دالی قەدم کە ئەلفی عەسای گرت بە دەستەوە
تیر و کەمانی سەیدی جەوانیم نەبەستەوە!
ئەی پەیکی ناڵە بێنی سەری زولفی بێنە چنگ
گەر خاکی پێی دەڵێی، هەموو دەم وا بە دەستەوە
گاوی فەلەک بە باری غەمی زگ دەنێتە عەرز
من چوومە ژێری بێ گلە بەم جیسمی خەستەوە
بۆ قەسری وەسفی ئەو مەهە میعماری فیکرەتم
وەستاوە کوللی لەحزە بە خۆی و کەرەستەوە
قوربان ڕەقیبی سەگ دەس و پێمی شکاندووە
چۆن بتگەمێ بە پێی شەل و دەستی شکەستەوە
ئەو نەوڕەسەی ئیجارەیی مسکێنەکان دەکا
حەججاجە، گەرچی سەییدە بەم خەرج و هەستەوە
تا سوبحی گەردەنی لە شەوی زولفی هەڵنەیێ
حاجی مەڵێ بە تالیعی نووستوو: هەڵستەوە! [1]
#دیوانی حاجی قادری کۆیی#
#حاجی قادری کۆیی#