ڕۆڵە من مردم لەژێر باری گرانی زوڵمەوە
ئێستە موشتاقی تەنافێکم کە بێتە ملمەوە
ئاگری قەهر و زەلالەت چۆتە جەرگ و دڵمەوە
بێ کفن داخڵ بە خاکم کەن بە خۆم و جلمەوە
پێت بڵێم ئەم دەردە چی بوو ئێستە سوار شانم بووە
تۆ کە گەنجی لابە ئەم فیکر و خەیاڵات و خووە
دوور ئەوەستام من لە مەکتەب تازە وەختم دەرچووە
سێبەری مەکتەب نەبێ غەربی بە چی سەرکەوتووە
من لە ترسی کاربەدەستی چەوت ئەلەرزم بێ درۆ
هیچ خەتاباریش نەبم ئاخر بەقەت یەک دەنکەجۆ
نەجمەکەیشی دەرکەوێ ئینجا ئەکەومە ڕۆڵەڕۆ
جەهل و بێ عیلمی وەهای هێنا بەسەر ئەژدادی تۆ
جا کە وا بوو دەردی تۆ دەرمانی مابێ مەکتەبە
بۆ ژیانت سنعەتی شیرین و چاکت مەتڵەبە
خوێندنی عیلم و فنوونت شەرتی دین و مەزهەبە
هەروەکوو وەحشی لە کێو و دەشت و سەحرادا مەبە
ڕۆڵە من ئەمرم لە دەستت دەرئەچم تۆ بی و خوا
جەهلە بۆ عالەم هەموو دەرد و بەڵایەک خەڵق ئەکا
ئەم قسانەی پێت ئەڵێم بیرت نەچێ بۆ مابەقا
عیلمە سەد زنجیر و پێوەندیش لە پێدا لائەبا
تۆ ئەگەر دنیات نەوێ هەڵچی لە تەکیە و خانەقا
زەحمەت و تەحسیلی ناوێ پرچ و پەلکەی بێ بەها
ڕیش بە مانگێ دێتە دەست و سەهلە تەزبیح و عەبا
قەت نەناڵێنی لەژێر باری گرانی بێوەفا
نان و بەرگی نێری و ژینی شەریف گەر ناتەوێ
چش لە منداڵیش لە سەرما یا لە برسانا خەوێ
نانی دەروێشی هەتا ماوی پەکت بۆی ناکەوێ
حیز و سالم ڕۆح لەبەر هەرگیز لەبەرتا ناڕەوێ
یا هەتا ماوی لەژێر دار و شەقی بێگانە بی
یا وەکوو ئەو میللەتەی ئەترافی شاری بانە بی
یا لە هەق لادە بەشت پرچ و دەق و دێوانە بی
بۆ چی تووشی زەحمەت و ڕەفتاری ڕێی مەردانە بی [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#