لە مۆزەخانەی شارۆچکەی #بەردەڕەش# زیاتر لە هەزار پارچەی کەلەپووریی کوردەواری دەڤەری #گۆرانەتی# تێدا کۆکراوەتەوە و لەلایەن لێکۆلەرێکی سنوورەکە پارێزگاریان لێ دەکرێت
سەعید بارانی، لێکۆلەر و یەکێکە لەو کەسانەی کە لە خەمی پاراستنی کەلەپووری کوردەواریی سنووری شارۆچکەی بەردەڕەشە و لێکۆڵینەوەی لەسەر زۆر شتی مێژوویی سنوورەکە کردووە و لەم بارەیەوە بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند، لە ساڵی 1976 ئەو کاتەی قوتابی بووە سەردانی مۆزەخانەی زانکۆی مووسڵی کردووە و لەو کاتەدا ئارەزووی ئەوەی بۆ پەیدا بووە کە لە خەمی پاراستنی کەلەپووردا بێت.
سەعید بارانی ڕوونی کردەوە: لە ساڵی 1991 ئەو هەلەمان بۆ ڕەخسا و دەستم کرد بە کۆکردنەوەی پارچەی کەلەپووریی سنووری شارۆچکەی بەردەڕش و بەهۆی نەبوونی شوێن، سەرەتا خانووی خۆم کردە مۆزەخانە و لەڕێگای جۆراوجۆرەوە داوامان لە خەڵکی گوندەکان کرد کە ئەو پارچە کەلەپوورییانەی کۆنن و موڵکی باوپیرانمانن لە ماڵەکانیان ماون بۆ ئەوەی لەناو نەچن و پارێزراو بن بۆمان بهێنن و لە مۆزەخانە دابنرێت، چونکە تاکە شوێن کە هەندێک شتی کۆنی تێدا مابوو، گوندەکان بوو.
وتیشی: ئێستا لە ناوەندی وەرزش و لاوانی بەردەڕەش هۆڵێکمان پێ دراوە و کراوەتە مۆزەخانە و ئێستا زیاتر لە هەزار پارچەی کەلەپووریی تێدا کۆ کراوەتەوە کە کۆنترین پارچەی تەمەنی 120 ساڵە و لە لەناوچوون پارێزراون.
ئەو لێکۆلەرە ئاماژەی بەوەش دا: دوو هۆکار بوونە هۆی ئەوەی کە دەست بکەین بە کۆکردنەوەی پارچەی کەلەپووری؛ هۆکاری یەکەم: ئەو ستەم و ستەمەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق لە گەلی کوردیان دەکرد و بەهۆیەوە گوندەکانمان وێران دەکرا و هەموو ئەو کەلوپەلانەی کە باوباپیرنمان ڕۆژانە بەکاریان دەهێنا لەناو دەچوون. هۆکاری دووەم، پەیدابوونی تەکنەلۆژیا و ئامێرەکانی کارکردنی ڕۆژانەمان کە وردەوردە لە شتە کەلەپوورییەکان دور دەکەوتینەوە و لەکار دەکەوتن و بەرەو شتە نوێیەکانەوە دەچووین بەهۆیەوە ئەو پارچە کەلەپوورییانەش لەناو دەچوون، خۆشبەختانە ئێستا بەشێکی زۆریان پاریزراون و نەوەی ئێستا و داهاتوو پێی ئاشنا دەبن.
ڕایشیگەیاند: خەڵکانێک لە بیانی و ناوخۆیی سەردانی مۆزەخانەکەی بەردەڕەش دەکەن، بەڵام ئێمە زیاتر تەرخانمان کردووە بو خوێندنگاکان کە هەندێک قۆناخ هەیە قوتابی پێیدا تێ دەپەڕێت پێویستی بەوە هەیە کەڵک لەو مۆزەخانەیە وەربگرێت، بۆیە زۆر جار لە قوتابخانەکان بەکۆمەڵ قوتابییەکان دێن و سەردانمان دەکەن و زانیارییان لەسەر کەلوپەلەکان بۆ ڕوون دەکرێتەوە.
سەعید بارانی وتیشی: شوێنێک لە بەردەڕەش لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە تەرخان کراوە بۆ مۆزەخانە و پەڕتووکخانە، 40%ی بینایەکەی تەواو کراوە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە کار تێدا وەستێنراوە، داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ئەم بینایەمان بۆ تەواو بکات، چونکە تاکوو ئێستا بەردەڕەش پەڕتووکخانەی لێ نییە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]