بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا 24
#شەماڵ بارەوانی#
مەلایەک گوێ لە ئوم کەلسوم دەگرێت!
هەر سەبارەت بەو گۆرانی و شتە، لە سەردەمی سەرەتای فەقێیاتیم، فەقێیەکمان لەگەڵ بوو(مەڵا. ڕ. ن)، پەیمانگای ئیسلامی تەواو کرد و ئێستا پێش نوێژ و وتارخوێنە لە شاری هەولێر.
پێشووتریش:کارگێری لقی هەولێری یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بوو.
ماوەیەک: بەڕێوەبەری مزگەوتەکان و پشکنین لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی بوو.
ئێستا نازانم لەو پۆستە ماوە یان نا.
پێشی گووتم: کە ڕاهێنەری مرۆیی نێودەولَەتیشم ئێستا.
جا ئەو کاتەی پێکەوە فەقێ بووین.
دەیگووت:مەلا سەید ئەحمەد پێنجوێنی گوێ لە گۆرانی ئوم کەلسوم دەگرێت!
ئەو مامۆستا ئایینیە بەڕێز و و کۆنە فەقێیەی هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتی و حوجرەم، لە کاتی نووسینەوەی ئەو بەشەی (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)دا.
(2022/8/19) کە دەکاتە ڕۆژی هەینی، لە ڕێگای نامەگۆڕینەوە و تێلی واتسئاپەوە پێوەندیم پێوەکرد بۆ دڵنیایی بوون لەو بەسەرهاتەی کە ئایه بیریەتی وەختی خۆی لە فەقێیاتی پێگووتم کە مەلا سەید(ئەحمەد پێنجوێنی) گوێ لە گۆرانیەکانی ئوم کەلسوم دەگرێت؟ گووتی: نەک هەر ئەو، زۆرێک لە یەکگرتووەکانی تریش گوێ لەم و لە گۆرانی تریش دەگرن.
لەگەڵ ئەو مەڵایەی هاوڕێم، زۆر قسەمان کرد و باسی دنیایەک یادگاری و بەسەرهات و بیرەوەریەکانی سەردەمی فەقێیاتیمان کرد و تێر تێر پێکەنین و پێی گووتم: بیرەوەریەکانت لە کوێ بڵاو دەکەیتەوە؟
گووتم:هەفتەی بەشێک لە ڕۆژنامەی(ڕێگای کوردستان) و لە هەریەک لە ماڵپەڕەکانی(دەنگەکان) و (دابڕان) و (وتاری کورد) و (قەندیل24) و پاشان لە ماڵپەڕی(کوردپێدیا) ئەرشیڤ دەکرێت.
گووتی لینکەکەیم بۆ بنێرە با بیانخوێنمەوە.
ئینجا گووتی:منیش وتار بڵاو دەکەمەوە، لە گۆڤاری(گوڵان) و دوو وتاری بڵاوبووەوەی خۆی بۆ ناردم، یەکیان سەبارەت(حوکمی ڕەگەزی سێیەم لە ڕووی شەرع و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە)و ئەوەی تریشیان باسی(پێکەوەژیانی و ئایینی و نەتەوەیی بوو لە کوردستان) و خوێندمەوە. حەققەت شتێکی جوانی نووسیبوو و دڵخۆشی کردم بەمە و پێم گووت:بەڕاستی دڵخۆشم کەمن و تۆ لەو تێگەشتنە داخراو تەسکەی پێشووتر و سەردەمی حوجرە هاتووینەتە دەرو گەیشتن بێره و باوەڕ بە پێکەوە ژیان و ڕێزگرتن لە ئاینەکانیتر بکەین به پڕەنسیپ و، هەر بەڕاستی من کاتێک بیر لە هەندەک ڕفتار و شێوازی بیرکردنەوەی پێشووتر و سەردەمی حوجرە و خوێندنی ئیسلامی و فەقێیاتیم دەکەمەوە، قێز و گاڵتەم بەو بیرکردنەوە و تێگەیشتن و جیهانبینیەی ئەوسام دێتەوە و لە هەمان کاتیشدا تەریق دەبمەوە و هەست بە خەجاڵەتی و شەرمەزاریەکی بێ ئەندازە دەکەم و لەخۆم دەپرسم: هەر بەڕاستی ئەوە من بۆ وا بووم و هێند کەسێکی بیروشک و ڕادیکاڵ و ناحاڵی بووم؟!
جا من و ئەو مەلا بەڕێزەی هاوڕێم لە کاتی فەقێیاتیماندا، هەردووکمان یەکگرتووی ئیسلامی بووین و دواترهەردووکمان بە تەواوی وازمان له یەکگرتووو ئیسلامی و ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی هێنا.
