بەڵێنک بۆ نیشتیمان
#گوڵزار حەمە فەرەج#
نیشیتیمان کێوەکانت
ئامێزیان بۆ تیشکی خۆر کردبوویەوە،
بۆ ئەوەی فریای وەسیەتی خۆر بکەون،
شادەماری ڕۆڵەکانت ببزوێنێت،
کانیاوە تەپیوەکانیشت بتەقێت و،
دارو بەردیش بخەنێتەوە،
کانی بەبیستنی ناوی تۆ،
بیستنی ژیایەوە،
و کزەبای دەنگیش بوژایەوە،
هەر چەند
بە کزەیەکی پڕ سەرزەنشتەوە لێم دەڕوانی و دەڵێی ئێستا وەک جاران بەرگریم لێناکەن،
دیارە لەمردن ئەترسن،
ئەی نازانن ئەوەی بترسێ،
ناخەلەسێ، مردنیش هەر مردنە،
منیش ئەڵێم نا نیشیتمان،
من لە بیلبیلەی چاوە ڕەشەکانتەوە چەشنە ئارەزویەک دەبینم
کە ڕەگی ژیانم پێ دەبەخشێ،
وڵات پایزیت،
لە پایزی ژیانی لاوانی دێ دەچێ،
بەڵێن بێت،
تیشکی دزراوی خۆرت بۆ بگێرمەوە،
بەریتمی تازە نیگای مانگت بۆ شیرینترکەم،
نا ئازیزم بێ هیوا نەبی لە من و لاوانی لادێت،
هیوای ئەستێرەکانت بە نێرگزە جاری بەهار دەسپێرین و وەک کۆترە باریکە
چاو بۆ خۆشی تۆ دەگێرین،
چونکە چاومان بۆ ئەوە کراوە کە ڕاستی ببینێ، ئەگینا کوێری لە بێدەنگی باشترە،
لەگەڵ لاوە هەرزەکارەکانی شار و سروشت مەبەستیانە هەڵۆ نەمڕێ،
بۆیە باری ماندوبونمان خستۆتە سەر چاومان و
مژدەی خۆشی ئەدەین بە خانوە قورەکان،
کە ئاسۆی ئەرخەوانی چوز دەردەکات و، بزوتنەوەیەیەک بەبیری تەزیوماندا دێت،
ڕۆژانی تەمەنی لاویمان بەرەو ئاوابون دەبەین لە پێناوت،
ئەوکات زەردەخەنەیەکی پڕ شادی و کامەرانی دەنیشێتە سەر لێوت و بە ئاسودەیی پێڵوی چاوە بێ ئۆقرەکانت لێک دەنێیت،
ئەو کات تیشکی مانگی زیوینت لە چاوەکانماندا پرشنگ دەدات و،
فڕمێسکی شادومانی لە چاوە جوانەکانت وەک مرواری ئەدرەوشێنەوە،
بە پرسێکی
راز ئامێز لێم دەروانیت و دەلێیت ئەوە بوو ئەم ویست پێت
بڵێم کە بزانم ڕۆحی فیداکاریت هێشتا تێدا ماوە بۆم،
منیش ئەڵێم ئەی نیشیتیمانم
بەیانیانت هێندە بێدەنگیەکی قورس و فەرمانرەوایە،
هیچ کەس ناتوانێ لە فەرمانی تۆ لادەر بێت،
چونکە بۆنی خاکت مێشک و هزرم ئاودەدات وەک گوڵێکی درەنگ ئاو دراو ئەگەشێمەوە پێت،
کاتێ چاو بە دەشت و دەرو سیمای جوانت دەکەوێ،
وەک ئەوەی خەیاڵێکی شیرین بەرم بدات،
ئاوا ڕائەچڵەکێم لە جوانیت،
وەک بڵێی پەروەێنم هەموو جوانی دونیایی لەتۆدا کۆکردبێتەوە،
سنعەتی خۆی لەتۆدا بەگەرخستبێ وایە.[1]