ئەگەر خاڵت بڵێم میشکی خەتایە
عەزیزی من ئەمەم عەینی خەتایە
لە بەر نەوخێزی سەبزەی دەوری لێوت
تەنم کاهیدە میسلی بەرگی کایە
دەڵێن عەنناب و شەککەر چاکە بۆ دەرد
گوڵاوی لێوی تۆ بۆ من شیفایە
تەبیبم هاتە بالینم وەهای گوت:
درێغا دەردی عیشقە، بێ دەوایە
ئەگەر کوفرە بڵێم من موبتەلاتم
وەرە سا بمکوژە بیللا غەزایە
ئەوە خاڵە لە سەر گۆنای شەریفت
وە یاخود دانەیی داوی بەڵایە
خەمیدە قامەتی داوی خەمی تۆم
ئەمەندەی ڕاستە حاجی بێ ڕیایە [1]
#دیوانی حاجی قادری کۆیی#
#حاجی قادری کۆیی#