بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا 26
#شەماڵ بارەوانی#
مەلای گەورەم بەقەد مارکس خۆش دەوێت.!
ئینجا دووبارە دەڵێم: مرۆڤ کەمال و مەعسوم نییە و گەر ئاگای لە خۆی نەبێت، دەکەوێتە ژێر کاریگەری کاردانەوەکان و لە کاتێکدا کە وەڵامی شتەکان، یاخود بوختان و چەواشەو هەلبەستراوەکان دەداتەوە، سروشی مرۆڤ وایە، بۆیە ئەگەر کۆنترۆل و بەرزەفتی خۆی نەکات و هێمن نەنووسێت، ئەوا دەکەوێتە هەمان لادان و هەڵەی بەرامبەرەوە.
وەمن پارساڵ لەسەر کتێبێکی ڕووناکبیر و نووسەرێکی هاوڕێمم نووسی، کتێبەکە تاڕادەیەک بیرەوەری بوو، هەرەچەندە نووسەرەکە ناونیشانێکی تری بۆ دانابوو،
پێشم گووت: موجامەلەت ناکەم و ڕەخنەشت لێ دەگرم، حەققەت گووتی: بە دڵی خۆت بنووسە و ئازاد بە لە ڕەخنە و دواتر نووسینەکەشم لە چوار ماڵپەڕ بڵاو بووەوە.
لە میانی ڕانان و هەڵسەنگاندم بۆ کتێبەکە، بۆ ئەو نووسەرەم نووسی:کە هەندەک جار و لە هەندێک شوێن لە زمانی ئەکادیمی نووسین و بابەتی بوون دوور کەوتووتیەوە و لە نووسینەکە زۆر ڕاشکاوانە پێم گووت:کە هەندەک وشە بۆ ئەوکەسانە بەکاردەبات کە نەدەبوو ئەو وەک نووسەر و ڕووناکبیرێک، ببڕای ببڕ پەنای بۆ ئەو شێوازە لە دەربڕین و زمانە نەگونجاوە ببات.
وەک بەکاربردنی وشەی: موراهیقی سیاسی، شێت، جەلاد، ترسەنۆک، دووڕوو، جەنەڕاڵی نووسەر، درۆزن، درۆکۆ، فشەکەر، نەخۆش، ناجوامێر، بێ نەزاکەت، ئاست نزم، ماستاوچی، هەڵپەرست، ڕاپۆرتنووس، و چەند وشەیەکیتری لە شێوەی ئەمانە!
هەڵبەت، ڕەخنە گرتن ئەوکاتە نەرێنی و ڕاست و لۆژیکی و تەواو دروستە، کاتێک لە فۆرمێکی ئەکادیمی و بابەتیانە و لۆژیکیانەوە دەرببڕدرێت. مەبەستم ئەوەنییە بڵێم: ڕەخنەکانی ئەو نووسەرە بەڕێزە سەراپای خاڵی بوون لەو مەرج و پڕەنسیپانە، بەڵکو لە هەندێک شوێن پێشێلی ڕێساو یاسای ڕەخنەو زمانی نووسینی ئەکادیمیانەی کردبوو و لە میتۆدی ڕەخنەیی لایدابوو.
ئەو نووسەرە بەڕێزەیش، وەکو بەشێکیتری ئەوانەی بیرەوەریەکانیان دەنووسنەوە، لە پێشەکی کتێبەکەیدا باسی لە ڕق و کینەکردبوو و ئیدانە و سەرکۆنەی ئەوەشی کردبوو بە خراپ و کارەسات وەسفی کردبوو. کەچی خوێنەر لە کاتی جێهێشتنی پێشەکی کتێبەکە و دواتر خوێندنەوەی تەواوی کتێبەکەی ئەو نووسەرە بەڕێزە. هەست بەوە دەکات کە نووسەر خۆیشی بە نەزعەیەکی سایکۆلۆژی تاڕادەیەک توندو، ڕقێکی نیمچە ئەستوور بەسەریدا زاڵە، لە بەرامبەر ئەو بەڕێزانەی کە لەو کتێبەی وەڵامی دابوونەوەو لە هەندێک شوێن زمانێکی هەڵچوو و ڕەددو ڕەد فعلێکی پێوەدیار بوو.
