بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری #سۆران#: دەروازە و دەرگای #ئەشکەوتی چۆمبارۆک# زۆر لە ئەشکەوتی شانەدەر دەچێت
ئەشکەوتی شوێنەواری چۆمبارۆک لە سنووری شارۆچکەی #چۆمان#، ئەو پێوەرانەی تیدا بەدی دەکرێت، کە بۆ ژیانی سەردەمی مرۆڤی نیاندەرتال بەکار هاتبێت. تیمێکی شوێنەوارناسانی ئەڵمانیش لە ئەنجامی سەردانیان بۆ ئەشکەوتەکە، ئامێرێکی شوێنەواریی بچووکی بڕینیان دۆزیوەتەوە، کە پێش 20 هەزار ساڵ لەمەوبەر بەکار هێندراوە.
عەبدولڕەزاق مەمەندی، لێکۆڵەری شوێنەواری لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری ئیدارەی سۆران، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چەندان ناوچەی شوێنەواری گرنگ هەن، بەکێک لەوانە ئەشکەوتی چۆمبارۆکە، کە دەکەوێتە گوندی چۆمبارۆک، سەربە شارەدێی سمیلان لە شارۆچکەی چۆمان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەم ئەشکەوتە شوێنەوارییە تایبەتمەندیی زۆری هەیە و هەموو پێوەرێکی هەبوونی ژیانی مرۆڤایەتی تێدایە، بەتایبەت ئەو پێوەرانەی بۆ ژیانی سەردەمی مرۆڤی نیاندەرتال باس دەکرێن، کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر هەبووە. وتیشی: بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان، ئەشکەوتی چۆمبارۆک دیمەنی سەرنجراکێشی هەیە و ڕووی لە خۆرە و بەردەوام تیشکی خۆری بەردەکەوێ، دەرگای پێشەوەی زۆر فراوان و گەورەیە و بنمیچی بەرزە، سەرچاوەی ئاوی بەردەوامی 100مەتر لێوە نزیکە، بەشی باکووری چیایە و ڕێچکە پڕیەتی لە سەرچاوەکانی ژیان، ئەکرێت زیاتر بایەخ بەم جۆرە شوێنانە بدرێت و لێکۆڵینەوە و پشکنینی شوێنەوارییان بۆ بکرێت.
ئەو لێکۆڵەرەی شوێنەواری سۆران، دەشڵێت: بەگپێی وتەی تیمێکی ئەڵمانی، کە لە ساڵی 2013 سەردانی ئەو ئەشکەوتەیان کردووە و پارچە بەردێکی بچووکی، کە وەک ئامێری بڕین، پێش 20 هەزار ساڵ بەکار هێندراوە، لە بەردەمی ئەشکەوتەکە دۆزرایەوە، کە پێی دەڵێن (obsidian) بۆیە ئەوان وتیان ئەگەر کاری کنە و پشکنین لەم ئەشکەوتەدا بکرێت، کەرستە و کەلوپەلی زیاتری سەردەمی بەردین دەدۆزرێتەوە.
لای خۆیەوە، عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، بە (باسکورد) ی گوت: لە دەڤەری باڵەکایەتی لە سنووری شارۆچکەی چۆمان، چەندین ئەشکەوت و ناوچەی شوێنەواری هەن و پێویستە ڕووپێوی شوێنەوارییان بۆ بکرێت، دواتریش بەپێی گرنگیی شوێنەوارەکە، کاری هەڵکەندن و پشکنینیان بۆ بکرێت، یەکێک لەو شوێنەوارە گرنگانەش، ئەشکەوتی چۆمبارۆکە.
ئاماژەی بەوەش کرد: دەروازە و دەرگای ئەشکەوتی چۆمبارۆک زۆر لە ئەشکەوتی شانەدەر دەچێت، هەروەها، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانمان، ئەو ئەشکەوتە هەموو تایبەتمەندییەکانی تێدایە و گومان دەکرێت سەردەمانێک مرۆڤی نیادەرتاڵلی تێدا ژیابێت، هەروەک دەوروبەری ئەشکەوتەکەش ئاوی پێویست و ئەو جۆرە خۆراکە سرووشتییانەی لێیە، کە پەیوەستن بە سەرچاوەی خۆراکیی ژیانی مرۆڤ. بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران دەشڵێت: بۆ یەکەمینجار نۆ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ تیمێکی شوێنەوارناسانی ئەڵمانی ئەو ئەشکەوتە شوێنەوارییەمان بەسەر کردەوە و ئامێرێکی هەڵکۆڵینیان دۆزییەوە، کە مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بۆ دووبارە هەڵکۆڵین و پشکنینی ئەم ئەشکەوتە. خستوومانەتە بەرنامە و پلانی شوێنەواری، بە پێویستی دەزانین کە لەداهاتوودا کاری لەسەر بکەین.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]