ناونیشان: باجی هەر بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراو لەڕێگەی تورکیاوە
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
لە سەردەمی حوکمی پاشایەتیەوە کاربەدەستانی حکومەتی عێراق هەوڵدەدەن جگە لە هێڵی سوریا ڕێڕەوێکی تر بۆ فرۆشتنی نەوتی کەرکووک بدۆزنەوە بەڵام هۆکارە سیاسیەکان ڕێگر بوون لە بەدیهێنانی ئه و ئامانجە , تا ئه و کاتەی بەعسیەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست و ڕێگایان لە بەردەم تەخت بوو. سەرەتا لە ساڵی 1972 نەوتی کەرکووکیان لە دەست ئینگلیزەکان دەرهێناو خۆماڵیان کرد , پاشان لە #26-12-1974# ڕێکەوتنامەی دامەزراندنی هێڵی عێراق –تورکیا لەنێوان هەردوو حکومەت دا ئیمزاکرا، لە7ی نیسانی 1975 دەستکرا بە کارکردن له و هێڵە لەلایەن کۆمپانیای (مانسمان)ی ئەڵمانیەوە، پرۆژەکەش بریتی بوو لەراکێشانی لوولەیەکی 40 ئینجی بەتوانای 750هەزار بەرمیل لەرۆژێکدا، ئەمە جگە لەدانانی چەند ویستگەیەکی پاڵنان (محطات چخ) لە هەردوو بەری عێراق وتورکیادا، لەگەڵ دانانی ویستگەیەکی ژماردن (محطە القیاسات Measurmg station) لە نزیک زاخۆ، درێژی هێڵەکە 985.3 کم لەوویستگەیIT1 کە دەکەوێتە دووری 26کم لە ڕۆژئاوای کەرکووکەوە دەست پێ دەکات، ماوەی 345کم ی پرۆژەکە دەکەوێتە ناوخاکی عێراقەوە واتە لەکەرکووکەوە تازاخۆ، 640.3 کیلۆمەتریشی دەکەوێتە خاکی تورکیاوە، هێلەکە بەتەریبی لەگەڵ هێڵی عێراقی سوری دەروات لە ڕووباری دجلە وزێی خاپوور دەپەرێتەوە دەچێتە خاکی تورکیاوە.
لەکانونی دووەمی 1977 کە محێدین مەعروف جێگری سەرۆک کۆماری ئەوسای عێراق پرۆژەی بۆری نەوتی عێراق تورکیای کردەوە، لەکاتی کردنەوەکە دا ئاهەنگێکی گەورە سازکرا کە سلێمان دیمریل سەرەک وەزیرانی ئەوسای تورکیاو ژمارەیەک وەزیری تری لەگەڵدا بوو، لەسەرەتای ئاهەنگەکە (تایە عەبدولکەریم) وەزیری نەوتی عێراقی وتی: ئەمڕۆ لەگەڵ میوانە ئازیزەکانمان لەدراوسێی دۆستمانەوە تورکیا کۆئەبینەوە.
لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی (وگن) کە لەتورکیا دەردەچێ ستایشی پرۆژەکەی کردو نووسیبوی عێراق پاش خەباتێکی دژوار دژی کۆمپانیا مۆنۆپۆڵەکان نەوتی خۆی خۆماڵی کردووه و ئه و ئاواتەی بەدی هێناوە کەگەلی عەرەب لەماوەی 50 ساڵ خەبات دژی مۆنۆپۆڵە بێگانەکاندا خەونی پێوە دەبینی.
لەساڵی 1986 هێڵەکە فراوانییەکی تری بەخۆوە دی ولوولەیەکی تری 46 ئینجی بۆ ڕاکێشرا, کە توانای هەناردنی هەردوو لوولەکە گەیشتە1.600.00 بەرمیلە لەرۆژێکدا.
لەبەری عێراقی هێڵەکە سێ ویستگەی پالنان(محگە الچخ) هەیە لەبەری تورکیاش سێ ویستگەی پاڵنانی سەرەکی هەیە ps3 (جەزیرە) ps4 , (ماردین)، ps-5 (غازی عەنتەب) دواجار دەگاتە بەندەری (جەیهان)ی تورکی لەناوچەی (ئەدەنە).
ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو سەردەمی زێرینی ئەم هێڵەبوو لە توانایدا بوو 1600000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەناردە بکات.
بێگومان عێراق بەرامبەر هەر بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراو بڕێک پارە باجی بە تورکیا دەدا، لە سەرەتادا ڕێک کەوتن بە (42) سەنت بەرامبەر هەر بەرمیلێک ئەگەر بڕی هەناردەکردن لە سەرووی (1,5) ملیۆن بەرمیل بێت، (75) سەنت ئەگەر بڕی هەناردەکردن لە خوار (750) هەزار بەرمیلەوە بێت. لەدوای ساڵی 2003 ئەم ڕێکەوتنە دەستکاری کراو بەم چەشنەی لێهات:-
(70) سەنت ئەگەر بڕی هەناردەکراو لە 400 هەزار بەرمیل زیاتر بێت، (112) سەنت ئەگەر بڕەکە لە 200 هەزار کەمتر بێت. [1]