پێم گووت: حەققەت من هەموو ئەو مامۆستا ئایینی و(بە تایبەتی ئەو مەلایانەی کە ئنتیمایان بۆ هێزە ئیسلامیە سیاسی و گرووپە سەلەفیزمەکان نییە و ئایین تێکەڵ بە سیاسەت ناکەن و خەڵکی تەکفیر ناکەن)، مرۆڤە لیبڕاڵ و، ئەتایست و ئەکتەر و نووسەر و شاعیر و ئەو کەسانەم زۆر خۆشدەوێت، کە باسی پێکەوە ژیان دەکەن و باوەڕیان بە پلورالیەتی ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیه و چەمکی تولەرانس(لێبوووردەیی) ڕەتناکەنەوە و ڕێز لە جیاوازیەکان دەگرن و هێرش ناکەنە سەر ژیانی تایبەتی مرۆڤەکان و هەرگیز، پەلاماری ئازادی و حەز و ویستی هیچ کەسێک نادەن لە وتار و وەعز و شیعر و قسەکانیاندا.
گووتم:منیش لە چڵ(40) ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕدا بابەتی هەمەجۆر و وتار و شیعرم بڵاو دەبێتەوە.
پێشم گووت:
لە سێ بەشی (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)دا باسی تۆ دەکەم و ڕوحمت پێناکەم و باش لە حەقت دێم و دەتکوتمەوەو ئەو ڕووداوەش باس دەکەم کە کاتێک ئەو شەوەی حوجرە لە ساڵی(2007) تابلۆیەکی ئایینیمان لە کاتی شەڕە بالیفی فەقێکان شکاند و تۆ ئەمیر و براگەورەی حوجرە بوویت و لێمان توڕەبوویت و جوێنێکی زۆر مزرت پێداین و لە بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا جوێنەکە دادەنێم، پێکەنی و گووتی:ئەوەی نەنوسی هاهاها بۆشەی بدێ (........)
گووتم:خەمت نەبێت هەر دەینووسم، بەڵام بەهۆی ڕەچاوکردنی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی و ئەتەکێت و مۆڕاڵی نووسینەوە، دەیکەمه پیت پیت و جوێنەکە وەکو خۆی بەو زەقیەوە دانانێم.
(لە بەشەکانی داهاتوودا باسی ئەو جوێنە و بیرەوەری زیاتر سەبارەت بەو مامۆستا ئایینیە بەڕێزە باسدەکەم).
جا گووتم هەم زەم و هەم مەدحکردن تێدایە لەو چەند بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا سەبارەت بەتۆ. هاهاها پێکەوە دامانە قاقاو گووتم: بەڵام لە زەم کردنتدا ناوم نەهێناوی و دڵنیا بە تەنها من و فەقێیەکان دەتناسینەوە لەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا و گووتی: ئاساییە و حەزدەکەیت ناویشم بێنە و:(چی دەنووسی بنووسە بەس بە زەمیرەوە، سەبرت هەبێ، هاهاها).
حەققەت لاریشی نەبوو ناوی بێنم، بەڵام من، گووتم نا، نەخێر، من هەرگیز ناوت ناهێنم و من هەر شتێک زەمی تێدا بێت، هەوڵم داوە ناوی ئەو فەقێ، یان مامۆستا ئایینی و مەڵا بەڕێزانە نەهێنم، کەبیرەوەری و چیرۆکەکە پەیوەست و تایبەتە بەوەوە و تەنها بە پیت ئاماژەی بۆ بکەم، یان بڵێم:فەقێیەک، یان مامۆستایەکی ئایینی و مەلایەک.
ئینجا دواتر ئەو مەلایەی هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتیم، زانیاری سەبارەت به بڕوانامە و وەزیفە و کارەکانی خۆی داپێم و منیش زۆر سوپاسم کرد بۆ ئەو هاوکاریکردنەی و پشکێش کردنی ئەوزانیاریانەی بە (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)و پێم گووت:بڕۆ تۆ وتاری جومعەت هەیه با درەنگ نەکەویت، خۆ وەکو من نیت نوێژ نەکەیت و نەڕۆیتە مزگەوت هاهاها پێکەوە دووبارە دامانەوە قاقا گووتم: کوڕە مامۆستا من ئەو فەقێیەی جاران نیم و بەو خوایە ئێستا یەک نوێژان ناکەم و دووبارە دامانەوە قاقاو گووتی: ئەویش باش دەبیت اشاءللە. ئیتر خواحافیزیمان لەیەکتری کرد.[1]