سەرۆکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
سڵاوێکی گەرم و ئەم کاتەتان باش.
برازای بەڕێز.. ماوەیەکە دەبینین هەندێ کەسی نەناسراو و بێ پێناس و ناسنامە، بەناوی ڕۆژنامەنووسەوە یاخود بەهۆکاری شادمانییان پەیوەندی تەلەفونییان لەگەڵتان ساز دەدەن و پێیان خۆشە زیندوو دەنگتان ببیستن، چونکە نەبووەتە نەریتێک لە کۆمەڵگەی کوردیدا، کە ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ سەرکردەدا بکەن، هەڵبەتە پۆزەتیڤە گوێیان لە دەنگ و هەست و سۆزتان ڕادێرن..
ئێوەش لە سۆنگەی خەمخۆریی و وەک میراتێکی مام و هێرۆ خان و خاکەڕایی خۆتان و بەتەنگەوەهاتنتان، ژمارەی تەلەفونتان چووەتە لای چەندەها کەس و وەڵامتان داونەتەوە، کە لە ئاکامدا بووەتە جێگای مشتومڕی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
هەڵبەتە ئەم وەڵامدانەوەیە بە مەبەست بووبێت یان لەپێناوی خزمەتگوزاریی و ئامێزی واڵای کۆمەکتان بۆ هەموو کوردێکی دڵسۆز و شایستە بەرفراوان کردووە هەڵوێستێکی باشە، کە ئەمەش دەتوانین بڵێین یەکەمجارە لەناو ئەم هەرێمەدا، هاوڵاتی دەنگی دەگاتە سەرۆکەکەی، بەڵکو باڵاترین کەسێتیی دەسەڵات و ئەمەش بێگومان مایەی خۆشحاڵییەکی زۆرە و هیوادارین ئەوانی دی هەروا بن (ئاگاداربە، خەڵک هۆشیارە و بە سیناریۆ ئەیبینێت).
بەڵام ئەم هەڵوێستە، چەندە کردەیەکی ئەرێنییە، لایەنە نێگەتیڤ و نەرێنییەکانی زۆرترن و جگە لە دڵخۆشبوونی کەسێتیی و خاوەن پەیوەندییەکان، هیچ ڕووبەر و پانتاییەکیان لێ سەوز نابێ و بگرە زۆر کاتتان لێ دەگرن و خەڵک فێری ئەوە ئەکەن، کە بەدوای دۆزینەوەی ژمارەی مۆبایلەکەت بن.
من وەکو چالاکوانێکی مەیدانی و دۆستی #مام جەلال# و #هێرۆ#خان و ڕێکخستنێکی دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێم باشە ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بچێتە قۆناغێکی درەوشاوەترەوە و لەڕێی ڕاوێژکار و بەڕێوەبەر و سکرتێری تایبتمەندەوە، ئەو پەیوەندییانە لەگەڵ هێڵێکی گەرم و کراوەی دیکەدا ساز بدرێن و هێڵی ئامادەی ئێستاتان دابخەن، تاوەکو لەو هێڵە گەرمەوە، دوای ئاشکراکردنی ناسنامەی هاوڵاتییان، لەڕێی نووسینگەوە دەستنیشان بکرێن و ئامادەسازییان بۆ بکرێت، تاوەکو دواتر پەیوەندییەکان وەربگرن، مەخابن ئەو بۆشاییە گەورەیە لە چواردەوری ئێوەدا هەیە و نووسینگەکەتان زۆرێکی لە خەباتگێڕ و دڵسۆزی ئەم خاکە و کادێری بەتوانا زوویر کردووە و یەکێتییان لە شەقام دابڕاندووە و لە 80٪ ی دەنگدەرانتانی لێ کەم کردوونەتەوە.
ئێوە کە حاکمی موتڵەقی ئەم دەڤەرەن، ناکرێت ئاگاتان لە موعاناتی ئەم خەڵکە قوڕبەسەر و فەرمانبەر و مامۆستا و…..هتد...نەبێت، ڕۆژانە سەدەها دەرچووی بێ هیوا لەناچاریدا وڵات جێدەهێڵن و سەری خۆیان هەڵدەگرن و بە ڕێگای هات و نەهاتدا بەرەو ئەوروپا دەڕۆن، چونکە هەلی کاریان نییە و بە بەرچاوی خۆیانەوە ئەبینن، کچ و کوڕی مەسئولەکان وەکو مەلیک ئەژین و هەر ساڵەی لە وڵاتێکن و ئوتومبیلی دواین مۆدێل لە ژێردانیانە و ڕۆژانەی کافتریا و خواردنیان لە سەد دۆلار کەمتر نیە.
ئەزانیت سەدەها خێزان هەڵدەوەشێنەوە بە هۆکاری نەبوونی و گوزەرانی خراپ و نەتوانینی بەخێوکردنی مناڵەکانیان، ساڵانە سەدەها کەس بە نەخۆشی دەمرن و پارەی دکتۆری بێویژدانیان پێ نییە بۆ چارەسەر و هۆکارەکەشی پەکخستنی کەرتی حکومی تەندروستییە.
ئێوە بەپێی ئەم تۆمارە دەنگییانە بێت، بۆ لەمەودوا دەرگاتان واڵاکردۆتەوە و پێویستە هاوڵاتییانیش لە دەرگاوە وەژوور بکەون، نەک لە پەنجەرەوە کە ئەمەش شتێکی گونجاو نییە (وەک ئەو تۆمارە دەنگیانەی بڵاوبووەوە لەگەڵ ئێوەدا) و هەرگیز نەبووە میوانەکان لە پەنجەرەوە بێنە ژوورەوە، تاوەکو پێشوازیی بکرێن، دڵتان گەورەتر بێت و سنگتان فراونتر و خۆتان بە هاوڕێ و دۆستی هەمووان بزانن، بەڵام وەکو پێشنیارێکی دۆستانە، ئێمەش پێمان باشترە هەموو ئەو پەیوەندییە ڕاستەوخۆیانە بە ئەتەکێتی هەنگاو بە هەنگاودا بپەڕنەوە و ئامادەسازییان بۆ بکرێت، تاوەکو دوای فلتەری دیپلۆماسیی بگەنە لاتان و دەنگی هاوڵاتییان زیندوو بگەنە لاتان، کە ئەوەش مەبەستە شیاوەکەی ئێوەیە، پاشان پێداچونەوەیەک بە هەموو نەکتەبەکانی یەکێتیدا بکەن و هەموو ئەو ڕۆتینیانە بێ مانایانە کەم بکەنەوە، کە کەس تاقەتی نییە ڕوویان تێ بکات.
لە کۆتایدا ئەڵێم …خەڵک گلەیی لە نوسینگەی هەموو بەرپرسەکان هەیە، بە تایبەت نووسینگەی خۆت. [1]
#نەورۆز مانگر#
#12-09-2022#