرچاوە: د. عەلی محەمەد ئەلسەڵابی: دەوڵەتی عوسمانی هۆی گەشەسەندن و ڕووخانی. و: ئەحمەد عەبدولرەحمان ئەحمەد و نیهاد جەلال حەبیبوڵا، چ: 1، بڵاوکراوەی نارین، هەولێر.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]