خوێندنەوەی ڕۆمانی بێدەنگیی شەوی بۆندار
#یوسف مەنتک#
دوای خوێندنەوەی ڕۆمانی (بێ دەنگی شەوی بۆندار) لە نووسینی ئەنوەر ئەڵمان و کاریگەریی بابەتەکە و فرەدەنگییەکانی، جێی سەرنج و بایەخم بوون کە هیوادارم توانیبێتم خشتێکم بۆ بینای بابەتەکە زیاد کردبێت.
من ناچمە سەر لایەنی هونەری و تەکنیک و فۆڕمی گێڕانەوەکان، بەڵکو ئەوە بۆ ڕەخنەگران و پسپۆڕانی بواری ئەدەب و هونەری گێڕانەوە بەجێدەهێڵم.
لە ڕووی تێماوە ڕۆمانەکە فرەدەنگ و فرەڕەنگە، ئەمەش بە بڕوای من، سروشتی پلۆت و بنیادی گێڕانەوەکە وای خواستووە، چونکە کاتێک واقیعێک لەناو ڕۆمانەکەدا دەخولقێنی، تێیدا لەڕووی نەتەوەییەوە کورد، عەرەب، فارس و جوو و ئاشووری و ئەرمەن بن و لەڕووی ئایینەوە ئیسلام، جوو، مەسیحی و ئایینی دیکە بن، ئەوا پێویستە ڕۆمانەکە فرەدەنگ و فرەڕەنگ بێت. فرەدەنگ بەو مانایەی دەبێت ئەو کەسەی دەیگێڕێتەوە لەناو ڕۆمانەکەدا دەرفەت و بوار بداتە هەریەک لەوانە لەڕووی نەتەوەیی و ئایینییەوە تا گوزارشت لە خۆیان بکەن.
فرەڕەنگە بەو مانایەی هەموو ئەمانە لە شوێنێک ژیاون کە پێیدەڵێن کوردستان، ئەو نیشتمانەی خودان مێژووی سەردەمەکانی میتانی و میدیایی و سۆمەری و ئاشووری و ساسانییە.
لەم ڕۆمانەدا هەموو ئەمانە پێکەوە نیشاندراون. پاشان بەهۆی سەپاندنی کەلتور و ئایینێکەوە، نەتەوە و ئایینیەکانی تر پەراوێز دەخرێن. چونکە لێرەدا ئایین دێت زۆر کەلتور و دابونەریت لە بەرژەوەندیی خۆی دروست دەکات و دەیانکات بە ڕێسا.
$من یەکەم کەس بووم$
ئەم ڕۆمانە بە پێشەکییەکی ڕۆماننووس (شێرزاد حەسەن)، دەستپێدەکات کە تێیدا ئاماژە بە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە دەکات. هەروەها لەوێدا ئەوە دەسەلمێنێت ئەم دەقە نۆڤلێتە، نەک ڕۆمان. ئەویش بە گەڕانەوە بۆ مێژووی نۆڤلێت لە ئەدەبی کوردیدا، بنەمایەک بۆ نووسینی دەق دادەنێت ئەویش بنەمای داهێنانە. ئەمە پنتێکی جەوهەرییە لەوەی لە ئەدەبی کوردیدا هەمیشە ئەو قسەیە باوە من یەکەم کەس بووم ئەوەم نووسیوە!
ئەم شەڕی یەکەم کەس بوونە، کەلتورێکی خراپی مێژووی ئەدەبی کوردییە، گرنگ ئەوەیە دەقەکە تا چەند داهێنانی تێدایە، تا چەند نوێیە و بەشدار دەبێت لە پێشخستنی ڕەوتی ئەدەبی کوردی. ئەم قسەیەی (شێرزاد حەسەن) ڕێک پڕ بە پێستی ئەم دەقەیە، چونکە ڕۆماننووس توانیویەتی زۆر جوان وێنە و تابلۆی کوردستان لە ڕووی پێکهاتە ئیتنی و ئاینییەکانەوە بکێشێت.
بۆ ئەمەش زۆر جوان سوودی لە مێژوو وەرگرتووە، بەڵام ڕۆماننووس مێژووی دووبارە نەکردۆتەوە، بەڵکو مێژوو و واقیعێکی تری خوڵقاندووە، کە هی ناو ڕۆمانەکەیە. بۆ نموونە کاتێک باسی (کەریمی عەلەکە) دەکات، وەک فیگەرێکی مێژوویی، کە پیاوێکی مەسیحی بووە و کراوەتە وەزیری دارایی لە حکومەتەکەی شێخ مەحمود-دا. ئەمەش هەوڵێکە بۆئەوەی ئەم خاکە، خاکی هەموان بووە. ئەم پیاوە کەسێکی ڕاستگۆ بووە، خەمی خەڵکی بووە و هەمیشە یارمەتیی هەژاران و برسی و کەسانی لێقەوماوی داوە، بەبێ ئەوەی لایەنی ئایین و نەتەوە بکاتە پێوەر، بەڵکو وێنەیەکی ڕاستەقینەی مرۆیی نیشانداوە و ڕۆچۆتە قووڵایی مێژووەوە و ئاماژە بە هەموو پێکهاتە و ئازارەکانیان دەکات.
