ناونیشان: گرێبەستیە نەوتیەکانی هەرێم مشتەی ناو هەمانەکەن
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
لە گەرمەی واژۆکردنی گرێبەستیە نەوتیەکانی نێوان هەرێم و کۆمپانیا بیانییەکان لە نێوان ساڵانی 2010-2012 حوسێن شەهرستانی وەزیری نەوتی ئەوسای عێراق لە سەردانێکیدا بۆ کۆمپانیای نەوتی باکوور وتی (میدیا کوردییەکان بەوە تاوانبارم دەکەن کە دژایەتی گەلی کورد دەکەم بەڵام دڵنیابن کە من گەلی کوردم خۆش ئەوێت بەڵام دژی ئه و گرێبەستانەی حکومەتی هەرێمی کوردستانم کە زیان بە عێراق دەگەیەنێت، لە ئایندەشدا کورد پێوەی گیرۆدە دەبێت).
هەموو ئه و نەهامەتیانەی بە ڕوخساری هەرێمەوە دەیبینین دەگەرێتەوە بۆ خراپی جۆری گرێبەستە نەوتیەکان کە لە جۆری(گرێبەستی هاوبەش – عقد الشراکة)ن. بەپێی ئەم جۆرە گرێبەستە نزیکەی نیوەی داهاتی نەوت دەچێتە گیرفانی کۆمپانیا نەوتییەکانەوە ئەمەش لە ئەنجامی بێ ئەزموونی و نەخوێندەواری کاربەدەستانی هەرێم لە بواری ئیدارەدانی پرۆسەی نەوتدا، ئەمە وێرای ئه و گەندەڵیە بەرفراوانەی لە نیوەکەی حکومەتی هەرێمدا ئەنجام دەدرێت. بەرێوەبەرانی پرۆسەی نەوت لە هەرێمدا تەنها ڕەچاوی بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی یان تێدا کردوه و هیچ حیسابێکیان بۆ بەرژەوەندی هەرێمەکە نەکردوە، نەیان زانیوە گریبەستی هاوبەش لە کەی و لە کوێ ئەنجام دەدرێت، نەیان دەزانی گرێبەستی هاوبەش بۆ کێڵگەیەکی نەوتییە کە بکەوێتە شوێنێکی دوورە دەست یان لەناو دەریادا بێت یا ئەوەتا هیچ زانیارییەکی پێشوەخت لە بارەیەوە نەبێت. نازانم چ حیکمەتێک هەیە لە گرێبەستی هاوبەش بۆ کێڵکەی نەوتی تەق تەق کە 3 بیری لە لایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە تیادا هەڵکەنراوە و زانیاری تەواو لە سەر ڕوبەروو بڕی یەدەگەکەی تۆمار کراوە، هەمان شت بۆ کێڵگەی خورماڵە کە هیچ نهێنیەکی شاراوەی تێدا نەماوە و تا قوڵی 1750 مەتر هەموو زانیارییەکی لە بەردەستدایە، کۆمپانیای نەوتی باکوور 64 بیری تیادا هەڵکەندووە و لە بەرنامەیدا بوو پەڕەی پێبدات و بەرهەمەکەی بگەیەنێتە 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژیکدا، هەمان قسەمان هەیە بۆ کێڵگەی (تاوکی و شێخان).
چاکتر وابوو ئەم کێڵگانە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکووردا ئیدارەیان بدایە نەک بدرایەتە دەست کۆمپانیا بیانییەکان یان کۆمپانیا حیزبییەکان، چ پێویستی ئەکرد کۆمپانیا بیانی و حیزبییەکان بکرێنە برابەشی حکومەت و 50% قازانج بخەنە تەنگەی باخەڵیانەوە، ئەمە لە کاتێکدا گرێبەستەکانی حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان لە جۆری (گرێبەستی خزمەت -عقد الخدمە)ن و بەڕێژەی 88% و 12% قازانجەکان دابەش دەکەن کە هێشتا زۆر لە شارەزایانی نەوت ڕەخنە لە ڕێژەی 12% دەگرن و بە زۆری دەزانن بۆ کۆمپانیا بیانییەکان.
ئەگەر کاربەدەستانی هەرێم لە سەرەتاوە هەماهەنگیان لەگەڵ بەغدا بکردایە و بە سووک سەیریان نەکردبایە نە پەیوەندییەکانی هەردوولا تێک دەچوون نە بودجەی خەڵکی کوردستان دەبڕدرا نە دەگەیشتە ئه و ڕادەیەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئیعلانی شکستی ئه و حکومەتە بکات کە خوێنی هەزاران کوڕ و کاڵی ئەم گەلەی بۆ شاباش کراوە. [1]