#پیرڕەش# گوندە جوانەکەی شای گوندانم
تۆم زێدی باب و باپیران سەرچاوەی ژیانم
بەجوانی بەهاری دڵ ڕفێنت چاوم هەڵێناوە
دیمەنە جوانەکەی تۆم هەردەم لەبەر چاوە
من خۆشەویستی تۆم هەمیشە لەدڵدایە
لێرەوە زمانم گرتووە بە وشەی بابە و دایە
چەند جوان دیارە وەرد و شۆ و بور و بەیارت
لکەجۆم و تیش و سەرەکۆرت و بەڕۆژ و نزارت
بەرەگەروو و باسک و زورگ تەپۆلکە و تەلانت
هەوراز و نشێ و دەشت و گرد و قەت پارت
نوکتەی خۆش و چیڕۆکی شەوی زستانانی
قسەی نەستەق و پێکەنینی بەرئاگردانی
چەند خۆشبوو بەزم و ڕەزمی شەوی جاران
دەبوە گەڕەلاوژە و مەقام و بەستە و حەیران
سێ ڕیزکلاو دادەندرا بۆ یاری کڵاو مستانێ
کەڕۆژ دەبۆوە نۆرە دەهاتە سەر کێلەبەردانێ
ڕۆیشتن ناگەڕێنەوە ئەو ڕۆژە بەتام و خۆشانە
کانێ ئەوان سەردەمان بونە خەونی شەوانە
شەو ڕاشکا کاتی ژوانێم تێپەری نیوەی شەوە
کاتی چاو گەرم کردن و شکاندنی سەر خەوە
هەڵات ئەستێرەی کاروان کوژەی پێشی بەیانی
کابان هەستاوە دێتن تەپەی ناو برێشک و نانی
چریکە چریکی دارکەران هۆیە هۆی جۆتیاران
عیلەعیلی ئەسپی شێ و هێستری بارەبان
فیتە فیتێ شوانان لە بەرایی مێگەل و ڕانی
گاوانیش داری لەدەستە خڕدەکاتەوە گاڕانی
زستان بەسەرچووە ئەمجارە نۆرەی بەهارە
بەهاری تۆیە قوبەی کشمیری شەرمەزارە
تاچاو بڕدەکا دنیا سەوز و زەرد و سوور و شینە
وەرە بەچاوی من جوانی گوندی پیرەش ببینە
کانیاوەکان تەقینەوە لە هەموو کەند و جۆمانی
گوێت کەڕدەکات هاژەی ڕووبار و کارێز و کانی
چیان کردووە کوارگ و کاردی، #کەنگر# و تۆرکە
بەجوانی ملیان دایتە یەک #قەلۆغان# و تورۆکە
زۆربە تامە #قوڕادە# وکەربەشە قێچبەلە و پیفۆک
#ترشۆکە# و #گۆرمزە#، سێبسکۆرە و سێوەڕۆک
جاترە و خەرتەلە، سەلکەزەوی و #شیلمشاق#
کوریک نیسان و #حاجیلە#، کنێر و گوڵە #مێلاق#
پیرڕەش هێندەکۆنی مێژووی ئاوەدانیت نازانم
شوێن ئارامگای کەس و کارو خزم و دۆستانم[1]
هۆنراوەی: کەمال حاجی ڕەسول پیرڕەشی