هۆمەری دزەیی: ئەو هەموو دیمەنە کۆنانەی کە وەک فۆتۆگرافی ڕەش و سپی لە بنەبانی مێشک و قووڵایی ناخمدا جێگیر بوون
پێشان بنەماڵەی ئێمە، کە خێڵەکی بووین، سروشتانە جگە لە زەویوزارێکی زۆری کشتوکاڵی لە گوندەکانی دەشتی هەولێر و دەشتی کەندێناوە، مەڕ و ماڵات و گاگەلێکی زۆریشمان هەبوو. ئەمن کە لە ساڵانی چلەکاندا لە قوتابخانەی سەرەتایی هەولێر دەمخوێند و لە کاتی پشووی بەهاراندا لەگەڵ برا لەخۆم گەورەترەکانم دەگەڕاینەوە بۆ لادێ، خەنیی خۆشیم بوو، کە سەردانێکی ئەو شوانکارانەی خۆمانمان دەکرد. ئەو زەمانە وا باو بوو، کە شوانکارە گەرمیان و کوێستان بە مەڕ و ماڵاتەکانیان بکەن، جا بەپێی لەوەڕ. ئەوانەی ئێمەش هەندێ بەهاران بنەگەیان لە هەرد و تەلانەکانی گوندەکانی ماڵە خاڵانم، شێخەکانی بنەماڵەی شێخ مارفی بەرزنجی، لە وڵاتی کۆیە لێ دادەکوتا و هەندێ بەهاریش ڕوویان دەکردە دەشتی قەراج، کە لەوێ هۆبەی دزەییان تێکەڵ دەبوو بە هۆبەی جۆرەها ئێل و خێڵاتی تری کوردی ڕەوەند و هەندێ عێل و عوربانی عارەبانیش. ئێستاش، کە بیر لەو سەردەمە دەکەمەوە، یەکسەر تامی بەربەسێری، کە لە هەندێ ناوچەدا قوڕاوی پێ دەڵێن و ناسکەنان و ماست و پەنیر و لۆر و فرۆ و دۆی بن ڕەشماڵی هەینێکە، ناو زارم پڕ دەکەنەوە لە ئاو.
هێشتا منداڵ بووم، بەڵام هەر لە هەینێکەوە دیمەنی سروشت و ژیانی ڕوستیکاڵی سادە و ساکاری لادێ، کارێکی زۆری دەکردە سەر هەست و بیرکردنەوەم. بە تەمەنی هەنگینێم، نەمدەزانی چۆن ئەو هەستە غەریبە کەڵەکەبووەی ناو بیرکردنەوەم هەڵڕێژم، بەڵام حەفتا ساڵێک دواتر، بەڵێ بەڵێ حەفتا ساڵ، ئەو هەموو دیمەنە کۆنانەی، کە وەک فۆتۆگرافی (رەشبەڵەک = ڕەش و سپی) لە بنەبانی مێشک و قووڵایی ناخمدا جێگیر بووبوون، وەک شریتی فیلمی سینەمایی دەهاتنەوە بەر چاو. جا بەم تەمەنەم، توانیم هەستە غەریبەکەی ئەوساکەم، لە شێوەی ئەم پارچە هەڵبەستە دەربڕم:
ژیانی لادێ و شوانکارەیی لە کوردەواریی جاراندا
چەند جوانە ڕێچکەی مانگایان
کە ئێواران بۆ ئاوایی
شۆڕ دەبنەوە لەقەد چیایان
چەند خۆشە سەگوەڕی شەوان
کە دێتە گوێی چاو لەخەوان
هی کەڵەبابی دوورە ماڵ
کە دەخوێنێ و لێک دەدا باڵ
یان مریشکی کووچە و کۆڵان
چەندە جوان دەکەن پێکۆڵان
چەند جوانە لەبەر هەوری تار
کوڵکەری دەو چۆم و ڕووبار
بە هەڵەداوان دەبەزن
بۆ ژێر کەپر و بۆ پەنا دار
چەند خۆشە گرمەی گەواران
دوا بەدوای تیشکی برووسک و
کەمێک پێشی ڕێژنەی باران
چەند خۆشە تۆزی ئێواران
کە مەڕ و بەرخ تێک بەردەدرێن
دەبتە قاڕەی بزن و کاران
خۆشە بۆن دووکەڵی داران
لە هۆبەی کۆچ و کۆچباران
لەناو بەیار و پاوانی
رازاوەی وەرزی بەهاران:
لایەک سێپێکی مەشکانە
لایەک بێر و بێریوانە
لەملا هڕەهڕی شوانە
لەولاش قازان و کابانە
لەو لایەیان کۆلی ئاوە
لەملا کۆزی بەرخی ساوا
لە دوورەوە مەڕە کەترە
دیارە سوڕناتک لێی داوە
دوو کارمامزی گەردەن کەش
چاو گەورە و ڕەش
ناوچەوان قەش
لەگەڵ کار و بزنەگەلان
بێ جیاوازی تێکەڵاوە
