داخ و جەخاری کیژی کوردستان
بەیان ناکرێ بە سەد داستان
لە ڕیزی بەشەر دەر کراونە دەر
خوارتر لە حەیوان کز و قوڕبەسەر
تا پازدەساڵی هەر وەکوو ڕەنجبەر
ئیشیان پێ ئەکەن لە دەشت و لە دەر
ئەمجا کە وەختێ داواکاری بوو
بە شەرتی شەرعی زوو ئەیدەن بە شوو
یا بە ماڵی زۆر داگیری ئەکەن
یا بە ژن بە ژن ئەسیری ئەکەن
ئەیدەن بە پیسێ یاخود بە پیرێ
بێچارە و ناچار زوو هەڵئەگیرێ
سەدی نەوەدی هەر نامرادە
هەرچەند لە شەرعا حوڕ و ئازادە
ئەوانەی کە وا بەدکردار ئەبن
لەتاو دەردی دڵ شێت و هار ئەبن
هەتا کەنیشکن بێ عەیب و لەکەن
لەکەدار ئەبن وەختێ شوو ئەکەن
هەرکامیان کە وا تووشی خەتا بێ
ئۆباڵ بە ئەستۆی باوک و برا بێ
دیسان ئەو کەسەیش مارەی ئەبڕێ
لە قیامەتا یەخەی ئەو ئەگرێ
من هەر دڵسۆزم دوژمن بە کەس نیم
بۆ خزمەت نەبێ من بەتەمای چیم
ئێمە پێویستە هەتاکوو ئەمرین
قەدری میللەتی ئەوروپا بگرین
چونکوو عالم و خاوەن سنعەتن
بۆ هەموو بەشەر زۆر بە خزمەتن
هەوەڵ مەکینەی شەوقی کارەبا
هەزار زەحمەتی ئێمەی دا بە با
کۆڵان و قوژبن وا ڕووناک بۆوە
دز و شەوگەردی تەواو پاک بۆوە
جنۆکە و دێوی کون و کەلەبەر
ناتوانن هیچیان سەر بێننە دەر
ئەو دێوە جاران خێوی کانی بوو
سەبەب تاریکی و هیچنەزانی بوو
ئێستاکە چونکە شەومان ڕووناکە
دێو فیراری کرد خێویش هیلاکە
لە گرمە و هاڕە و ناڵەی تەیارە
غۆلیش لە چۆڵا زۆر بێ قەرارە
ئەو ئەژدیهایەی چاوی وەک چرا
بە شەوی تاریک لە دوور ئەبینرا
ئەویش وەکوو دێو بە غاز و بۆمبا
ون بوو بەجارێ عومری چوو بە با
ئێستە ئەتوانین لە شار و لە کێو
بڕۆین نەترسین لە دێو و لە خێو
جا ئەگەر فەن و حیکمەت نەبایە
دێو پەرەی ئەگرت لە هەموو لایە
یاخوا قەومی وا دایم هەر بژین
گەر بیشمانکوژن حەیفە بیانکوژین [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#