دایکم دوو گیان بوو !
دوای چەند ساڵیک بەر لە ئێستا
کوردستانی ڕۆژهەڵات ئازادە
کورپەکە گاگوڵکی کرد و گەورە بوو
چووە قوتابخانەی کوردی زمان
مامۆستا لێیانی پرسی
باسی میهرەبانی دایک و باوک بکەن
نورە هاتە سەر ئەم
نوتقی بڕا و دای لە پڕمەی گریان
دوایی کە هێمن بووەوە
گوتی مامۆستا من دایکی و باوکی خۆم نەبینیوە
کاتێ کوردستان داگیر کرا بوو
دایک و باوکم پێشمەرگەی دیموکرات بوون
لەو دێوی سنوور
بارەگایان لە شارێک بوو بە نێوی کۆیە
دەڵین دانیشتووانەکەی نیشتمان دوست و تێکۆشەرن
ئەو کاتەی ئاخوندەکان حوکمی ئیرانیان کرد
بۆردومانی ئەو شارەیان کرد
ئەو کات دایکم ئاوس بوو بە من
دایک و باوکم و چەندینی تر بەر بۆردومان کەوتن
گەرچی دوو هەفتەمان مابوو بێمە دونیاوە
بەڵام کە دایکم بەر موشەک کەوت
لە حەشمەتا من لە دایک بووم
ناویان لێ نام خەبات وفێری ئەم شیعرەیان کردم
داری ئازادی بە خوێن ئاو نەدرێ
هەرگیزاو هەرگیز بەر ناگرێ![1]
#هاورێ نەهرۆ#/ ئۆسلۆ
29-09-2022