پرۆژەی پارکی شوێنەواریی سروشتیی تایبەت بە سیستمی ئاودێریی #جروانە#، پرۆژەیەکی گەورە و نوێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری کوردستانە، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک بە هاوکاری و هەماهەنگیی زانکۆی ئۆدینۆی ئیتاڵی، کە دەبێتە هۆی تۆمارکردنی چەند ناوچەیەکەی گرنگی شوێنەواریی پارێزگای دهۆک، لە لیستی کەلەپووری یونسکۆ.
ئەم پرۆژە مەزنە بە ڕووبەری سێ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە، دەکەوێتە پارێزگای دهۆک، کە چەند ناوچەیەکی شوێنەواریی گرنگی وەک: (#خنس#، جروانە، #ماڵتا#، #بندەوایا#، #فایدە#) لەخۆی دەگرێت. بە شێوازێکی تر، دەکرێ بڵێین ئەم پرۆژە مەزنە، پرۆژەیەکە بۆ بەیەکەوە گرێدانی ئەم چەند ناوچە شوێنەوارییە (کە تایبەتن بە سیستمی ئاودێری، کە لە سەردەمی #سەنحاریب#، دروست کراون) و لە داهاتوودا دەبێتە هۆکاری ڕاکێشانی گەشتیاران و وەک ناوەندێکی توێژینەوەی زانستییش بەکار بێت، هاوکات لەگەڵ دەستکەوتێکی گەورە، ئەویش تۆمارکردنی لەناو لیستی کەلەپووری جیهانیی- یونسکۆ.
$سنووری پارکی شوێنەواری سروشتی$
لەبەر فراوانی و گەورەیی کۆمەڵگە شوێنەوارییەکە، کە ڕووبەری زەوییەکەی نزیکەی سێ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، ئەم ڕووبەرەش شیاوە بۆ بەکارهێنانی پلانێکی تایبەت لەسەری، تا بتوانرێت لە لیستی جیهانی بۆ پاراستنی سامانی مێژوویی (WHTL) هەڵبسەنگێنرێت و تۆمار بکرێت، بۆیە سنووری ئەم کۆمەڵە شوێنەوارییە سروشتییە پێویستی بە دیاریکردنی شوێنەکەی هەیە، بۆ ئەوەی سنوورەکەی دیار بێت، دیاریکردنی ئەم سنوورەش دەکرێ بە ئامێری پێشکەوتووی سەردەمیانە جێبەجێ بکرێت، وەک ئەوەی ئێستا لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا کاری پێ دەکرێت.
$ناوچەکانی پارکەکە$
ناوچە دیاریکراوەکانی ئەم پرۆژەیە دابەش دەبنە سەر شەش بەشی سەرەکی، هەر کام لەم بەشانە دەکرێ چەند کاری تایبەت و گرێدراو بەیەکەوەیان تێدا ئەنجام بدرێت. ناوچەکانیش بریتین لە:
1- ناوچە شوێنەوارییەکان، لەناوەوە (خنس و جروانە)ن و ئەوانەی دەرەوەی پارکەکەش (ماڵتا و دۆڵی بەنداو)ین، کە ئەمانە هەمووی پێوانە دەکرێن و داتا جوگرافییەکەیان لەسەر نەخشە دیاری دەکرێت.
2- ناوچە گەشتیارییەکان، ئەو ناوچانەن دەتوانرێت دیاری بکرێن و شوێنی پشوودان و تابلۆی زانیاری و نووسین و ڕوونکردنەوەی مێژوویی شوێنەوارییان لەسەر تۆمار بکرێت. لەناو پارکەکە شوێن و ناوچەی گەشتیاریی زۆر سەرنجڕاکێش هەن، وەک (دۆڵی شیڤکە)، کە سروشتە سەرنجڕاکێشەکەی زۆر شیاوە بۆ ئەسپسواری، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕاکێشانی زیاتری سەردانیکەران.
