گوڵەجام، چاوپشیلە
ئەم گوڵه چەندین جۆری له جیهاندا هەیە، پەلکی پان و ناسک و توکنە، له ناوچەی (#ڕانيه#) و دەوروبەری گەڵاکانی بچوکە، له (1 تا 2 سانتیمەتر) تێپەر ناکات، قەدێکی قەف قەفی دەرزيلەيی هەیە، توانای هەیە تا (10سانتیمەتر) لە زەوی جیابێتەوە، بەڵام دواتر دەکەوێت و توانای خۆگرتنی نيه له بەرزی، زۆرتر له زەوی دەخشێ، بەڵام خشۆک نیه.
هۆکارەکەی بۆ لاوازی قەدەکەی دەگەڕێتەوە، گوڵەکانی تاک تاک دەگرێت وەک دەزوولە خۆی جيا دەکاتەوە له لاشەکەی، گوڵەکەی وردە و له (1 تا 2سانتیمەتر) گەورەتر نابێت، له پێنج پەر پێک هاتووە و دوو جۆر ڕەنگی هەیه (وەنەوشەيی و پرتەقاڵی)، کەمەری قۆزاخەی گوڵەکەی بەخەتێکی مۆر جیادەکرێتەوە و ناوەندە کەشی زەرد باو خۆی دەردەخات، قەدی گوڵەکە زبرە و دەست دەگرێت به پێچەوانەی گوڵەکانی تر که له جیهاندا هەیە توکنە، بەڵام ئەوەی (ڕانیە) زبره له شێوەی مشار، گوڵێکی دێمیه، له مانگی نەورۆز - ئادار چەکەرە دەکات. له گوڵان - نيساندا گەشە دەکات و له کۆتايی جۆزەردان - ئايار گوڵەکانی دەکاتەوە و تا (3 ڕۆژ) گوڵەکەی خۆی دەگرێت و دواتر خۆی دەپێچێتەوە و دەوەرێت، له ڕووی پزیشکيەوە، چارەسەری گەشکە و نەخۆشيە هزریەکانی پێدەکرێت، ڕووەکەکە هەمووی بەیەکەوە بە کاردێت بۆ چارەسەری کۆخە، میزهێنه، سکچوون دروست دەکات، چڵک له سیەکان دەکاتەوە. دەبێت به وریایەوه له بواری چارەسەريدا بە کاربهێنرێت، بۆ چارەسەری پێست (خروو) و جگەر به کاردێت (بە وریاییەوە). چونکە خراپ بەکارهێنانی مرۆڤ توشی شلەژانی دەروونی و میزه چرکێ دەکات.[1]