ناونیشانی پەڕتووک: دیوانی #شوکری فەزڵی#
ناوی نووسەر: کاروان عوسمان خەیات
شوێنی چاپ: #سلێمان#
پوختەتەیەک لەسەر چۆنێتی چاپکردنەوەی دیوانەکە:
دیوانی “شوکری فەزڵی” لە کۆکردنەوە و ساغکردنەوەی، کاروان عوسمان خەیات پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کرا. کاروان عوسمان خەیات، ئامادەکاری دیوانەکەی شوکری فەزڵی لە وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ ماڵی کتێبی کوردی گوتی: ساڵی 2009 کە دیوانی شوکری فەزڵیم چاپ کرد، ئەوکات دەستنووس و کەشکۆڵێکی ئەوتۆم لە بەردەستدا نەبوو، دوای ئەوە بۆم دەرکەوت کە مامۆستا ئازاد عەبدولواحید لە شاری هەولێر خەریکی دیوانی شوکری فەزڵییە و ساڵانێکە مەشغووڵی ئه و کارەیە، بەڕێزیان لەبەر نەبوونی هەندێک وتار و بابەتی شوکری کە تاکو ئێستا دەستی نەکەوتووە، چاپی نەکردووە. لە دەوری مانگی سێ و چواری ئەمساڵدا ویستم دەستنووسەکانی نەجمەدین مەلا کۆ بکەمەوە و شیعرە بڵاونەکراوەکانی نێو ئه و دەستنووسانە گردوکۆ بکەمەوە و بەراوردیان بکەمەوە و بەشێوەیەکی زانستی چاپیان بکەم، بەڵام دوای ئەوەی تەماشام کرد ئەم کارە ماوەیەکی زۆری دەوێت و هەندێک لە دۆستانیش چەند جارێکە پێشنیاریی ئەوەم بۆ دەکەن کە پرۆژەی دیوانۆچکە یان بەشێکی دیوانی شاعیران ئەنجام بدەم، چی دی شیعری ئه و شاعیرانە بە پرژوبڵاوی نەمێنێتەوە، ئەم کارە وەکو یەکەم کار بە پرسوڕای هاوڕێیان و دۆستانم دەستم دایە و ئەنجامم دا.
ئەم دیوانۆچکەیە ئه و شیعرانە لەخۆ دەگرێت کە لە دەستنووس و کتێبە چاپکراوەکانی بەردەستمدا هاتووە، زیاتر پشتم بە دەستنووس بەستووە و دەستنووسەکانیش هیی دەورەی شاعیرن و باوەڕ پێکراون، هەرچی شیعرێک دوو جار لەنێو دەستنووسەکانیشدا هاتبێت، بەراوردم کردوون و ئاماژەم پێیان داوە. لەم دیوانەدا هەندێک شیعری تێدایە لە چاپەکانەوە وەرم گرتووە و لە دەستنووسەکانی بەردەستمدا نەهاتبوو، ناچار بووم لەوانەوە وەری بگرم. هەندێک سەرچاوەیش هەبوون نووسین و شیعرەکانیان دووبارە بوون، هەوڵمدا شتی دووبارە نەنووسم و دیوانۆچکەیەکی پوخت و پاراو ئامادە بکەم.
سەبارەت بە ژیانی شاعیریش ئەوا جگە له و یەک دوو دەستنووسە، هەندێ سەرچاوەی چاپی هەیە کە بەشێکی زۆریان دووبارەن و لە یەکەوە وەریان گرتووە، من تەنیا چەند سەرچاوەیەکیانم وەرگرتووە و نەم ویستووە دووبارەیی و ئاڵۆزیی بۆ خوێنەر دروست بکەم. دوو بابەتی گرنگیش لەسەر شوکری فەزڵی نووسراوە، ئه و بابەتانەیشم لێرەدا هێناوە، یەکیانم وەکو پێشەکیی داناوە و ئەوی تریشیان لەبەر ئەوەی بە بابەتێکی گرنگم زانی، پێم خۆش بوو لە کۆتاییدا بیهێنم.
بابەتەکەی مەلا جەمیلی ڕۆژبەیانی زۆر خاڵی گرنگی لەسەر ژیان و شیعری شوکری فەزڵی تێدایە و قسەوباسی نێو شیعرەکان و ساغکردنەوە و بیرەوەریی ئەم و ئه و و قووڵبوونەوە بۆ نێو ژیانی مناڵی شوکری و شەڕەشیعری شوکری و شێخ ڕەزا، هەرکەسێکی تریش بێت ئەم باسە بێ چەند و چوون دەکاتە پێشەکیی دیوانۆچکەیەکی وەها. لە لایەکی تریشەوە قسەکانی مەلا جەمیلی ڕۆژبەیانی و ئه و دەستنووسانەی لێرەدا بەراورد کراون دەخاتە پای تەرازووی ڕەخنەیی و لێکۆڵینەوەی ورد و دەقیق، هەر ئەم باوەڕە وای کرد کە ئه و بابەتە وەکو پێشەکیی دیوانۆچکەی شوکری فەزڵی دابنێم.
لە بەشێکی تریدا دەستنووسەکانم ناساندووە و وێنەیشیانم داناوە، بەمەیش گرنگییەکی تری ئەم دیوانۆچکەیە دەخاتە ڕوو. ئه و شیعرانەی کە لەم دیوانۆچکەیەدا هاتووە، بەتایبەت شیعرەکانی شوکری، وەکو مەلا جەمیل باسی دەکات، شوکری فەزڵی لەچاو شێخ ڕەزادا شاعیرێکی وەها گەورە و دەقیق و ورد نەبووە لە ڕووی ڕەوانبێژیی و شیعر دانانەوە، هەر بۆیە لە هەندێک جێگادا گرفتی کێش و سەروا دەبینەوە یان هەندێک زەرووریاتی شیعری و وێنای نەشاز، ئه و گرفتانەیش بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە، یەکیان نەبوونی دەستنووسی شاعیر و ئەوی تریشیان هەڵەی کاتبان، هەر بۆیە تا ئێستا ئەوەی لە بەردەستدا هەیە دەخرێتە بەر دیدی خوێنەران و لە هەڵە بەدەر نییە.
هیوادارم ئەم بەرهەمە مایەی بنچینەی دیوانێکی باش و زانستی بێت بۆ شوکری فەزڵی و هەوڵێکی جدی بێت بۆ ساغکردنەوە و دۆزینەوەی تەواوی بەرهەمەکانی شاعیر.[1]