3- شوێنی تایبەت بە توێژینەوە و بەدواداچوون سەبارەت بە لێکۆڵینەوەی شوێنەواری لە ناوچەکە، بەتایبەتی لە (خنس و جروانە)، هەروەها لە پارچە و بەشی دیکەی پارکەکە تەرخان بکرێ، بۆ لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی و جیۆلۆجیی ئاو، ئەویش بە مەبەستی پاراستنی کەلوپەلە شوێنەوارییەکانی وەک (بەردی ئەنتیک و کەلوپەلە شوێنەوارییەکانی تری خنس و ماڵتا).
4- دروستکردنی باخچە و بووژانەوەی سەوزایی، دەکرێ بەشێکی گەورەی پارکەکە بکرێتە (باخچە ڕووەکییەکانی سەنحاریب) و تێیدا زۆر لە دار و سەوزایی مێژوویی ناوچەکە پێبگەیەندرێن و چاودێریی بکرێن، کە سوودێکی زۆری بۆ پاراستنی ژینگەی ناوچەکە دەبێت، هەروەها بۆ کاری توێکاریی سروشت و ناوچە شوێنەوارییەکان بەکار دەهێنرێت. باخچەیەکی مەزن بە ناوی (باخچەی ئاشتی) کە دەوڵەمەند بێت بە چەندین داری میوەی جیاواز و سەرچاوەی ئاو، شوێنی یاری بۆ منداڵان، جێگای تایبەت بۆ سەردانیکەران، کە دەبێتە شوێنێکی دڵڕفێن بۆ کات بەسەربردنی گەشتیاران، هەروا دروستکردنی شوێنی تایبەت بۆ کۆنفرانس و چالاکییە جۆراوجۆرەکان.
5- دانانی سیستمێکی تایبەتی زانیاری - ئینفۆرماتیکی (GIS)، بە شێوەیەک، کە هەموو نەخشەکانی پرۆژەی ئەم پارکە شوێنەوارییە سروشتییە بە شێوەی دیجیتاڵ بگرێتە خۆی، لە هەمان کاتدا دەبێتە ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی کارە خزمەتگوزارییەکانی پارکەکە.
6- ناوچەکانی وزەی پاک و کێڵگە سروشتییەکان، کە تێیدا کاری بازرگانی لە بواری سەوزایی و بەرهەمی ناوچەکە ببووژێنێتەوە، بە دانانی ئامێر و کەرەستەی تایبەت بۆ بەدەستهێنانی وزەی پاک، وەک (کێڵگەی ئاشی هەوا و کێڵگەی وزەی خۆر)، هەروا بۆ کۆکردنەوە و لابردنی خۆڵ و خاشاک و دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی زێراب (ڕیسایکڵینگ) و دروستکردنی پارکی ئۆتۆمبێل.
$شێوازی هەڵبژاردنی ناوچەکان$
دۆسیەی هەڵبژاردن بۆ تۆمارکردنی پارکی شوێنەواری سروشتی سیستمی ئاوی سەنحاریب، لە لیستی جیهانی بۆ پاراستنی سامانی مێژوویی، لە لایەن دەستەیەکی توێژینەوەی پەیمانگای تەکنەلۆژی، شارەزا لە بواری سامانی کولتووری، بە سەرپەرشتیی ئەندازیاری خانووبەرە (ڕۆبێرتۆ ئۆراتسیۆ) و بە هاوکاریی لەگەڵ شوێنەوارناسانی زانکۆی ئوودینێ، نووسراوەتەوە.
بۆ پڕکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی فۆرماتەکە، بەتایبەتی ئەو بەشانەی، کە تایبەتن بە ناساندنی ناوچەکە، چەند نووسینێکی زانیاریی ئیتاڵی و بیانی، کە لەناو گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، بەکار هێنراون.
