ڕەمەزان و سەفەر
دوێ شەو لە خەوما بە شێوەی بەشەر
ڕەمەزانم دی هامڕازی سەفەر
هەردوو جووت بە جووت گفتوگۆیان بوو
گلەیی و بناشت ئەمن و تۆیان بوو
دەمێک بوو سەفەر لێی داخ بە دڵ بوو
لێی هات بە چۆکا یەگجار بە کوڵ بوو
وتی ڕەمەزان داشم سوارە
دەمێکە جەرگم پڕ لە جەخارە
من بۆ چی وەها ناوم بەدناوە
بە شوومی و ئاشووب زەنگم زڕاوە
خۆ تۆ چوار ساڵە سی ڕۆژەی تەواو
بەربوویتە ئیسلام ئەیانکێشیشە داو
بانە و مەریوان حدوودی ئێران
لە ئاشووبدایە مانگی ڕەمەزان
ئەم خوێنڕێژییەی کردووتە بە خوو
بۆ لە تۆ زیاتر کەسی تر نەبوو
لە هەووەڵ شەوتا لە سلێمانی
تۆپێکیان تەقان ناشێ نەیزانی
دە دوازدە کەسی کردن بە سیپاڵ
گریان و شینی خستە ناو سەد ماڵ
با لە ڕووی ڕاستی بێینە گفتوگۆ
میراتەکەی من کەوتۆتە لای تۆ
کەچی گوێ ئەگرم هەر جێی سوپاسی
هەزار شەڕ بکەی هەر پیاوی خاسی
هەردوو دەسکاری یەک وەستایەکین
هەر بیناکردەی یەک بەننایەکین
تۆ کام لەشکرت بۆ ئاغا شکاند
منیش کام کەعبەم سەرتاپا ڕووخاند
ئەگەر ئەمانە ڕوو بدەن لە من
خۆم ئەشارمەوە قوژبن بە قوژبن
وەڵامی ڕەمەزان
وا دیارە سەفەر گێلی نازانی
ئاخر لەگەڵ من کەی تۆ هاوشانی
ڕوتبەی من و تۆ عەرز و ئاسمانە
سەپان کەی هاوشان میر و شاهانە
چاوێک هەڵبڕە هۆشێ بێنە سەر
ڕەحمەت لەو کەسەی ناوی نای سەفەر
تۆ کوێری مەگەر یا فامت نییە
کە وا نازانی شەئنی من چییە
لە مانگی مندا نازڵ بوو قورئان
بووم بە خاوەنی سەد نەجمە و نیشان
بۆیە موسوڵمان بۆم تێ ئەکۆشن
هەزار عەیبم بێ بۆم دائەپۆشن
ئەو ڕۆژەی کە وا دنیای بینانا
گەورە و بچووکی بۆ عالەم دانا
تۆ لە دوازدە مانگ بچووکترینی
بۆچ وا بەتەنیا گەرمەبرینی
هەزار ساڵ بڵێی خۆت ناپیاو ئەکەی
خەیاڵی پەرش و پووچ و خاو ئەکەی
لە خۆت گەورەتر نایەتە زمان
تۆ چیت لەم ناوا هاتوویە مەیدان
ئەگەر ئارەزووی ڕیسواییت نییە
چەناگەبازی تەنیاییت چییە
گەورە و بچووکی نەختێ بفامە
بزانە شوێن و ڕێگەی خۆت کامە
پێ ڕانەکێشی بەقەد بەڕەی خۆت
بە مشاری تیژ ئەیبڕنەوە بۆت
ئەگەر لە سیاسەت بدوێی لەمەو لا
سەرەوژێر ئەبی قەسەم بە مەولا
ئیتر ئۆباڵی خۆت بە ئەستۆی خۆت
ڕۆستەم و زۆراب من ناخوێنم بۆت [1]
موفتی پێنجوێنی
دیوانی موفتی پێنجوێنی 2