سینی سەر حازرەکی
نوسینی: #شێرزاد شێخانی#
کابرایەک ملیۆنێر بوو، ڕۆژەکیان ڕۆژنامەنووسەک چووە لای و موقابەلەی لەگەر کرد.
یەکەم پرسیاری ئەوە بوو، چۆن بووی بە ملیۆنەر؟
کابراش گۆتی: گەنج بووم، بێ ئیش بووم نانی ئیلاهیم نەبوو، قۆندرەکەم لاستیق بوو بۆنی ڕۆژە ڕێیەک دەڕۆشت، فکرم کردەوە دەست بەئیش بکەم، دەستم لۆ گیرفانم برد تەنها یەک دۆلاری تێدابوو، چووم بەو دۆلارە یەک کیلۆ سێوم کڕی و هینامە ماڵەوە جوان جوان شووشتم و پاکم کردەوەو بردمە بازاڕ و لەوێ بە دوو دۆلار فرۆشتم، ئەوجا بەو دوو دۆلارە چووم دوو کیلۆ سێوم کڕی، هینامە ماڵەوە جوان جوان شووشتمنەوە، لەودەمە لەدەرگا درا، کە چووم دەبینم محامییەک هاتیە و پێمدەرێ: مامت ئەمری خوای کردیە و میراتی دوو ملیۆن دۆلاری لۆ بەجێ هێشتی، بەوەش بوومە ملیۆنێر!!
لەوەتی ئەو کوردە هەیە وەکی ئەو کوڕە خەریکی سێو پاککردنەوەیە، هەشتا سارە لەشاخ و داخ و شارو زینداندا خەباتی کردووە، دەیان هەزار شەهیدی داوە، هەزارانیشیان لەکونجی زیندانەکان تەعزیب دراینە. دەیان شانۆگەری و گۆرانی و سروودی نیشتمانیان بەسەر پێشمەرگەدا هەڵداوە، سەتان و هەزاران گوندیان وێرانکرایە، بە درێژایی تەمەنیان لەخەبات و تێکۆشان بوونە لەدژی دەسەڵاتی ستەمکار، ئەخیرەن سوپای ئەمریکا هات و بە هەشت ڕۆژ سەدامی ڕووخاند و دەسەڵاتی لەسەر سفرەیەکی حازری دایە دەست حزبەکانی ئەوديو سنوور!!.
دەیان سار جاشایەتی و بەعسیبوونی کوردمان سووک و ڕسواکرد، دەیان پێشمەرگەی شار و شاخ بە دەستیان شەهیدبوون، بە دە ڕۆژ دوای ڕاپەڕین هەموویان گەڕانەوە ناو حزبە کوردییەکان و بوونە نەجمە لەشان و مەسئوولی ئەو پێشمەرگانەی کاتی خۆی شەڕیان لەدژیان دەکرد!!.
دەیان سار ئەو میللەتە لەبرسییەتی و نەهامەتی و ئابڵۆقەی ئابووری و نەبوونی و هەژاری جلکوبەرگی خۆیان و پێخەفی مندارەکانیان لەدەرارخانەکان دەفرۆشت لۆ پارووە نانەکی، ئێستا کوڕە مەسئوولەکان ئەوانەی لەبەهەشتی ئەوروپا گەڕانەوە، ساحێبی کۆمپانیا و پاڵاوگە و سیکوێرتی و فێلا و شوققەکانن و شەق لەدەفتەر دۆلار دەدەن! ئەوجا تێریش نابن!!.
تەلەبەکانمان سارانەکی دوور و درێژ لەبەر ڕۆناکی فانوس و چرا و هەندەک جاریش لەبەر عاموودی کارەبای کۆڵانان دەرسەکانیان دەخیند و دەبوونە مامۆستا و دختۆر و موهەندیس، ئێستا مندارەکانی بەردەرکی سینەمای جاران شەقیان تێهەڵدەدەن و دەبنە مودیر عامیان!!.
جاران هونەرمەند بە شان و شەوکەت بوو، دەیان سار شەونخوونی دەکرد تا بەرهەمەکی جوان و بە پێز پێشکەش بە میللەتەکەی بکا، ئێستا عەسڕ عەسڕی بێگەڵاسی و دەنگە نەشازەکانی کچە مەلهاکانە هاتینە سەر سفرەی هونەری!!.
زانای کۆمەڵناسی گەورەی ئیسلام ئیبن خەلدون دەفەرموێ: کاتەکی دەوڵەت بەرەو ڕووخان دەچێ، کەسانی هەلپەرست و درۆزن و هیچ و پووچ و گۆرانیبێژی نەشاز و نووسەر و شاعیری دەربار لەناو کۆمەڵگەدا زۆر دەبن، لەودەمەشدا دەم و چاوی چڵکن و گوماناوی دەردەکەون و دەم و چاوە جوانەکان بزر دەبن، ئیدی خەونی میللەتانیش زییندە بەچاڵ دەکرێ و خەرکی ڕەسەن هەست بە غوربەت و وەحشەت دەکا، تێگەیشتن؟؟ باقی وەلسەلام..[1]