سکاڵا نەوتیەکەی بەغدا دژ بە تورکیا بە کوێ گەیشت؟
نووسەر: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
دوای ئەوەی بەرهەمی نەوت لەهەرێم بەجۆرێک زیادیکرد چیتر لە قازانجی کۆمپانیا نەوتییەکان نەبوو لە ڕێگەی تەنکەرەوە نەوت هەناردە بکەن، بۆیە هانی حکومەتی هەرێمیان دا و ڕێگەیان بۆ واڵا کرد تا لەرێگەی بۆرییەوە نەوت هەناردەی بکات. دوای ئەوەی ڕاکێشانی بۆری لە ئان و ساتی تەواوکرندا بوو، لەساڵی 2013 ڕێککەوتنامەی 50 ساڵەی نێوان هەرێم و تورکیا واژۆ کرا، لەسەرەتای ساڵی 2014 وە نەوت لەرێگەی بۆریەوە هەناردە کرا و جاڕی ئابوری سەربەخۆ درا، لە 23ی ئایاری 2014دا نوێنەری عێراق سکاڵای لە ژوری بازرگانی پاریس لەسەر کۆمپانیای بۆتاشی تورکی تۆمار کرد بەهۆی ئەوەی نەوتی هەرێم بە نایاسایی دەفرۆشن 0بەهۆی سەرهەڵدانی شەری داعشەوە سکاڵاکە باسی نەماو تا نیسانی 2019 دواتر دیسانەوە هاتەوە مەیدان و وا مەزندە دەکرا لەبەرژەوەندی عێراق یەکلاییی ببێتەوە، لەناوەراستی ئایاری هەمان ساڵدا سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق سەردانی تورکیای کرد و لە کۆبونەوەکەدا عێراق ڕەزامەندی دەربری سکاڵاکە سربکرێتەوە، دواتر مستەفا کازمی سەردانێکی یەک ڕۆژەی بۆتورکیا ئەنجامدا و لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆکی تورکیا باسیان لە ڕووبەروو بوونەوەی تیرۆر و زیادکردنی ئالۆگۆری بازرگانی کرد بێ ئەوەی ئاور لە نەوتی هەرێم بدەنەوە، لەساڵی 2021دا وەزیری نەوتی عێراق، باسی لە جولاندنی سکاڵاکە دژ بە تورکیا کردوو وابڕیار بوو مانگی نیسانی هەمان ساڵ کۆتایی بێت، وە 26 ملیار دۆلار قەرەبوو بسەپێندرێت بەسەر تورکیا لەبەرامبەر ئەو هەموو نەوتەی بە نایاسایی لەماوەی ئەو ساڵانەدا هەناردە کراوە، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە هەمان کەس دوای 20رۆژ لە قسەکانی لێدوانێکی جیاوازی دا و باسی لە پەیوەندی نێوان هەردوولا کرد، لەبارەی سکاڵاکەشەوە ڕایگەیاند لەپێناو پاراستنی پەیوەندییەکان و زیاننەگەیاندن بە بەرژەوەندییەکان باسی لە دواخستنی سکاڵاکە کردەوە.
وا پێدەچێت حکومەتە یەک لەدوایی یەکەکانی عێراق ئەم سکاڵایە لە بەرژەوەندی عێراق یەکلایی نەکەنەوە، تەنیا وەک کارتێکی فشار تەماشای بکەن، بەڵام ئەمجارە سکاڵاکە سەرلەنوێ زیندوو کراوەتەوە و واپێدەچێت، دۆخەکە لەجاران جیاوازتر بێت چونکە دادگای فیدراڵی بریارێکی گرنگی تێدا داوە و ناکرێت تانەی لیبدرێت، شارەزایانی یاساش وایدەبینن دواخستنی سکاڵاکە، لە بەرژەوەندی عێراق نییە و تاکە کارتی فشار نیە بە دەستییوە بەلکو زۆر کارتی دیکە هەیە لەوانە هێلی نەوتی عێراق و تورکیا. [1]