دڵبەرا پەی ڕووی فیراقت دڵ دەناڵێ چون ڕوباب
بۆ دوو ئەبرۆی میسلی تاقت بەندی جەرگم بوو کەباب
بوو بە بریان توێی دەروونم، چاو پڕ ئەسرین دڵ زەبوونم
مەحبووبا وا بۆت جنوونم، لێم حەرامە خورد و خاب
خاب و خۆراکم گرینە، ڕەحمەتەن لیعالەمینە
ڕەحمێ کە بە منی حەزینە، با کۆتا بێ ئەم عەزاب
با کۆتا بێ داخ و دەردم، ناڵەناڵ و ئاهی سەردم
بێئەجەل وا بۆ تۆ مردم، پێم بدە جامێ شەراب
پێم کەڕەم کە جورعەیی مەی، لەو مەیەی مردوو دەکا حەی
تۆ بە حەققی ساحەبی مەی، با لە بەین لاچێ حیجاب
با لە بەین لاچێ حیجابە، مەحبووبە ڕۆژی خیتابە
وا دەکەم ئەز خۆم حیسابە، کەمترینم از کیلاب
کەمترینم از سەگانت، از سەگانی پاسەبانت
جانی من قوربانی جانت، گوڵڕوخی ڕوو ئافتاب
ئافتابی شەوقی عالەم، سەروەری از نەسلی ئادەم
بۆ ڕوسوول تۆ بووی بە خاتەم، ئەی شەهی عالیجەناب
ئەی شەهی (لەولاکە لەولاک) تۆ لە نووری، ئادەم از خاک
جوملەیی شێخ و وەلی پاک، بوون لە سایەت فەیزیاب
بوون لە سایەت ئەز بەقوربان، مەحرەمی ئەسراری سوبحان
قەلبی عاسیم بوو بە بریان، لەم سەرەڕێی ماڵ خەراب
ماڵ خەراب و دڵ نەخۆشم، عاشقی بێهۆش و گۆشم
خوێنی جەرگی خۆم دەنۆشم، کوورە ئاسا دڵ بەتاب
کوورە ئاسا دڵ بەتاوم، لەت لەتە جەرگ و هەناوم
وا بە عیشقی تۆ سووتاوم، کەوتمە حاڵی ئیزتیراب
حاڵپەریشان، دەردەدارم، خەستەتەن دڵ پڕغوبارم
هێندە من بێئیختیارم، نایەتە حەدد و حیساب
ئەی شەهی ڕەببی جەلیلە، ئەحمەدی کۆری زەلیلە
دامەنی گرتووی دەخیلە، نەیخەیە سەختی و عیتاب
ئەحمەدی کۆری هەژارە، چاوەڕێی لوتفێکی یارە
تا بڵێی بێئیختیارە، نایەتە حەدد و حیساب
#ئەحمەدی کۆر# [1]