لەولایەش زەڕەی نێرەکەر
تێکەڵ حەپەحەپی سەیە
یان کۆکەی مەڕێکی دەغەر
یان بۆڵەبۆڵی (بەهیە) یە
لەژێر ڕەشماڵی حەوت ستوون
گشت ڕایەخ و سەرەندازە
سەوەشیری سەرەو نخوون
دایپۆشتووە شیری تازە
لبادی خۆماڵیی ڕەنگین
چەندە نەرمە و ڕاخراوە
نەخش و مێرابی ساکاری
ناو (یونس)ی لێ نووسراوە
بالیفی بە گوفک و گوڵنگ
هەمووی بە ڕیز داندراوە
وردە نەخشی چیغی تاوڵ
چەند بە وەستایی کراوە
لەسەر ئاگری سێ کوچکە
مەنجەڵی گۆشتی کوڵاوە
مەسینە و دەسشۆر و گۆسکە
ئاوی شیرتێنی لەناوە
سەرەند و بیژینگ و هێڵەگ
لە سووچێکدا هەڵواسراوە
کۆتکی دار و کەوچکی
نەخشی مامزی لێ کراوە
لەولاش تیرۆک و ناوبرێشکە
لەلووک و ڕەوڕەوە و بێشکە
ئەم هەموو دارە جوانانە
شاکاری دەستی دۆمانە
حەوجۆشێکی ڕەش و گران
لەسەر ڕۆخی ئاگردانە
چاپەست و پیاڵە و شەکردان
گشت دەستکردی ئیسفەهانە
لەملا خورج و توورەگەیە
لەولا خراڵ و جەواڵە
لەملا کەژی و بەنقادەیە
لەولاش کەڕک و گۆپاڵە
ماست و کەرە، لۆر و فرۆ
کۆتکی پڕ ماستاو و دۆ
لەنگەرییەکی پڕ سەرتوێژ
هەمووی تازە، هەمووی بەچێژ
قاپێک ژاژی پەنیر لەناو
چەند بە جوانی قاش کراوە
هەنگوینی تازە خۆشکراو
یەکسەر لە شانە بڕاوە
نان و ئەستوورک تازە برژاو
بۆنی پڕ دەکا ئەو ناوە
ناسکەنان، شلکێنە و دۆشاو
هەرمیشک شەکری پێدا کراوە
هەرچی بخوا ئەم خۆراکە
مەترسیی قەڵەویی نییە و
لە کۆلسترۆلیش بێباکە
چمکی تاوڵ لە هەموو لا
بە سنگ و ڕستان بەستراوە
پارگینێکیش بە دەوریدا
بۆ گرتنی باراناوە
سوسنە و بەیبوون و هەڵاڵە
حاجیلە و هێرۆ و لاولاوە
نێرگز و گاگرۆ و گوڵاڵە
تێکەڵ بە گیابەند و خاوە
تۆڵکە، قوڕادە، خەرتەلە،
بزنتڕێنە و قەلۆغان،
سێوەرۆک، پیفۆک، قێزبەلە،
کاردی و کەنگر و دوومەڵان
سۆتکە و سمڵ، پوونگ و ڕەیحان،
زەرگەزەوی و گونەپاڵە،
پەڵپینە و کووزەڵەی جوان جوان،
شەکرۆکە و ترشۆکە و ژاڵە،
سێ بسکۆرە، گیا برژانە،
گەپرۆکە، ترپۆک، ڕازیانە،
کەربەشە و گلێخە و گوژارک،
رنک و ڕێواس و کوارگ
هەوێردە، قوڵت، توڕلی، کێشکە،
تیترواسک، کوند و حەبارە،
ریشۆڵە، ڕەنگاڵە، سوێسکە،
داڵاش و چێرگ و کۆلارە،
سۆفەقیتە و جوڕەپووتە،
کۆترە کێویلکەی بە جووتە،
خەرتەل و سیساڵکە کەچەڵ،
پۆڕ و پەپووسلێمانە،
باشووکە و بارانبڕە و قەل،
گشت دەگەڕێن لەم شوێنانە
چەند جوانە جێ سمی ئاژەڵ
لەسەر زەوی کزری بەهار
هێشتا پڕ ئاوی بارانە
چەند جوانە جێ پێی بێچوە مەل
لەسەر تەنکە بەفری نسار
دەڵێی وردە نەخشی خەنەی
ناولەپ و پەنجەی یارانە
چەند خۆش بوو لەناو گیای بەهار
لەگەڵ کیژە بەرخەوانێ
لەدوای قسەی خۆش و پلار
دەبووە ماچ و دەستلەملانێ
چەند خۆش بوو خۆڵەپۆکانێ
لە بستیی ڕێی (ترپەسپیانێ)
کە (فسەگورگ)مان دەردێنا و
شەوێش دەبووە (قاوقاوانێ)
خۆش بوو لەو دەشت و وەردانە
بەسەر ئەو گرد و هەردانە
بە پای پەتی، بە ئازادی
دەگەڕاین چەند بە دڵشادی
گەشتێکی ئەم هەوارانە
دەرمانی دەردەدارانە
لەم بەهەشتە خۆش و جوانە
کەوەتا گیا لە چۆکانە
خۆشە لەگەڵ ناسکە کیژان
لێی بکەی (گوریس کێشکانە).[1]