نووسەر: #دیاکۆ هاشمی#
لە سەر یان لەسەر؟
وەڵام هەم بەجیا، هەمیش پێکەوە:
بەجیا:
بەردێکی لە سەری دا.
ئارەق لە سەری دەتکێت.
توانج:
دووکەڵ لە سەری هەستا.
هەروەها:
ئەو بستێک لە سەرووی هەمووانەوەیە.
پێکەوە:
هەر کاتێک بوو بە ئامرازێک یان بەشێک لە چاوگێک یان کارێکی ئاڵۆز، ئەوە پێکەوە دەنووسرێت:
1. (پێشبەند preposition)، کاتێک هاوەڵکاری شوێنی دروست دەکات: پێنووسەکە لەسەر مێزەکە دانراوە.
“لەسەر” پێشبەندە، “لەسەر مێزەکە” پێکەوە هاوەڵکاری شوێنییە، چونکە شوێنی ڕووداوەکە پیشان دەدات.
کاتێک چاوگێکی لێکدراو دروست دەبێت، لە گەردانکردندا بەشی کۆتایی جیا دەبێتەوە و “لەسەر” پێکەوە دەنووسرێت:
2. لەسەرکردنەوە: هاوڕێکەی لەسەری کردەوە.
3. لەسەرکەوتن: ئەم کارە زۆر لەسەرت دەکەوێت.
4. لەسەربوون (پێویست، تەوزیم): تۆ لەسەرتە بچیتە قوتابخانە.
5. لەسەربوون (هاوتیم، هاودەستە لە پێشبڕکێدا): لە تۆپانەکەدا ئەو لەسەر ئێمە بوو.
6. لەسەربوون (دەیندار، قەرزدار): فلسێکم لەسەر نییە.
7. لەئەستۆبوون: نامەنووسینەکە لەسەر من.
8. سەبارەت: ڕات لەسەر ئەم وتارە چییە؟ [1]