بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا 29
#شەماڵ بارەوانی#
کاکە مەلا چاکی مەکه باخراپ نەبیت..!
ئازیزان بەزمی فەقێ و گۆرانی تەواو نەبووە و لە بەشیتر دێینەوە سەر ئەو باسە.
وەلێ لەچەند بەشێکدا پێم خۆشە، باس لە چەند بەسەرهاتێکی ژیانی مەلایەتی خۆم بکەم لەو دێیانەی تیاندا مەلایەتیم کردووە لە ماوەی ئەو چەندساڵەی ژیانی فەقێیاتیم.
ئەوە لە دێیەکی لە لای دەڤەری کەندێناوە و نزیک شارۆچکەی دیبەگەی دوو ساڵ مەلایەتیم بۆ کردن.
هەموو حەفتەیەک(ڕۆژانی هەینی)دەڕۆیشتم وتارم بۆ دەدان و دواتر دەگەڕامەوە حوجرەی فەقێیان لە هەولێرێ.
مانگی ڕەمەزانیش لەسەرەتای مانگەکە و ڕۆژێک پێش ڕەمەزان، تاڕۆژی جەژن لەوێ دەمامەوە، هەرچەند ئەوکات بە تەمەن بچووک و هێشتا فەریکە فەقێ بووم، بە کورتیەکەی هەرزەکارەکی دەم ڕووتی وەک من هی ئەو بەزمە نەبوو بچێت ژن لە خەڵک مارە ببڕێت و سولحی عەشایەری بکات و بچیتە پرسە و لەگەڵ مامە حاجیان هەڵسێت و دابنیشێت.
ئاخر بە خوای من ئەوکات، جگە لە عەن عەنە و قسەی ناو ئەو کتێبانەی دەمخوێندنەوە، نەمدەزانی یەک قسەی دی خودایی و دنیایی بکەم.
نازانم ئەو خەڵکە کو منیان وەها گەورە و موهیم کردبوو؟! مامە حاجی و کەسانی لە تەمەنی باپیرەم دەهاتن و دەیانگوت: مامۆستا بابڕۆینە فلان پرسە(تەعزییە)ٚی، لە دیبەگەی فلان مردیە، لە فلان دێیە فیسار چووەتە بەر ڕەحمی خودا و، سەرێکی مامە بورهان بدەین دەڵێن نەساخە و بچینە کن حاجی براییمی لە حەجێ هاتیتەوە..تاد.
لە ناخەوە تێر تێر بە ئەقڵ و سادەیی ئەو خەڵکە و بەو تەمەنەی خۆم پێ دەکەنیم و لە دڵی خۆم بە خۆمم دەگوت: تۆسەیری ئەو خەڵکە دڵپاک و بەستەزمانە و، ئینجا منی بنچکە فس بکە، چەند لە خۆم ڕازیمە !
کوڕە هەرزەکارێکی بێ ئەزموون و دەم ڕووتی وەکو من، کەی هی کاری وەها گەورە گەورەیه !؟
لەبەردەم خەلکەکەیش خۆم فشدەکردەوە و هێندە بە گران و سەنگینی ڕێگام دەکرد، حەوت تراکتۆری عنتەر ڕۆحی منیان بۆ ڕانەدەکێشرا و لوتبەرزیەکی وا دەماری گرتبووم، هەر مەپرسە.
دیشداشەکی عەرەبیم پۆشیبوو و سەلتەیەکی مەلایەنەم لەسەر لەبەرکردبوو دەتگوت:سەلاجەی قیسارەمە.
کە ڕێم دەکرد، دیشداشەکە لە درێژییان لە عاردی دەخشی، لە ژێرەوە بە خۆمم دەگوت: کوڕە ئێمەی فەقێ و مەلا وارسی پەیامبەرانین، پەیامبەران، (العلماء ورثة الأنبياء)(1). و فریشتەکان باڵی خۆیان بۆ تالیبولعلم و فەقێ و شت ڕادەخەن تا بەسەری دابڕۆن(2). و
وەڵاهی نەک هەر تەنها لەپێش ئەو خەڵکە بڕۆین و لە مەجلیسان ئەمە لە لای سەرێ دانیشین و پارووی چەور هەر بۆ دەمی ئێمەبیت و یەکەم قسە هەرئێمە بیکەین، حەقوایە خودا دوو فریشتانیش بکاتە پاسەوانی تایبەتیم و بە دووکەسانیش کاتێک کە ڕێگا دەکەم، ئەو کەواو سەلتە درێژەم بۆ بگرن هاهاها
ئاوا کێڕڤی خۆبەزلزانیم فڕیبوو و هەستی لوتبەرزی گرتبوومی.
