ناونیشان: ئایا نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بایەخی جارانی لای ئەمریکا ماوە؟
نووسەر: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
لای هەمووان ڕوونە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست چەندێک دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت و غاز ئەمە جگە لە هەڵکەوتە جوگرافییەکەی کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا پێکەوە گرێ دەدات، سەرەرای ئەمەش چەندین ڕێرەوی ئاوی گرنگی وەک تەنگەی هرمز لەخۆ دەگرێت. هەر لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ئەمریکا چەندین پلان و پیلانی داڕشت تا جێ پێی خۆی لەم ناوچە گرنگە بکاتەوە و دەست بەسەر ئه و سامانە بێشوومارەدا بگرێت، لەم پێناوەدا چەندین شەڕ و شۆڕی ناوەتەوە چەندین کودەتای سەربازی ئەنجام داوە. تاقە ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا دابینکردنی ئاسایشی وزەیە بە مانایەکی تر دەست کەوتنی وزەی نەوت و غاز بە نرخێکی گونجاو کە توانای کێبرکێی پیشەسازی بپارێزێت بۆ خۆی و هاوپەیمانەکانی لە پەیمانی ناتۆ بەمەش دەتوانێت مامەڵە نێو دەوڵەتییەکان بە دۆلاری ئەمریکی بهێڵێتەوە هەر هەوڵێکیش بۆ دانانی نرخی نەوت بە دراوێکی تر هێڵی سوورە بۆ ئەمریکا ناکرێت چاوی لێ بپۆشرێت.
لە دوای دابەزینە مێژوویەکەی نرخی نەوت لە ساڵی 2008 تێبینی دەکەین تێڕوانینی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست وەک خۆی نەماوەتەوە و گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لێرەدا سێ فاکتەری سەرەکی لە ئارادایە وای لە ئەمریکا کردووە کەمتر پشت بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ببەستێت کە ئەمانەن:-
1- دابەزینی خواستی ناوخۆ و کەمبوونەوەی بەکاربردنی نەوت.
ئاشکرایە کەرتی گواستنەوە کە زیاتر ئۆتۆمبێل دەگرێتەوە 70% ی بەروبوومە نەوتییەکان خەرج دەکات بەڵام ئێستا ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە بڕێکی زۆر بازاڕی داگیر کردووە جێگەی بەنزین و دیزلی گرتۆتەوە. لە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ئۆپیک دا هاتووە کە چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی 2040 دا ڕێژەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بگاتە 13% هەموو ئۆتۆمبێلی جیهان کە ئەمەش کاریگەری لەسەر خواستی نەوت بە بڕی 3 ملیۆن لە ڕۆژێکدا کەم دەکاتەوە. ئاژانسی وزەی جیهانی (EIA) کە ئاژانسێکی ئەمریکییە لە ڕاپۆرتێکیدا هاتووە:-
لە ساڵی 2007 پێویستیمان بە 21 ملیۆن بەرمیل نەوت هەبووە بەڵام لە ساڵی 2011 ڕۆژانە 19 ملیۆن بەرمیل نەوتمان بەکار هێناوە، ئاژانسەکە ڕاشیدەگەیەنێت داواکاری لەسەر نەوت لە ئەمریکا گەیشتووەتە لوتکە ساڵانە بە ڕێژەی 1% دا دەبەزێت.
2- بەرزبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆ:
ئەمریکا لە ڕێگەی پیادەکردنی تەکنەلۆجیایەکی نوێوە نەوتی بەردین بەرهەم دەهێنێت و ساڵانە بڕی 200 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات. ئەمە جگە لە بەرهەمی غازی بەردین کە ئەویشیان لە بەرزبوونەوەدایە، ئەم پرۆسەیە وای لە ئەمریکا کردووە بە ڕێژەی 50% کەمتر متمانە بکاتە سەر نەوتی هاوردەکراو.
3- بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی وزە لە نیوەی ڕۆژئاوایی گۆی زەوی:
شان بە شانی بەرزبوونەوەی بەرهەمی نەوتی ئەمریکا بری بەرهەمهێنان لە چەند وڵاتێکی تری کیشوەری ئەمریکا زیادی کردووە کە بەرازیڵ و کەنەدا بە پلەی یەکەم دێن بە جۆرێک لە 5 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە نزیک بووەتەوە کە دەکاتە دوو هێندەی ئه و بڕەی ئەمریکا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست (سعودیە و عێراق و کوێت) دەیکرێت.
سەرباری کەمبوونەوەی بایەخی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە لای ئەمریکاوە بەڵام هێشتا ئەمریکا نایەوێت بەیەکجاری دەست بەرداری بێت و گۆرەپانەکە بە جێبهێڵێت بەڵکو دەیەوێت بە شێوەیەکی کەمیش بێت بمێینێتەوە تا ڕَێگری لە چین و ڕووسیا بکات لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە و لاسەنگ بوونی تەرازووی هێز بە لایاندا. هێشتا ئەمریکا پێویستی بەوە هەیە ئاسایشی وزە بۆ هاوپەیمانەکانی مسۆگەر بکات، مانەوەیەکی ڕووکەشیش بە پێویست دەزانێت تا وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت نەکەونە ژێر ڕەحمەتی چین و ڕووسیاوە. بە جێهێشتنی ئەفغانستان و کەمکردنەوەی هێزەکانی لە عێراقدا و ئاماژە دان بە کشانەوە لە سوریا هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ کەم بایەخبوونی نەوتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە لای ئەمریکاوە. [1]