ناونیشان: ئاین لە نێوان تلیاک و شۆڕش
نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
کارل مارکس دەڵێ: (ئاین تلیاکی گەلانە)
فرێدریک نیچە دەڵێ: (ئاین شۆرشی ژێردەستەکانە)
عەلی وەردی دەڵێ: (ئاین هەم تلیاکە و هەم شۆڕش)، لای خواپێداوان و دونیاپەرستان تلیاکە، لای پەیامبەرانیش شۆرش. هەموو ئاینێکیش شۆڕشێکە لەسەر دەستی پەیامبەرێک بەرپا دەکرێ بەڵام دوایی دونیاپەرستەکان دەستی بەسەردادەگرن و دەیکەن بە تلیاک، ئەوسا پەیامبەرێکی تر دێت و هەمان کار دوبارەدەکاتەوە.
پەیامبەرانیش ڕێگای جیاوازیان گرتۆتەبەر لە بەرپاکردنی شٶڕشەکانیان، هەیانە ڕێگەی بەرەنگاربونەوەی گرتۆتەبەر وەک حەزرەتی موسا، هەشیانە ڕێگەی ئاشتیانە و ئامۆژگاریی گرتۆتەبەر وەک حەزرەتی عیسا، وە هەیانە هەردوو شێوازی تێکەڵ کردوە وەک موحەممەد(سەلامی خوا لە هەمویان)، ئامرازەکانیان جیاوازن بەڵام هەمان ئامانجیان هەبوو، کە بریتی بوو لە دژایەتیکردن و لەناوبردنی بەرژەوەند پەرستان و ستەمکاران، وە بانگکردنی خەلکی بۆ بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەری.
دونیاپەرستەکان هەوڵدەدەن کۆمەڵگە بەرەو دواوە ببەن و پەیامبەرانیش دەیانەوێ بەرەوپێشی ببەن. بەهۆی ئەم تەنگژەو پێک هەلپژانەش شارستانیەت دروست دەبێ و کۆمەلگە بەرەوپێش دەچێ.
بە بۆچونی منیش:
ئاین تلیاکە ئەگەر بە هەست و سۆز مامەڵەی لەگەڵ بکەین، وە شۆڕشێکی پیرۆز و پەیامێکی جوانە ئەگەر بە عەقڵ و لۆجیک مامەڵەی لەگەڵ بکەین.
$بۆچی گرفتەکان پەیوەستن بە ئاین؟$
ڕەنگە بە وردی سەرنجمان نەدابێ، بەڵام ئەگەر تۆزێک وردبینەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان زۆربەی کێشەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەستن بە ئاین.
خۆی لە ڕاستیدا وا نییە، بەڵام شێوازی بیرکردنەوەی تاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی چەند قاڵب و سنورێکی هەیە کە دەرچوون لێیان کوفر و لەرێگا لادانە، ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوەبێ کە تاکی ڕۆژهەڵاتی بیرکردنەوەی فیقهییە نەک لۆجیکی. ئەم دیاردەیە ڕیشەی مێژوویی هەیە و بە ئاسانی بنەبڕ ناکرێ، سوڵتانەکان هەر لە سەردەمی ئەمەوییەکانەوە هەوڵیان داوە هەموشت بە ئاین ببەستنەوە، لای ئەوانیش تەنیا ئەو کەسانە زانا بوون کە زانای ئاینی بوون. بەم شێوەیە کۆمەڵگە لە لایەن کۆمەڵێک واعیز ئاڕاستەدەکران و واعیزەکانیش لەلایەن سوڵتانەکانەوە فەرمانیان پێ دەگەیشت.
وەنەبێ زانستی تر لەو سەردەمە نەبووبن، زانستەکانی فەلسەفە و لۆجیک زۆر لەکۆنەوە هەبوون و زۆر زانای مسوڵمانیش کاریان لەسەر کردوون، بەڵام ئەم زانستانە بە کوفر و زەندەقە ناوزەد کران و زاناکانیش بە زەندیق و بێدین، تا وای لێهات خەڵکی ڕقیان لە هەموو زانستێک بوو بە تایبەت فەلسەفە و لۆجیک.
وەک ئاشکرایە، فەلسەفە و لۆجیک بنەمای تێگەیشتنن لە زانست، بەڵام هێشتنەوەی خەلک لە تاریکی و نەزانی وای پێویست کردووە کە ئەم دوو زانستە برەویان پێ نەدرێ، بەمەش پلانی سوڵتانەکان تا ماوەیەکی زۆر چوەسەر، کە سەرەنجام ڕوخان و وێرانبونی هەموو جیهانی ئیسلامیی لێکەوتەوە، لە کاتێکدا جیهانی ئیسلامی سەنتەری گرنگی زانست بووە ڕۆژانێک.
ئەگەر سەرنجی وتار و شێوازی کارکردنی زانا مسوڵمانە کۆنەکان بدەین دەبینین زۆرێکیان کێشەیەکی گەورەیان هەیە، زۆرێک لە زانا کۆنەکان و تەنانەت ئەوانەی ئەمرۆش قسەو گوفتارەکانیان لۆجیکی نین، چونکە چوارچێوەیەکی فیقهیی دیاریکراویان هەیە و ناتوانن لێی دەربچن. [1]