خۆزگە نیشتمان
#گوڵزار حەمە فەرەج#
لە فیکران ڕۆچوم
و
دەڵێن
گەنم دەبێت بمڕێت
بۆ ئەوەی
چەکەرەیەکی نوێ دەربکات
ژینێکی نوێ ببەخشێت
خۆزگە نیشتمان
لە مردنی گوڵە گەنمەکان
خەمەکانت لەنێو دەچوون
خۆزگە ئێسقانەکانم
دەبوون بە پرد
بۆ پەڕینەوەت و
بۆ بەختەوەریت
پێت لێئەنام و
بەسەرمدا دەڕۆشتی
تا ئیتر
نەهامەتیەکانت
هێندەو هێندەی تر
نەبینم
خۆزگە
کەدێم
بۆ بینینی شەقامی جوانت
و بۆ پڕکردنی سینەم
لەهەوای فێنکی سنەوبەرە
تەڕەکانت
دەڕۆزەکەرەکان
هێندە جێژوانی
من و تۆیان تاڵ نەدەکرد
و
وەک دەنگی تەرزە
کەلەبانێکی تەنەکە بدات
ئارامییان لێ تێک نەدەداین
شاری شاران
کەی !!
تۆ هێندە
دەرۆزەکەرت
بڵاو بوو
هەمو کات کاسە پڕ و !!!
پڕ هیوا بویت
تەنها لە قوڵای چاوەکانتەوە
خەمێک ئەدرەوشایەوە
ئەویش ئازادی بوو
وەک بەدوای ونبویەکدا بگەڕێن
بۆت
شادومانی ڕۆژانی
ئازادیمان بۆ هێنایت
وەک ئاوازێکی ئاشنا
وەک باڵندەیەکی دەنگخۆش
بە ئازادی
دڵمان پڕکریت لە شادومانی،
ئاوازی ئاشنای
ئێوارانت و
شیرینی سەر ڕوخسارت
هەزاران ئومێدی لەدڵماندا
چاند بوو
خۆزگە
خەمەکانت لەنێو هەزاران خەمدا
ون دەبوو
وەک دڵۆپەی باران
کە دوای ماوەیەکی زۆر ببارێتە سەر زەویەکی وشک
ون دەبوو
ئێستاش لەهێمنی نیگاکانتدا
چاوم لە بەندۆڵی کاتژمێری
سەر دیوارەکەمە و
کاتژمێرەکە لەگەڵ
تیک تاکی خۆیدا
خۆزگە هەموو نەهامەتیەکانت
تێپەڕێنێ
بەڕونی تێپەڕینی زەمەنی
جوانیەکانت
پێمان نیشان بدات و
وەک دڵێکی بەهێز و
خۆڕێکی گەرم لە ئاسمانی
دادپەروەریدا
تیشک بڵاو بکەیتەوە
وەک ئەوەی
بیرۆکەیەکی تازە بەزەینتدا بێت،
خەیاڵگەلی بە ئازار و هەوری ڕەش
بەڕۆکت بەر بدەن و
خاکیانە
هاونیشتمانیانت
پڕ سۆز و ئەوین بکەیتەوە.[1]