تا بە مەحشەر هەر دەبێژم ئەی سەڵا لە منی غەریب
فانی بوو عومری درێژم نەمدی ڕووی شۆخی حەبیب
نەمدی تێر دیداری یاران، چاو بە خوێن چون سەیلی باران
بووم بە سەرمایەی جەغاران، لێم بڕا سەبر و شەکیب
لێم بڕا سەبر و سکوونە، کردمی حەسڕەت زەبوونە
جان و دڵ غەرقابی خوونە، دڵ کەبابم بۆ تەبیب
کوا تەبیبی میهرەبان بێ، مەرهەمی دەردی دڵان بێ
یەکدڵ و قەلب و زبان بێ، نەک بە زار و دڵ قەلیب
نەک بە زار و دڵ درۆ بێ، مۆم زبان و توندخوو بێ
هەر چی دیتی دڵ لە دوو بێ، هەر دەمەی بۆ یەک نەسیب
هەر دەمەی بۆ یەک بە داغ بێ، چون سوهەیلان عەزمی داغ بێ
دوم خورووس و دڵ چۆ زاغ بێ، پڕ فسوون، مەکر و فەریب
پڕ فسوون و مەکر و فێڵ بێ، گومڕەهی شەیتان و وێڵ بێ
تا بڵێی سەد چەند زەلیل بێ، نەزدی نادانی لەبیب
نەزدی نادان عەبدی چاک بێ، دڵ بە فیعلی بەد هیلاک بێ
زاهیرەن ساحیب سیواک بێ، بەدنەژاد و ڕەنگ نەجیب
بەد نەژاد و شکڵ خاس بێ، شەڕ مەئال و بێ ئەساس بێ
خۆش خوراک و خۆش لیباس بێ، نەغمەخوان چون عەندەلیب
عەندەلیبی نەغمەبێژ بێ، جەنگجوو و خوێنڕێژ بێ
ئاگری عالەم برێژ بێ، وا لەسەر مینبەر خەتیب
واعیزی مینبەرنشین بێ، سۆفیی ناپاک دین بێ
موفسیدی سەر ڕووی زەمین بێ، چونکە بۆ عەبدان مونیب؟
زاهیرەن سۆفی حیساب بێ، باتینەن دڵ پڕ غوراب بێ
چەرخ دەم وەک ئاسیاب بێ، قەلبی (فِي شَکٍّ مُرِيب)
قەلبی (فِي شَکٍّ) مەریز بێ، مەعینی دەردی عەزیز بێ
حاڵ هیلاک وەک ئیبلیس بێ، نائومێد بێ یا موجیب
قەلبی (فِي شَکٍّ) بە دین بێ، مفتیی سەر ڕووی زەمین بێ
حاڵ هیلاک شەیتان لەعین بێ، نائومێد بێ یا موجیب؟
جیفەیی دنیای لە دڵ بێ، خەرقەیی تاعەت لە مل بێ
زاهیرەن باغی بە گوڵ بێ، باتین ئاتەش پڕ لەهیب
ئاتەشی پڕتاب و دوود بێ، پڕ هەوا و نەفس و جوود بێ
مەئیووسی لوتفی وەدوود بێ، نائومێد و دڵخەسیب
نائومێد ڕۆژی حیساب بێ، موددەیی چەند دەر عەزاب بێ
باتینەن گەرچی خەراب بێ، زاهیرەن (هل من قریب)
دڵ دەکا پێی ئیعتیبارە، چی نەزانێ وەجهی کارە
لێی ڕەها نابێ چ جارە، بۆی شەقیم نەفسی تەلیب
بۆی شەقیم با نەفس و جانە، دەمع و فرمێسکم ڕەوانە
ئەی دڵی ناشی بزانە، چەند کەسی کردن نەسیب
هەر کەسی ئەو حاڵ تەڵەب بوو، پڕ تەماح و خوشکلەب بوو
بەر دەمی شیبهی عەتەب بوو، عاقیبەت ناری نەسیب
(ئەحمەدی کۆر) هیچ نەزانی، عالمی دەور و زەمانی
دات بە با عومری جەوانی، کەس نەکا شەرحی قەریب
#ئەحمەدی کۆر# [1]