ناونیشان: پەروەردە؛ خواستێکی گەورە، خەونێکی زڕاو
نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
ئەوەندەی بیرم بێت و بەدواداچونم کردبێت ئەوەی پێویست بووبێت کاری لەسەر بکرێت بە ئامانج دابنرێت هەمیشە و هەموو کات پشتگوێ خراوە و ئاوڕی لێنەدراوەتەوە یان بەهەند وەرنەگیراوە، بەتایبیەت له و وڵات و شوێنانەی کە سیستەمەکانیان، دکتاتۆری و نادیموکراسین، مەبەستمە بەتایبەت لەم هەرێمەی خۆمان بدوێم، لەپاش سی و یەک ساڵ لە حوکمڕانی دەسەڵاتی خۆماڵی، دوای پێشنیار و داوا و توێژینەوەی دەیان نووسەر بۆ باشترکردن و دابینکردنی سیستمێکی پەروەردەیی هاوچەرخ ئەمانە وەک دەڵێن مێش میوانیان نەبووە و بەخەیاڵیاندا نەهاتووە، بۆیە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و ساڵ لە دوای ساڵ، دەبێ بڵێین: (خۆزگەمان بەپار) واتە بەره و خراپتر براوە و بۆتە مەملەکتێک کە هیچ کەس ئاواتی پێنەخوازێ.
ئەم دەسەڵاتە هەمیشە ویستوێتی پەروەردە بکاتە پەناگەیەک بۆ لادان و شاردنەوەی خراپەکاریەکانی خۆی و تاوانبارکردنی کۆمەڵگە، پێچەوانەی وتەکەی (مارک توین (1835 - 1910) هونەرمەند و نووسەر کە دەڵێت: (پەروەردەی باش پێکدێت لە شاردنەوەی هەموو ئه و چاکانەی کە بیر لەخۆمان دەکەینەوە و ئه و خراپانەی بیر لە کەسانی تردەکەینەوە)، لەم هەرێمەدا تەنها ئەوە کاری لەسەر کراوە و بۆتە نەریتێکی باوی قێزەوونی سێ دەیەی ڕابردوو، لێرەدا بۆیە باس تەنها لەم سی و یەک ساڵە دەکەم، چونکە بە خەون و خەبات و خوێنی ڕۆڵەکانی ئەم میللەتە بەدیهاتووە، بەڵام جێی نیگەرانی و بێزاریەکی گەورەیە، بۆ ئەوانەی ویستیان و دەیانەوێ ئەم گەلە بگەیەننە کەناری ئارام پێچەوانە بۆتەوە و بەدینەهاتووە.
لەسەردەمی خەباتی شاخیان ئەگەر بە وردی سەرنج لە پەیڕه و بەرنامەی هەموو حیزبە کوردیەکان بدەین، خەونی زۆر گەورەیان بۆ تۆمارکردووین، بەڵام دیارە، هەموو ئه و بەڵێن و ویستانەیان بیرچۆتەوە یان بەئەنقەست لەبیریان کردووە لەسەر ئەوە ش ماهاتماگاندی دەڵێ : (لەبیرچوون بۆ تۆ نایەت، بەڵکو تۆی بەرە و پیری دەچیت).
دیارە دەسەڵاتدارانی کورد و حیزبە حوکمڕانەکان و سەرکردەکانیان خۆیان بەره و پیری ئه و ویستەی خۆیان چوون، چونکە بەرژەوەندی باڵای ئەوان و مانەوەیان لە بەره و پێشچوون و ئاراستەیەکی باش و سەقامگیر و پەروەردەیەکی هاوچەرخدا نیە و نابینن، هەربۆیە کاری زۆریان لەسەر کردووە، تا ئەم پرۆسە گرنگەی ژیان گەشە نەکات و مرۆڤی ئازاو ئازاد لەداهاتووی کۆمەڵگەی کوردی دروست نەبێت، بۆیە زیاتر ڕووی وتەکانم و نوسینەکەم، لەدەسەڵاتدارانی خۆماڵیە چونکە ئەبوایە لە دەسەڵاتی داگیرکار و شوڤینی بەعسی عەرەبی جیاوازتر و پێچەوانەتر کاریان بکردایە.
بەڵام بەنیگەرانیەکی قووڵەوە لەم کاتەدا زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو دەستی حیزبەکان لەناوەندەکانی خوێندن برەوی پێدراوە، هەر لە باخچەکانەوە تا باڵاترین دامەزراوەکانی پرۆسەی خوێندن و زانکۆکان، ئیتر کامەیە ئومێد و خەونی دڵسۆزانی ئەم گەلە بەشمەینەتە؟
ئەگەر دەمی هەر کەسێکی حیزبی و بەرپرسێکی دانراوو نوێنەری حیزبەکان لەناو پرۆسەی پەروەردە بکەیتەوە، بەشان و باڵی خۆیاندا هەڵدەدات و چەندین دەستکەوتی سەرزارەکی و بێ بنەمات بۆ ئەژماردەکات، بەڵام لەڕاستیدا، نیەتێکی خراپی بەلاڕیدا بردنه و هیچی تر وەک (ڕیچارد باکمینستەرفۆلەر) له و بارەوە دەڵێت (نیەتی خراپ، هەمیشە هۆکاری خراپ بۆکردەوەی باش دەدۆزێتەوە).
هەر لەسەر نیەتی باش کە بکرێتە بەرنامە و ڕێوشوێنی بەجێ، پیرەمێردی نەمر وتوێتی: (نیەتت باش بێت ئیش دەبەیتە سەر، درەخت زڕنەبێت هەربۆت دێتە بەر).
دیارە ئه و بیرو بۆچوونەی ئەم دەسەڵاتە هەیەتی بەرامبەر پرۆسەی پەروەردە، درەختی زڕە بۆیە تائێستا بەری نەگرتووە.
ئەوەی خواستی من و دەیانی ترە پێویست بوو ئەم کایە گرنگەی ژیان باشتر ئاراستە بکرایە ئەویش بە دروستکردنی چەندین دامەزراوەی پەروەردەیی گرنگ و پرس و ڕا بە کەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموون، یان داواکردنی پڕۆژەی گەورەی هاوچەرخی پەروەردەیی، بۆ ئەوەی پەروەردە لە قەیران دەربهێنرێت نەک بەناوی ڕێکخراوەکانی قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان یان بۆردی پەروەردەیی، کۆمەڵگە چەواشە بکەن لە ئێستاشدا هەرچەند کات ڕۆیشتووە، بەڵام درەنگ نیە بۆ هەنگاوی باش و کاری جوان لەم پرۆسە ژیانیەی کۆمەڵگە کە ئاراستەکەی دەمانخاتە سەر ڕێچکەی ڕاست و دروستی ژیاری و ئایندەیەکی ڕوون کە تاکی خاوەن ئیرادە بونیات دەنێت، وتەکەی (شکسپیر) دەکەمە کۆتایی وتارەکەم کە دەڵێت: (ڕەفتاری باش وەک دار زەیتون وایە، خێَرا گەشە ناکات، بەڵام تەمەنی درێژە). [1]