ڕۆستەمی مازەندەران ئەو وەقتە دەستی بردەوە
هاتە ڕێی دێوی سپی، ئازانە دەستی کردەوە
هەروەکوو شارانی تر کەس ئاشنای کۆیێ نەبوو
شوهرەتی ئەبیاتی من خەڵکی لە سەر کۆ کردەوە
هەر کەسێکی دایە بەر شەق زاڵی دونیایی دەنی
گۆی لە مەیدانی جەوانمەردانی عوقبا بردەوە
ئەم هەموو زوڵمەی ڕەقیب کردی لە ئاخر، دڵبەرم
ماڵی ئاوا بێ بە ماچی لێوی تۆڵەی کردەوە
داستانی هیجری من شەرحی بە نووسین ناکرێ
پێت دەڵێم چۆنە ئەگەر چاوم بە چاوت کەوتەوە
ئاهی من سوورە، چیا وەک لۆکە هەللاجی دەکا
عوقدەیی زولفی گرێی موویینە با نایکاتەوە
هەر کە بیستم پێم دەڵێ: حاجی سەگی دەرگانەمە
من لە ترسی گورگی بەدکارم کەری خۆم بەستەوە [1]
#دیوانی حاجی قادری کۆیی#
#حاجی قادری کۆیی#