ناونیشان: ئایا عێراق دەبێتە وڵاتێکی هەناردەکاری غاز؟
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
سیستەمی هەناردەکردنی غاز لەگەڵ نەوت دا جیاوازی زۆریان هەیە، هەر وڵاتێک بیەوێت غاز هەناردەی دەرەوە بکات پێویستە ئەم مەرجە سەرەکیانەی تێدا بێت:-
1- بڕی غازی بەرهەم هاتوو لە دوای دابینکردنی پێویستییەکانی ناوخۆ ئەوەندە بێت کە بەشی هەناردەکردنی بەردەوام بکات.
2- دامەزراندنی تۆڕێکی بۆڕی لە ناو وڵاتدا کە غازی هەموو کێڵگەکان کۆبکاتەوە.
3- ڕاکێشانی بۆڕی بۆ ئه و وڵاتەی غازی بۆ هەناردە دەکرێت کە تێچووەکەی بە چەندین ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
4- بوونی سیستەمێکی هەڵگرتن (نظام خزن)ی گەورە کە هەر کاتێک کێشەی تەکنیکی لە بەرهەمهێنانی غاز دروست بوو هەناردە کردن نەوەستێت، واتە بوونی ژێرخانێکی پێشکەوتوو.
ئەگەر بروانینە باری وڵاتی عێراق دەبینین لە حاڵی حازردا هیچ کام له و مەرجانەی تێدا نییە چونکە ئه و بڕە غازەی بەرهەم دەهێنرێت دوای دابینکردنی غازی ماڵان و بەرهەم هێنانی وزەی کارەبا و پیشەسازییە پتڕۆ کیمیاوییەکان و تەواوی پیشەسازییەکانی تر ئەوەندەی لێ نامێنێتەوە کە هەناردەی دەرەوە بکرێت تەنانەت هێشتا چەندین وێستگەی بەرهەم هێنانی کارەبا هەیە لە بێ غازیدا بە نەوتی خاو کار دەکات بە جۆرێک هێشتا بۆ کار پێکردنی هەندێک وێستگەکانی کارەبا غاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت. ئەوەی ساڵی پار لە باشووری عێراق ئەنجام درا لە فرۆشتنی چەند تانکەرێک لە غازی شل و کۆندینسات بەدەرەوە ناچێتە چوارچێوەی هەناردەکردنی غازەوە.
زۆربەی غازی بەرهەم هاتووی عێراق سەرچاوەکەی دەگەرێتەوە بۆ غازی هاوەڵ (الغاز المصاحب)کە لە نەوتەوە دەردەهێنرێت بەڵام بڕی غازی ئازاد (الغاز الحر) کەمە.
عێراق بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی هەناردەکاری غاز پێویستە زیاتر بە دوای کێڵگەکانی غازدا بگەرێت لە بیابانی ڕۆژئاوا و چیاکانی کوردستان پاشان لە ڕێگەی بۆرییەوە باکوور بە باشوور، ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاواوە ببەسترێت ئەمە وێرای بایەخدان و پێشحستنی ژێر خانی وێستگەکانی غاز.
بەڵام بە ڕای خۆم عێراق لە جیاتی ئەوەی غاز هەناردەی دەرەوە بکات چاکتر وایە پەرە بە پیشەسازیە پترۆ کیمیاوییەکان بدات کە غاز کەرەستەی خاوی سەرەکییەتی کە سەرەنجام بەروبوومێکی زۆری غازی لێ دێتە بەرهەم کە دەتوانرێت بە دەرەوە بفرۆشرێت هەروەک ئەزموونی وڵاتی سعودیە کە تەنیا لە ساڵی 2020 دا 130 ملیۆن تەن بەروبومە غازییەکانیان فرۆشتووە و داهاتەکەشی خۆی لەدەیان ملیار دۆلار دەدات کە ئەم ڕێگایە چاکترە لەوەی غازەکە بە خاوی بفرۆشرێت.
بە کورتی بەم ژێرخانەی ئێستای پیشەسازی نەوت و ئه و بڕە غازەی بەرهەم دەهێنرێت ئەستەمە عێراق بەم نزیکانە ببێتە وڵاتیکی هەناردەکاری غاز. [1]