لە کاتی نووسین و ڕەخنە و وڵامدانەوەکانیدا شێوەیەک توانج و لاقرتێ و پلار و نزیک لە سنووری گەر هەڵەنەبم و گونجاوبێت بڵێم: سوکایەتی بە تایبەتی بە یەکێک لەو نووسەرانەی لەنێوان ئەو چەند نووسەرەی وەڵامی دابوونەوە لە کتێبەکەی دەبیندرا. کە نەدەبوو هەرگیز، نووسەر و ڕووناکبیرێکی لێهاتوو و خاوەن قەڵەم و ئەزموون و مێژوو و کەسایەتییەکی ئینسایکلۆپیدیای پڕ لە زانیاری و مەعریفە و فەلسەفە و کەشکۆڵێک لە ڕووناکبیری و ئەزموون، و ڕێزدار و ناوداری وەک ئەم، تووشی هەڵە و شێوازی وا لە وڵام دانەوەبێت!
نووسەرێک، کە قسە لەسەر زۆر ڕەهەند و بابەت و بواری جیاجیای وەک زانستی، هیۆمانیزم، سایکۆلۆژیا، ئەنسرۆپۆلۆژیا، سۆسیۆلۆژیا، فیکر، ئەدەب، سیاسەت، ئیسلامگەرایی، گلۆبالیزەیشن، عەلمانیەت، مۆدێڕنە، فێمێنیزم، ڕۆشنگەری، مێژوو و… تاد، دەکات و لەبارەیانەوە دەنوسێت.
من بابایەکی ئیسلامی سیاسی ئایدیۆلۆژیستگەرا و سۆفیەکی وشکباوەڕ و سەلەفگەرایەکی دۆگمایی و بوونەوەرێکی تاک ڕەهەند و دەمارگیر نیم، من مەلای گەورەی کۆیەم بە قەد قازی محەمەد و مارکس و غاندی و زەردەشت و بوودا خۆشدەوێت و وەک چۆن هەروتەیەکی جوانی سوقرات و پلاتۆن و نیچە و ماندێلا و گیڤارا و زەردەشت و مەسیح و ڤۆلتێر و دیکارت و سپینۆزا و فلان فەیلەسوف و ئەویتری بیرمەند ئاماژە پێدەکەم، ئاواش وتەکانی پەیامبەری ئیسلام و ئایەتەکانی قورئان.
ئینجا من کەسێکی لائیک باوەڕ و ئاڕاستە سیکۆلار و بۆچوون لیبڕاڵم و ڕوانگەیەکی هیومانیستانە و لیبڕاڵانەم بۆ چەمک و شتەکان و کەسەکان هەیه و هەرگیز، ڕێگە بەخۆم نادەم کە لەقاڵبێکی ئیدەلۆژیدا بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گۆومڕا بنووسمەوە و دەرفەت نادەم قەناعەتی کەسی خۆم کاریگەری بەسەر بیرەوەریەکانەوە هەبێت و هەمیشە هەوڵمداوە شتەکان و چیرۆک و ڕوداو بەسەرهاتەکان وەکو خۆیان ڕاستگۆیانە لە دوو توێی بیرەوەریەکان تۆمارکەم و بۆ هەر کەسێک کە بیرەوەریەکانی دەنووسێتەوە دەبێت بزانێت کە لە نووسینی بیرەوەریدا دوو شت زۆر گرنگن: ڕاستگۆیی؛ شێوازی نووسین”(1). هیوادارم من لە هەردووکیاندا پێکابێتم و نەکەوتبێتمە ناو هەڵە و بێ ویژدانیەوە.
ماوەتەوە لە کۆتایی ئەو بەشەی (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)دا بڵێم: سوپاسی هەموو مەلا و فەقێ و هاوڕێیانەم دەکەم کە لە سەردەمی حوجرە و قوتابخانەی ئیسلامی و کۆلێژی شەریعە پێکەوەبووین، هەرکاتێک و لە هەر شتێکدا لە نووسینەوەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا، پێویستم پێیان بووبێت، درێخیان نەکردووەو یارمەتییان داوم و نزیکەی دە فەقێی هاوڕێی سەردەمی حوجرەم و چەند خوێندەکارێکی هاوڕێی سەردەمی خوێندنم لە کۆلێژی شەریعە (زانستە ئیسلامیەکان) لە بیرهاتنەوەکان و بەسەرهاتەکانی سەردەمی فەقێیاتی و حوێندنمدا گەلێک یارمەتیان داوم، هەرکاتێک پێویستم پێیان بووبێت.[1]
پەراوێزەکان:
1- ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو، هەڤاڵ کوێستانی، چاپی پێنجەم، 2021، لاپەڕه 6.
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!