کاراکتەرەکانی نێو ڕووداوەکانی ڕۆمان بە ڕاناوی کەسی یەکەم و سێهەمن، بوونی فلاش باگ و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، دەلالەتی ڕەسەنایەتی و خودان مێژووییە، بوونی کۆمەڵێک کۆد و سیمبۆل، لەنێو ئاخافتنی کاراکتەرەکان و شوێنە جیاوازەکان بابەتی ڕووداوەکانی بەهێزتر و لایەنی هونەریی جوانتر پیشان دەدەن.
$کۆچی بەردەوامی کورد$
هەندێک برین هەن لەناو کۆمەڵی کوردەواریدا کە ڕۆمانەکە تیشکی خستوونەتەسەر، بۆ نموونە (شادومان) خۆی هەڵدەدێرێت تەنیا بەهۆی ئەوەی لە ڕووی جەستەییەوە نێرەمووک بووە و لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگەوە ڕەتکراوەتەوە. ئەمەش بەهۆی کەلتورەوەیە. پیشاندانی ڕۆیشتن بە ڕیگەی قاچاغ بە بڕوای من، پیشاندانی کۆچی بەردەوامی کوردە بە درێژایی مێژوو، ئەویش بەهۆی داگیرکاریی لەلایەن نەتەوە و وڵاتانی زلهێز و دەوروبەرەوە.
دادگاییکردنی سەردار لە ئێران، شەڕی ئێران و عیراق، تام و بۆن لەدەستدانی زاگرۆس، هەڵدێرانی شادومان و مردنی هۆگر وەک قوربانییەکی کۆچ بەرەو تاراوگە، خۆپیشاندانەکانی شاری هەولێر لە 5/3/1983، دروستکردنی پاسپۆرتی ساختە و گۆڕینی ناو و شوناسی مەتی یوسف بۆ سەردار، خواردنی پۆستاڵ لە خەوندا بە خەیالی گیپە و کاریگەرییەکانی شەڕ بەسەر تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگە، خواردنی ناوساجی لە ڕێگەی قاچاخ، مانەوە لە کەمپ، کەسێتی ژنی لیسبە و مرۆڤی نێرەمووک، گرانی لە سەردەمی جەنگی ئێران و عیراق، قەرەباڵغی و تێکچڕژانی شەقامەکانی تاران و بێ سەروبەریی ڕێگەوبان و هاتوچۆ، بەراوردکردنی سەردەمێکی پێشتر وەک بەهەشت لە سەردەمی دوای خۆی و ڕووداوی ئۆتۆمبێل، فڕۆکەخانە، چوون بەرەو ئەوروپا، هەموو ئەمانە بەڵگەن بۆ پێکهاتە و واقیعی کۆمەڵگەی وڵاتانی ئیسلامی و هەرچوار پارچەی کوردستان بەهەموو پێکهاتەکانییەوە کە هەریەکەیان بۆخۆیان کۆد و سیمبولێکن، لە کۆمەلگەیەکدا کە شەڕ و ماڵوێرانی و کۆچ بۆتە کەلتوری زاڵی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییەکانی.
$لەسەر خاکی باب و باپیران$
نیشتمانێک بەتام و بۆی ئازار و ئەشکەنجەی هاووڵاتییەکانی بەدەستی داگیرکەرەکانییەوە، لەم وڵاتی وێرانەی داگیرکراوەدا کورد بوون چەندە زەحمەتە! مەسیحی و جولەکە و ئەرمەنی بوونیش هەروا زەحمەتە، مرۆڤ گەلێک لەسەر خاکی باب و باپیران، لەسەر خاکێک لەدایک بوو، خاوەنی ڕەگێکی قووڵی مێژوو و کەلتور، داب و نەریت، خاوەنی دەیان و سەدان بیرەوەری و بەسەرهات و داستان، بەهۆی سیاسەتی داگیرکارییەوە بەردەوام شەڕ و کوشتن و زیندان و چەوساندنەوەی خەڵکە ڕەسەنەکە، خەبات بۆ بچووکترین و سەرەتاییترین مافەکانی ژیان قەدەغەیە و زیندانەکان تەژین لە هاووڵاتییەکانی، بە هۆی سیاسەتی جیاکاری و نادادپەروەری، بەهۆی نەمانەوەی مانایەک، هیوایەک بۆ ژیان، ناچار بە کۆچکردن دەکرێن.
بە هۆی کوردستانی بوون و جیاوازیی ئاینی و مەزهەبی و ئیتنیکی و ڕەگەزییەوە، واتە لە هەموو کوردستان چۆن ژیان وەک کورد زەحمەتە و دۆزەخێکە بۆخۆی، بۆ کەمینەکانی دیکەش هەمان حیساب و کیتابە. بۆ دەرباز بوون لەم دۆزەخە، مرۆڤ بەداوی ڕێگەیەکدا وێڵە ئەویش کۆچکردنە.
ئەوەتا بابەتی ڕۆمانەکە پێمان دەڵێت هەرچی کوردستانی ڕەسەن هەیە، بیر لە دەرچەیەک، ڕێگەچارەیەک دەکاتەوە کۆچ بەرەو هەندەران بکات، بۆ دنیایەک و زەمینێکی تر بە هیوای ژیانێکی ئارامترو ئاسوودەتر.[1]