یەکێک پێی بگوتبام:مەلا، ڕێک لەوکاتە خوام نەدەما و بێ ئەندازە نیگەران و توڕە دەبووم!
دەمگوت:تەنها مەلا ژن بە مەلا دەڵێت:مەلا.
ئەو قسەیەم پێشووتر لە مەلاکان بیستبوو. بۆیە دەبوا تەنها بە مامۆستا بانگیان کردبام.
ڕۆژەک کابرایەک هاتە مزگەوت و گوتی:دەزانی مامۆستا، ئەو دوو کەسە(مام و برازایەک) لە گوندی بەینیان نییە؟ بۆیە ڕەمەزانە و خێرت دەگات بڕۆ ئاشتیان کەرەوە. ئێمە چەندجار هەوڵمانداوە، بە ئێمە نایەنە ڕایێ و گوێمان بۆ ناگرن.
کەوای گوت، خێرا دیشداشە و عەبا درێژەکەی مەلایەتیم کردبەر، هەم بۆ ئەوەی تاوەکو تەمەنی هەرزەییمی پێ بشارمەوە و قیچەک گەورەتر لەتەمەنی خۆم دەربکەوم و حیسابەکم لۆ بکرێت، هەمیش تا زیاتر موهیم و بە هەیبەت بە دەرکەوم و ئەو دوو کەسەی بەینیان نییە، شەرمم لێ بکەنەوە و قسەم نەشێکنن و ئاشت ببنەوە.
سەرتان نەیەشێنم، ڕۆشتم بۆ مالی مام(ک).
دوای سەلام و چاک و چۆنی، پێم گوت: کە لۆچ هاتیمە و دەستم کرد بە قسەی قەڵەو زل زل، کاکە ڕەمەزانە و کودەبیت برای موسڵمان لەگەڵ یەکتری بەینیان نەبیت، خوا ڕۆژووتان قبوڵ ناکات، دەبی هەر ئێستا ئاشت ببنەوە، کوڕە وڵاهی دنیای فانی و بێ قیمەت هەندەی ناهێنیت لێک عاجزبین، ژیان بەشی خۆشەویستی ناکات، چ جای ڕق، ئەو ژیانە حیزە دوو ڕۆژوو کەرتەکە، کوڕە دەمرین دەمرین.
مام(ک) لەنکاوڕا قسەی پێ بڕیم و گۆتی: چ چ؟
دەزانی کاکە مەلا، بایەک شت بە برازای خۆم برێم، تۆ مەلای گوندی و ڕێزت هەیە، بەڵامەکینێ باش گوێ بگرە، بزان چت پێ دەرێم، لەڕاهی خوای کاکە مەلا پێت دەڵێم: چاکی مەکە، باخراپ نەبیت. ئینجا جارەکیدی گۆتی با پێت برێم دەزانی چ ؟ گۆتم چ؟
گۆتی: کاکە مەلا، حاشاکی توو و ئامادەبوان، دوو کوڕیشی لەوێ بوون، بەڵام ڕێک داکی ئەوەی بگێم، کە بە من بڵێت وەرە لەگەڵ ئەو سەرک زل و قوون ئەستورەی ئاشتبەرەوە.
داکی ئەوەش بگێم کە تۆی ناردیە باشه؟
براڕۆ کە وای گوت، تەریق بوومەوە، عارد شەقی بردبایە، دەڕۆیشتمە ژێریەوە و لە شەرمان حەوت ڕەنگم گۆڕی و زانیم بە قسەی ئەو ئەو کابرایە و بە ملی شکاوم، کو چووم لۆ سولحەکەی، بەڵام نەمزانی کو ڕامکرد و گەڕامەوە.[1]