بابەت: یاداشت
نووسین: هۆمەر محەمەد
$جێنۆسایدی بارزانییەکان چیرۆکی ئەو پیاوەی بارزانی نەبوو$
تاوانی جێنۆساید جگەلە کوشتارە مەترسیدارەکەی چیرۆکی سەرسوڕهێنەرو شۆک هێنەر دەخوڵقێنێ، زۆرجار چیرۆکە گرنگەکان لەناو وێنەگەورەکەدا ون دەبن و ناچنە مێژووەوە.
دوێنێ ڕوفاتی 100 پیاوی بارزانی کە 39 ساڵە بێ سەروشوێنن لەبیابانەوە هێنرانەوە، خۆزگە دەخوازم یەکێک لەوانە ڕوفاتی خۆشابە یوحەنا بێت، کە بارزانی نەبوو. جگەلە کوردبوون و داکۆکی لەنەریتی کۆمەڵایەتی هیچ تاوانێکی نەبوو، هەموو تاوانی ئەو پیاوە ئەوەبوو جامادانێی سوری لەسەر بەستبوو. ئەگەرچی ئەو پیاوە بارزانیانەی بەکۆمەڵ کوژران هیچ دەسەڵاتێکیان لە شەڕوئاشتی نێوان دەوڵەت وحزبی کوردیدا نەبوو، ئەوان بەگشتی هەژاری ماڵی خۆیان بوون و بەعس ستەمێکی گەورەی لێکردن. ئەوە ئەگەر بۆ بارزانییەکان بەعس پاساوێکی هەبووبێ بۆ خۆشابە یوحەنا هیچ پاساوێکی نەبوو بەڵکو نیشانەیەکی زەقی شۆڤێنیزمی بەعس و دڕندایەتی پیاوان و سەرکردایەتیەکەیەتی.
چیرۆکی خۆشابە چییە ؟
چیرۆکی خانەوادەی (خۆشابە یوحەنا) زۆر ئازاربەخش و مایەی تێڕامانە، هەتا ئەوپەری ستەمکاری و مرۆڤ هەژێنە، گلیانا کوڕی خۆشابە یوحەنا کوردێکی بە ئاین مەسیحیە دەڵێت: (رۆژانی سەری ساڵ و جەژنان بۆ ئێمە پرسەن) باوکی گلیانا بارزانی نەبوو، خەڵکی گوندی بێدیال بوو، تاوانی ئەو پیاوە مەسیحیە تەنها ئەوە بوو کەوا وەک داب ونەریتی کۆمەڵایەتی جامادانێی سوری لەسەربەستبوو. کاتێک پیاوانی ئەمن و گاردی کۆماری بەمەبەستی گرتنی پیاوە بارزانییەکان گەمارۆی شاری دیانا دەدەن باوکی گلیاناو چەند کەسێکی دی کە بەهۆی دابونەریتەوە جامەدانێی سوریان لەسەر ناوە گرتوویانن. بەڵام ئەفسەرێک کە زانیبووی ئەو پیاوانە بارزانی نین و مەسیحین پێیان دەڵێت: جامادانێکانتان لەسەرتان فرێبدەن.. ئەوانیش دەڵێن چۆن فرێی دەدەین ئەوە داب و نەریتە ؟ ئەفسەرەکەش تورەدەبێ و دەڵێت: مادام وایە سەرکەوون، ئەوانیش سواری ئەو پاسانە دەکەن کە بۆ گواستنەوەی بارزانییەکان ئامادەکرابوون، ئیدی هەر ئەو گرتنە بوو ڕۆیشتن و جارێکی تر نەگەرانەوە.
گلیانا ئاماژە بەوەش دەکات و دەڵێت لەپاشئەوە دایکی من هەمیشە دەگریاو دەپارایەوە هەتا ڕۆژێک دەماری سەری تەقی و خوشکێکیشم (بەناوی نەهرێن) ئەوەندە بۆ بابی من پەرێشان بوو هەتا توشی نەخۆشی دەرونی بوو دواجاریش بەتەواوی بەتەواوی تێکچوو.
بەهیوام لەو 100 ڕوفاتە یەکێکیان خوشابە یوحەننا بووبێت.
[1]