بۆچی پێی ئەوترێت حەوزە وشکەکە
ئامادەکردن: #داناز عەبدولڕەحمان بابان#
حەوزە وشکەکەی شاری #سلێمانی# یەکێکە لە بازاڕە بچکۆلانە و سەرەنجڕاکێشە کۆنەکانی شار، دەکەوێتە چەقی شارەوە لە خوارووی بەلەدێیەکە شارەوەیە لەنێوان قەیسەری نەقیب و سەروو بازاڕی نەورۆزەوەیە، واتا لای قەیسەری عوسمان پاشاوە، بازاڕێکی قەرەباڵخە هەمیشە پڕ خەڵکە و جمەی دێت.
ئەم حەوزە لەکۆندا یەکێک بوو لە حەوزە جوانەکانی شارەوانی. ئاوێکی سازگار و دڵڕفێنی زۆر سارد هەبوو، لەسەرەتای ساڵانی (1919-1920) بە فەرمانی #مێجەر سۆن# درووستکرا.
$کێ حەوزە وشکەکەی درووستکرد؟$
کە ئەو کات مێجەر سۆن ئەفسەری سیاسیی سوپای بەریتانیا بوو، دواتر بوو بە حاکمی گشتی شاری سلێمانی.
دەسەڵات و فەرمانڕەوایی زۆر لە سلێمانی و دەرووبەری دەبێت و کار وپڕۆژەی و باش و گەورە بۆ سلێمانی دەکات، بەتایبەتیی لە بوارەکانی کارگێڕی و ئەدەبی و ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەریدا.
یەکێک لە کارە هەرە باش و مێژووییەکانی مێجەرسۆن، ئەوەبوو یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە کوردستاندا بە چاپ گەیاندوو و یەکەم چاپخانەی هێنایە سلێمانی.
کە ئەمە بوو بە وەرچەرخانێکی گرنگی مێژووی و ئەدەبی وڕۆشنبیری بۆ سلێمانی و سەرجەم کوردستانی گەورە.
شانبەشانی ئەوەش گرنگییەکی باشی بە خزمەتکردنی ئەو شارە و شارەوانی داوە.
کێ هاوکار بوو بۆ درووستکردنی ئەم حەوزە.
ئەو کات سەرۆکی شارەوانی سلێمانی (عەبدوڵڵا بەگی حاجی حسێن ئەفەنی محەمەد ئاغا) دەبێت.
خەڵکی شار و دووکاندارەکانی ئەو گوزەرە و دەوروبەری داوای لێدەکەن کە حەوزێکیان بۆ درووست بکات. ئەویش ئەبینێت کە خەڵکانێکی زۆر لە دەوروبەری شار و لە لادێیە دوورە دەستەکانەوە دێنە شار، بۆ ساغکردنەوەی شتومەک و کاڵاکانیان و ئاوپێدانی وەڵاغ و مەڕ و ماڵاتەکانیان. شوێنێکی لەبار و گونجاو دڵبەرانە بوو بۆ پشوودانی ڕێبواران، کە چواردەوری حەوزەکە ئەوکات پڕ دار و سەوزایی بوو
بۆیە ڕێبواران دێنە ئەو شوێنەی کە حەوزە وشکەکەی ئێستا، لە نزیک دارە گەورەکان و دوکانەکاندا و لە چایخانەکەی وەستا نوعمان دادەنیشن و پشوو دەدەن.
ئیتر فەرمان دەگەیەنێت بە مێجەرسۆن بۆ ڕاپەڕاندنی کار وپڕۆژەکەیەک لەو جۆرە.
ئیتر مێجەر سۆن بڕیار دەدات حەوزێکی جوان درووست بکات بۆ پشودانی کاسبکاران و ڕێبواران. هەتا لەدەوری پشوو بدەن و شتومەک و کاڵاکانیان لەوێ ساغ بکەنەوە.
ئیتر وردەوردە خەڵکی موڵک لەو شوێنە دەکڕن و دوکان درووست دەکەن و زیاتر ئاوەدانی دەکەنەوە و لەوێ کۆدەبنەوە و دەمێنەوە و نیشتەجێ دەبن لە دەوروبەری حەوزەکە.
بۆیە مێجەر سۆن یەکسەر پەیوەندی بە سەرۆکی شارەوانی دەکات، ئەویش بە دوو ڕووناکبیر و کەسایەتی ناوبانگی شار ڕادەسپێرێت و فەرمانیان پێدەکات کە بە زووترین کات حەوزێکی جوان و سەرەنجڕاکێش لە ناوەڕاستی شار درووستبکەن.
ئەوانیش ئەندازیار (مستەفا سائیب و مەحمود جەودەت) .
لە دوای وتووێژێکی زۆر ئەم دوو ڕۆشنبیرە بڕیار دەدەن، لە حەوزێکی زۆر جوان لە شێوە و شێوازی حەوزێکی عوسمانی لە ناوەڕاستی شار درووستبکەن.
ئەندازیار مستەفا سائیب نەخشەیەکی جوان بۆ درووستکردنی حەوزەکە دەکێشێت و مەحمود جەودەتیش دەبێتە خاڵی ڕایەڵی وتووێژ لەنێوان سەرۆکی شارەوانی و مێجەر سۆن و سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکات، بۆیە مێجەر سۆن نەخشەکە دەبینێت زۆر سەرسام دەبێت و دەستبەجێ بڕی تێچووی پارەکە دەخاتە ئەستۆی خۆی و شارەوانی.
ئەوانیش بەشێوەیەکی ئەندازەی ڕێک وپێک حەوزەکە درووست دەکەن، بەبۆڕی ئاو لە گەڕەکی شێخانەوە لە کارێزەکەی ئەحمەد زەنگەنەوە دەهێنن بۆ حەوزەکە. ئیتر ئەو حەوزە ئاوێکی زۆرزۆری دەبێت و دەبێتە سمبوڵێکی جوان و ناونیشانێکی شار، کە تا ماوەیەکی زۆر بە حەوزەکەی مێجەر سۆن و شارەوانی بانگ دەکرا.
ئەم حەوزە بوو بە خزمەتێکی زۆر بۆ ڕێبواران و دانیشتووان و کاسبکارانی گوزەرەکە دەکات.
$بۆچی پێی دەڵێن حەوزە وشکەکە.$
نزیکەی چل بۆ پەنجا ساڵ ئەم حەوزە ئاوی لێدێت و خەڵکی بەکاری دەهێنا و دواتر وردەوردە وشکی کرد و دواتر لە شوێنی حەوزەکە هەندێ دووکان درووستکرا و ئیتر حەوزەکە بە تەنیا ناوی مایەوە و بوو بە حەوزە وشکەکە.
$تێبینی:$ وێنەکە ساڵی 1921ی زاینییە. [1]