داخی دوو ژنە لە سێ هەتا چوار
دایم لە دڵما پێچ ئەدا وەک مار
هەرچەندە من خۆم دوچاری نەبووم
تووشی ئەزیەت و ئازاری نەبووم
بەڵام پێویستە بۆ خوشکەکانم
بیکەم بە خزمەت هەرچی بزانم
بۆ پیاویش هەروا سەرگەردانییە
زەرەری دین و ماڵوێرانییە
هەر ماڵێ تیا بێ دوو ژن وەک دوژمن
دیواری پۆڵای دەردێنن لە بن
پیاویش هەرچەندە ڕەنج ئەدا بۆ نان
ئەوان لێی دەکەن بە دەرد و سندان
ژنی کۆن ئەڵێ کراس دڕاوم
هاوسەری کەم و جەرگبڕاوم
چەندساڵە لای خۆم ماڵداری ئەکەم
بە چنگ و نینۆک دینداری ئەکەم
بۆ چاو باشقاڵی مێردی بێوەفا
منی خستە ناو زیندانی جەفا
تازەکەیش ئەڵێ هەی وا لێکراو
دیارە خواردووتە ئاوی بێلغاو
دەمێکە ئەگرم بە خۆما دانم
تۆیش وا ئەزانی گێل و نەزانم
من حەیا و نامووس دەمبەستی کردووم
تۆیش لەلات وایە کز و دەممردووم
دەمدرێژی کەی گەر لەمە زیاتر
وەهات دائەشۆم لە مانگا چاتر
ئەهلی گەڕەکیش بچووک و گەورە
بێن بۆ سەیری تۆ نۆرە بە نۆرە
بۆ تۆزێ زەوق و یەک سەعات خۆشی
ئەم داخ و دەردە حەیفە بنۆشی
بۆ کەسێ هۆش و فیکری لە سەرە
بۆ دین و دنیای یەکسەر زەرەرە
خۆ عەدالەتیش جێبەجێ نابێ
پێشی حەرامە شەرعەن کە وا بێ [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#