ناوی ئامادەکار: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
کۆتایی هاتنی داعش و 16 ی ئۆکتۆبەر خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بوو لە ژیانی کۆمپانیای نەوتی باکوور چونکە هەموو ئه و کێڵگە نەوتیانەی دوای حوزەیرانی 2014 لە دەستی دابوو هاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی و ڕەوتی بەرهەمهێنانی نەوت ئاسایی بوەوە. ئێستا دوای تێپەڕبوونی 3 ساڵ بەسەر ئاسایی بوونی دۆخەکەدا دەتوانین دۆخی نەوتی کەرکووک لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورت بکەینەوە:-
1- ڕۆژانە بڕی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز بە وردی ئاشکرا دەکرێت بە جۆرێک وێستگە بە وێستگە، کێڵگە بە کێڵگە دەخرێنە ڕوو.
2- ئاشکرا کردنی بڕی نەوتی هەناردە کراو بۆ پالاوگەکانی ناوخۆ چ بە بۆڕی چ بە تەنکەر.
3- تۆمارکردنی بڕی نەوتی هەناردە کراو بۆ دەرەوەی وڵات (تورکیا و ئوردون).
4- ڕۆژانە وەزارەتی نەوت لە تەواوی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت ئاگادار دەکرێتەوە ئەوانیش لە ڕێگەی خۆیانەوە مانگانە نووسراوی ڕەسمی بۆ لیژنەی وزەی پەرلەمانی عێراق دەنێرن.
5- تا ئێستا هیچ چاودێر و پەرلەمانتارێک نەیتوانیوە گلەیی و گازندە لە نادیاری بڕی بەرهەمهێنان بکات ئەویش لەبەر شەفافیەتی پرۆسەکە.
6- سەبارەت بە داهاتی ئه و نەوتە ئەوا ئەرکی کۆمپانیای سۆمۆیە کە ڕۆژانە نەوتەکە لە کۆمپانیای نەوتی باکوور وەدەگرێت و لە ڕیگەی گرێبەستی یاساییەوە بە وڵاتانی جیهانی دەفرۆشێت واتا داهاتەکەی زۆر شەفافە و کۆتایی هەموو مانگێک بە وردی لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاودەکرێتەوە.
7- کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە توانایاندایە نزیکەی (375)هەزار بەرمیل بەرهەم بێنن بەڵام ئه و ژمارەیە بە پێی پێویستی ڕۆژ ئەگۆڕێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا ڕەچاوی ڕێنماییە زانستی و ئەندازەییەکان دەکرێت بە جۆرێک گوشاری زیاد لە پێویست ناخرێتە سەر کێڵگەکان و لە توانایخۆیان زیاتر ماندوو ناکرێن کە لە ئایندەدا کاریگەری لەسەر تەمەنی کێڵگەکە دەبێت.
$بەرهەمە نەوتی و غازییەکان$
بەرهەمە نەوتییەکان:- بەشێکی زۆری نەوتی بەرهەم هاتوو بۆ دابینکردنی پێویستی ناوخۆ بۆ پاڵاوگەکان دەچێت بەم چەشنەی خوارەوە
1- پاڵاوگەی بێجی (80 هەزار بەرمیل)هەر چەندە هێشتا نەگەڕاوەتەوە دۆخی جارانی.
2- پاڵاوگەی خەبات:- لە دوای کاول بوونی پاڵاوگەی بێجی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دابین کردنی سووتەمەنی بۆ سنووری پارێزگای موسڵ گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای کار گروپ واژوو کرد کە به و پێیە ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بۆڕییەوە ڕەوانەی پاڵاوگەی خەبات دەکرێت، لە بەرامبەر پاڵاوتنی هەر بەرمیلێک نەوت 10 دۆلار وەربگرن بەڵام حاڵی حازر دوای نۆژەنکردنەوەی بەشێکی پاڵاوگەی بێجی ئه و بڕە کەمکراوەتەوه و نرخی پاڵاوتنیش دابەزیوە.
3- پاڵاوگەی بازیان:- ئەمانیش ڕۆژانە بە پێی هەمان گرێبەستی سەروو 38 هەزار بەرمیل نەوتیان لە ڕێگەی تەنکەرەوە بۆ دەچێت بۆ دابین کردنی سووتەمەنی بۆ سنووری شاری کەرکووک بەڵام ئێستا ئەم بڕِەش کەم کراوەتەوە.
4- پاڵاوگەی کەسک و حەدیسە و گەیارە ڕۆژانە هەریەکەیان تێکرا نزیکەی 10 هەزار بەرمیلیان بۆ دەچێت.
5- پاڵاوگەی #کەرکووک# لە توانای دایە تا 50 هەزار بەرمیل بپاڵێوێت بەڵام ئەم بڕەش بە گوێرەی ڕۆژ دەگۆڕێت.
ئەوەی دەمێنێتەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت بەم چەشنەی خوارەوە
1- بەندەری جەیهانی تورکی ڕۆژانە (50 - 110 هەزار) بەرمیل لە ڕێگەی بۆڕییەوە.
2- وڵاتی ئوردن 10هەزار بەرمیل لە ڕێگەی تەنکەرەوە.
$بەرهەمی غاز$
ڕۆژانە لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوتدا نزیکەی (400) ملیۆن پێ سێجا غازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) بەرهەمدەهێنرێت کە زۆربەی ڕەوانەی کۆمپانیای غازی باکوور دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی پێویستییە غازییەکانی ناوخۆ، بەشێکیشی بۆ پێویستییە هونەریەکانی نەوتی باکوور بەکاردەهێنرێت ئەوەی دەمێنێتەوە دەسووتێت. [1]