ئومێدی وەسلی تۆم زانی نیشانەی بێنیشانی بوو
ئەوەی ئێمەی فریب دا ئیلتیفاتی سەر زوبانی بوو
لەسەر تووری ڕوخت مووسا کە فیرەعونی خەتی لا دا
لە سیڕڕی زاری تۆی پرسی جەوابی لەن تەرانی بوو
ئەگەر مووسا و دارا بی لە دنیا بەهرەوەر نابی
دەزانی مەنسەبی هەردوو شوانی و ئاشەوانی بوو
لە سایەی لێو و دندانی لەبەر چاوم نەما شانی
ئەگەر لەعلی یەمانی بوو، وەگەر ئەڵماسی کانی بوو
مەگەر بیستوویەتی خەتتت لەنێو چاهی زەنەخدانت
ئەسیری یووسفە بۆیە نزوولی کاروانی بوو
ئەوی تۆ هەتبوو، من نەمبوو قەرار و سەبر و عیززەت بوو
ئەوی من هەمبوو، تۆ نەتبوو: وەفا و میهرەبانی بوو
زەمانی حاڵ و سەرمایەی بەد و نیکت نەبوو سوودی
بە موستەقبەل بڵێ حاجی لە مازی دا زەمانی بوو [1]
#دیوانی حاجی قادری کۆیی#
#حاجی قادری کۆیی#