ئەم ڕاگەیاندنە بایەخێکی نایابی گەردوونی هەیە، کە لەناو جەرگەی شێوازی هەڵبژاردنەکەیە و بابەتێکە دەبێتە سەرچاوە بۆ ئەوەی کۆمیتەی یونسکۆ داواکارییەکە پەسەند بکات، پشنیار کراوە لەسەر بنکەی selection criteria (پێڕەوی هەڵبژاردنی) یونسکۆ، کە ماوەیەک لەمەوپێش لەلایەن مارگرێت ڤان ئێس، لە ڕاپۆرتەکەی لە ساڵی 2011 نووسرابوو.
$بنچینەکانی پرۆژەکە$
بنچینەی یەکەم
شوێنەوارەکانی تایبەت بە ئاودێری، ئەو سیستەمە ئاوییە نرخێکی نایابی هەیە، نەک تەنیا لەبارەی تەکنۆلۆژیا پێشکەوتووەکەی، بەڵکوو لە ڕووی هونەری و کولتووریدا. نەخش و نیگارەکانی سیمبولن بۆ کارەکانی پاشا و بوونیان لەسەر ئەم خاکە دەسەلمێنن، ئەوانە بەڵگەیەکی بێ وێنەن سەبارەت بە هونەری ئاشوورییەکان و بناغەکەی بەڵگەنامەیەکی گرنگە سەبارەت بە بنیاتنانی کۆمەڵگایەک و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵات و ئاییندا.
کۆمەڵگای ئاودێریی سەنحاریب لە ڕووی تەکنۆلۆژییەوە پێشکەوتووە، بەتایبەت ئەگەر بیر بکرێتەوە لەوەی، کە لە چ کاتێکی مێژوویی دروست کراوە. نۆکەندەکان، کە لەناو بەردی کلسیی هەڵکەندراون، بەدرێژایی تەنیشتی گردەکان، ڕێڕەوێکی ڕێکوپێکیان هەبووە و پەیژە و ڕێگای هاتوچۆی هەبووە بۆ پاککردنەوەی ئاو لە چەند خاڵێک بەدرێژایی ڕێگاکان. تەنانەت نۆکەندە لاوەکییەکان لە سەرەکییەکە جیا دەبوونەوە، تاکوو بگەنە دوورترین خاڵی کێڵگە کشتوکاڵییەکان.
سیستمی ئاودانی جروانە، نموونەیەکی بێ هاوتایە لە بابەتی ئەم پرۆژەیە و دەتوانرێت بە یەکەم سیستمی بە بەرد دروستکراوی دابەشکردنی ئاو دانرابێت لە مێژوودا. چەندین بیرۆکەی پسپۆریی تێدایە، کە زۆر ناوازەن. دروستکردنی (ئیزۆدۆم) لە شوێنی خۆی و بە بەردی چوارگۆشەیی جوانکاریی بۆ کراوە، زەوییەکەی بە بەردی ڕێکوپێک چاک کراوە و لەسەر بنکەیەکی وەک بە چیمەنتۆ چاککراو دانراوە. تەنیشتەکانی بە کۆڵەگەی پشتیوانی ڕاگیراوە و چوار دینگەکەی، کە بەربەستی ئاویان هەیە و لە ڕێی تاقە چەوتەکان ڕێگایان بە تێپەڕبوونی ئاوی وادی (دۆڵ) دەدا.
سیستمە ئاودێرییەکەی بەگشتی و سیستمی دابەشکردنەکەی، سیمایەکی زۆر گرنگ و پێشکەوتووی ئەوکات پیشان دەدات.
نووسراوەکانی خنس و جروانە، ئەمانە هەموو بایەخێکی نایابیان هەیە و بەڵگەنامەی مێژوویی و زمانەوانیی گرنگن. نووسراوەکان بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر قۆناغە جیاوازەکانی کارەکانی سەنحاریب لە بواری بنیاتنان و چاکسازیکردن لە سروشتی ناوچەی نەینەوا پیشان دەدەن. ئەمانەش هەلێکی بێ وێنە دەبەخشن بۆ لێکۆڵینەوە لە نووسراوەکان و پیشاندانەوەی مێژوو، کولتوور و ئایینی یەکێک لە شارستانییەتە هەرە مەزنەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک.
