لە یەک هەتا شەش ڕۆڵە بخوێنە
تۆوی زانستی لە دڵ بڕوێنە
لادە لە نەزان زانا بدوێنە
لەناو هاوسەران هونەر بنوێنە
لەپاش خوێندنت شوو بکە بە لاوێ
بەراوردکراو لەناو چەند پیاوێ
شەریکی عومر و ماڵ و ژیان بن
هەردوو خەریکی پۆشاک و نان بن
ئەو لەم لاو لەو لا بۆت بێنێتە ماڵ
تۆش دامەنیشە بێکار و بەتاڵ
یا مەکینەیەک بێنەرە بەرهەم
بۆ جلدروونت لە زۆر و لە کەم
یا کڵاودروون یا سابوون کردن
دەسبەتاڵ مەبە تا وەختی مردن
پاشەکەوتێ کەن وەختێ کە بووتان
فریا ئەکەوێ ڕۆژی نەبووتان
کتێب گرەوەی دەسبڕی بێ دین
ڕێی ژووری نەدەی لەبۆ تێڕوانین
ئەوانە کە دێو سەمەنۆک ئەکەن
ماڵی تۆ بۆ چی بەتاڵان ببەن
بنێرن بۆ سەر قەڕاڵی فەرەنگ
غەزنەکەی بێنن سەراپا بێ دەنگ
خۆی و منداڵی هەتاکوو ماوە
تەواوی ناکەن هێندە لێشاوە
ڕۆڵە هەر پەنات پەنای خوا بێ
غەیری ئەو هەمووی لات کا و با بێ
ئەو پیرەژنانەی کە فەرهاد ئەکوژن
خەریکن خوێنی هەژار ئەمژن
وەکوو پێم وتی تەنها خوایە
دەرد و دەرمانی هەمووی لەلایە
بێهۆشت نەکا تەزبیح و بەرماڵ
سەد بار بلەرزێ ڕێی نەدەی بۆ ماڵ
پەنا هەر خوایە وازبێنە لە گشت
بێ ئەو ئارەزووت ناکەوێتە مشت
تەزبیحی سەد و یەک دانە داوە
بەرماڵ و پەردەی بنێ بەو لاوە
هەر خوایە تەنیا گیانمان لەبەرکا
هەر خوایە گیانمان لە بەدەن دەرکا
ئیتر باقی تر فێڵ و جادووە
ئاگات لە خۆت بێ هەتاکوو زووە
وەختێ ئەزانی کارت لێ ئەکا
ڕەهەندی مێرد و منداڵت ئەکا
ئامۆژگارییەکەی من نەبەی لە بیر
بە کاردێ کچم بۆ جوان و پیر [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#