خەوی غەفڵەت شکور لاچوو لە سەرما
کەوای جەهلم دڕی یەکسەر لە بەرما
دڵم وا گەرمە سووتاوم لە گەرما
ڕەفیقی من گەلێ مردوون لە سەرما
نە فکری نان و بەرگی من گرانە
نە دێو سووتاندنم ڕێگەی ژیانە
نە ئوممێدی دڵم دوعای بەیانە
ژیانی من بە ڕەنجی باڵ و شانە
ئەبەد ناگۆڕمەوە بە کەس کتێبێ
ئەگەر کۆڵێ ڕیاڵ و فلسی پێ بێ
---- ---- ---
---- ---- ---
نە ڕێگەی کەشف و عیلمی غەیب ئەزانم
نە بەرماڵی ڕیام بەستۆتە شانم
ئەڕێژم ئارەق و منەت نەزانم
بە زیللەت چاترە مردن لە مانم
نە چاوم وا لە شۆربای خانەقاوە
نە تەرتیباتی تەکیەم وا بە لاوە
نە تەزبیح و نە پرچم دان و داوە
نە کەشکۆڵ و دەفم بۆ نان و ئاوە
بە دۆعا نەمدی فلسێ یا قرۆشێ
وەیا فەوری لە جێ هەستێ نەخۆشێ
وەیا ئیجرای هەقی بێ دڵ بجۆشێ
وەیا دەفعی بکا سەورە و خرۆشێ
لە دنیادا کەسێ ناوی بەشەر بێ
ئەبێ پڕ غیرەت و ساحێب هونەر بێ
لە خەو بێزار و هۆشیار و خەبەر بێ
بژی شێرانە با شاڵی لە بەر بێ
کڵاشی نازکی قایم لە پێ کە
لەگەڵ شاڵی سپی چەن ڕێکوپێکە
لەبۆ ئەو ڕەنگە موشتاقم دەمێکە
دەسا خالق بەدڵ بۆم جێبەجێ کە
نە موحتاجن بە بۆیاخ و بە شۆرین
موناسب بۆ هەموو دیندار و بێ دین
مولائیم بۆ زەماوەند و شەڕ و شین
خراپی ئەم جلانە پێم بڵێن چین؟
مەکەن مەنعی زبانی لار و لەنگم
ئەمەندەم وت ئەوا نووساوە دەنگم
لە داخی دەردی دنیا زەردە ڕەنگم
ئەڵێی دوورکەوتەیی تریاک و بەنگم [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#