ناونیشان: گرنگی و بایەخی شوێنەوارەکان و چەند سەرنجێک
نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
ئەوەی بۆتە مایەی شانازی ڕابوردوومان، کەلتورو مێژووی باپیرانی ئەم گەلەیە، ئه و شوێنەوارانەی کە لەناو سنگی خاکدا، پارێزراون، بۆئەوەیە ڕابردووی پڕ شکۆو ڕووداوو کارەسات و شێوازی حوکمڕانی و جۆری دەسەڵاتەکان و ناسینیان، نەفەوتێت و جیابکرێنەوە و بە نەوەی داهاتوو ئاشنا بکرێن، بۆیە بایەخی شوێنەوارەکان زۆرگەورەن و نابێ بە سانایی و سادەیی بکرێنە مەبەستی تایبەت و کەسی، کەسایەتیەکی گەورەی وەک (عەبدولڕەحمان ئەبو زکری) ئاوا باسی شوێنەوار دەکات و دەڵێ : (لەشوێنەوارەکەدا گێڕدرایەوە، کە مرۆڤەکان سێ جۆرن، زانایەک، کەسێکی خوێندەوار، دڕندە، دڕندەکان لەناو ئاگردان، کەواتە بزانە سەربەکامیانیت).
ئه و دەربڕینە زۆر شتمان پێدەڵێ و ئاشنامان دەکات، بە شوێنەوارەکان وجۆری ژیان و مێژووی گەلان، و پۆلێنکردن و زانینی ئاستی شارستانی و چاخ و قۆرخکاری وداگیرکردن و جۆری پەیوەندی و ڕادەی توانای دەسەڵات و قەڵەمڕەوی، ئه و حوکمڕانانەی سەردەمە جیاوازەکان.
دیارە کوردستانیش لە بوونی سەدان شوێنەواری گرنگ بێبەش نیە، زۆریان دۆزراونەتەوه و کنەوپشکنینیان بۆ کراوە، لە ئەنجامدا، توێژەران و شیکەرەوانی بواری شوێنەوار، گەیشتونەتە، ئاکامی گرنگ و دڵخۆشکەر بۆ مێژووی ڕابوردووی گەلەکەمان، لەوانە گوندی چەرمۆو و گوندی بێستان سوورو ئەشکەوتی هەزار مێرد و شوێنەواری قزقاپان و شارستانێتی دێرینی زەرزی و زۆریتر.
جگە له و شوێنەوارانەی دۆزراونەتەوە و خراونەتە سەر ڕەفەی مێژوو یان لەمۆزەخانەکاندا کراونەتە بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ڕاستی و دروستی مێژووی زێڕینمان، سەدانی دیکەش هەن، هەر لەناو سنگی خاکدان و مرۆڤی ئەم سەردەمە پەیپێنەبردون و نەدۆزراونەتەوە، نابێ وا دەستەوستان دانیشین و بێ بایەخ سەیریان بکەین، وەک (سامۆیل جۆنسۆن) دەڵێ : (هەموو سەرسوڕمانەکان کاریگەری تازەگەرییە، لەسەر نەزانی).
دیارە ئەم وتەیە، تەواو تەباو گونجاوە بۆ ئه و شوێنەوارانەی کە نەدۆزراونەتەوە، بەڵام کاتێ دەستی زانین پێیان دەگات و شاراوە و نەزانەکان، دەبنە جێی سەرسوڕمانی هەمووان، ئینجا ئاشنامان دەکات بەوەی نەمازانیوە.
ئەوەی تێبینی من و دەیان کەسە، لەسەر شوێنەوارەکان، بۆتە مایەی خەمێکی قوڵ و ناخ هەژێن، چونکە وەک پێویست مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەگرنگە نەکراوە، لەم هەرێمە بچووکەی ئێمەدا، ساڵانە چەندین کەس بەشی شوێنەوارناسی تەواو دەکەن و دەردەچن، جگە لەوەی چەندین ساڵە دامەزراندن بۆوەزارەتی تایبەتمەند و بەتایبەتی و هەموو سێکتەرەکانی تر، وەستاوە و کەس دانامەزرێت.
وەک ئاگاداریشین، چەندین ڕێکخراوو زانکۆی جیهانی باوەڕپێکراو، بەمەبەستی کنه و پشکنین، دێنە کوردستان و مۆڵەت وەردەگرن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان، ئەوە جێی دەست خۆشی و دڵخۆشیە، کە ئەوان بێن و مێژووی گەشی ئێمە بنەخشێنن، بەڵام له و تیم و گروپانەی به و کارانە هەڵدەستن، پلان و بەرنامەیەکی گونجاویان نیە، تا بەشێکی زۆر له و دەرچووانەی دانەمەزراون، لەگەڵ ئه و تیم و گروپانە دابنرێن و کاربکەن، پێویستە وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بەپلان کار لەسەر داواو خواستی ئه و کەسانە بکات، نەک ئەوانەی دامەزراون و فەرمانبەرن، یان بەهەرهۆیەک بێت، دەخرێنە ئه و لیژنه و تیمانە، دیارە سودێکی زانستی و ئەزمونی بۆیان هەیە، جگە لەوەی دەبێتە دەستکەوتێکی مای باش و بژێوی بۆ خۆیان و کەسوکاریان.
چونکە ئه و پلان و نەخشەی کارکردنانە، دەبێ ئاراستە کراوبن، بۆئەوەی سود وئامانج بەدی بێنن، هەربۆیە (ئەلفرێد مارشاڵ) دەڵێ : (هەموو کارەکان، ئاراستەکراون، بۆ ئەوەی هەندێک کاریگەری دروست بکەن).
لەلایەکی ترەوە پێویستە، ئه و کەسانە بەباشی ڕاهێنانیان پێبکرێت، بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئه و تیمانە، ناکرێ کەسانێک بن تەنها بۆکاری بەردەستی و ڕایی کردنی ئه و ئەرکانەی ئەوان گەرەکیانە، واباشە شارەزایی و ئەزمونیان هەبێت، تا ئەوانیش ڕاو بۆچونیان وەربگرن، یان دەبێت نوێنەری وەزارەت و مۆزەخانە لەگەڵ تیمەکان بێت، تا هەموو زانیاریەکان و نەهێنیەکانی ئه و شوێنەوارانە، تۆمار بکرێن و وەزارەتی لێ ئاگادار بکرێتەوە، لەوانەش گرنگتر، ڕێگری لە کاری فرۆشتن و بەقاچاخبردنی شوێنەوارەکان بکرێت، بەو هۆیەی کورد دوژمنی زۆرە، بۆ سڕینەوه و بەلاڕێدابردنی میژووەکەی، واباشە مامەڵەیەکی دۆستانە و مرۆڤانە بکرێت، گیانی بەرزی خۆشەویستی نیشتمان و مێژوومان بخرێتە سەروو، ئامانجی تایبەت.
(گیای لوبالین) دەڵێ: (هەندیکجار ڕونکردنەوە، دەکەیتە، قوربانی، بۆزیاد بوونی کاریگەری).
ئه و داوایانەی من بۆ لایەنی پەیوەندیدارن تەنها خەم و دڵسۆزییە، بۆ نیشتمان و مێژوون شوێنەوارەکان و ئه و کەسانەی ئه و بەشە گرنگە تەواو دەکەن و نەتوانراوە، سوودیان لێببینرێت. [1]