بنچینەی دووەم
شوێنەوارەکانی بیناسازی: بریتین لە نموونەیەکی نایاب سەبارەت بە شێوەی دروستکردنی خانووێک، لە ڕووی تەلارسازی و ئەندازیارییەوە، کە بۆ ئەوکات دیمەنێکی مەزن لە مێژووی مرۆڤایەتی پیشان دەدات.
بنچینەی سێیەم
کەلەپووری ناوچە شوێنەوارییەکان: پەیکەرەکان نموونەیەکی نایابن سەبارەت بە کەلەپووری نیشتگەی مرۆڤ، بەکارهێنانی زەوی، یان بەکارهێنانی دەریا، کە دەربڕینە بۆ کولتوورێک (یان چەندین کولتوور)، یان پێکدادانی مرۆڤ لەگەڵ سروشت، بەتایبەتی کاتێک لاواز بووە و لەبەرامبەر هێزی سروشت و دیاردە سروشتییەکان.
ئابووری و ئاودێری
ژیانی ئابووری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتداریی ئاشوورییەکان، پتر لەسەر کشتوکاڵ بووە، لە ناوچەیەکی بەپیت بە شێوەیەکی تایبەت، کە بە بارۆدۆخی کەشوهەواوە بەستراوەتەوە، بەڵام لەو شوێنانەی کەم باران و بێ ئاو بووە، لەبەرامبەریدا دەستەوەستان نەماون و کاری کشتوکاڵییان کردووە، هەروەک چۆن سەنحاریب خۆیشی لەناو نووسراوەکانیدا، کە لە ناوچەی (باڤیان) لە شاری دهۆک دۆزراوەتەوە، دەریبڕیوە، بەهۆی سیستمی ئاودێرییەوە توانیویانە کێڵگەکانی، کە بەهۆی بێئاویی بەجێهێڵدراون، بکێڵدرێن و جارێکی تر بەرهەمەکانیان بچێنن، بەبێ چاوەڕێکردنی باران بارین. کەواتە سیستمی ئاودێری بووە هۆی ئەوەی کاری کشتوکاڵی بەردەوام بێت و بەرهەم زیاد بکات و گەشە بە ئابووریی ناوچەکە بدات.
جگە لەوە سیستمی ڕێبەستەکان بەهۆی نۆکەندەکانی سروشتی و دەستکردی ئاوی، بووە هۆی ئەوەی، کە هاتوچۆ لەنێوان شار و گوندەکانی دەوروبەریان ئاسانتر بێت، تەنانەت بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکانیشیان.
$هۆکاری دروستکردنی پارکێکی شوێنەواریی سروشتی$
ئامانجی ئەم پرۆژەیە:
پارێزگاری، هێشتنەوە، پاراستن و هەڵسەنگاندنی سیستمی ئاودێریی جروانەیە، هەروا بەدەستهێنانی هەموو ئەو بەڵگەنامانەی پێویستن، وەک وێنە و نەخشەی سەبارەت بە کارەکە و توخم و پارچە ڕەنگییەکانی و هەموو ئەوانەی، کە پەیوەستن بەم بابەتەوە، تاکوو بتوانرێت لە لیستی جیهانی بۆ پاراستنی سامانی مێژوویی (WHTL) تۆمار بکرێت، چونکە دروستکردنی پارکێکی شوێنەواریی سروشتی ڕێگا خۆش دەکات بۆ ئامادەکردنی پێشنیارێکی تایبەت، بۆ ئەوەی ئەم کۆمەڵە شوێنەوارییە بچێتە ناو لیستی سامانی جیهانی و دانانی پلانێکی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی، وەک چۆن (UNESCO) سەبارەت بە شێوەکانی سامانی جیهانی داوای دەکات.
بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری کوردستان، ماستەرپلانی ئەم پرۆژەیە، بە هاوکاریی هەمەلایەنانە ئامادە کراوە و لەدوای تێپەڕاندنی قۆناغە سەرەتایی و یاساییەکان، دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەکرێت.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]