دڵبەرا داییم دەناڵم ئەز لە سینەی پڕ لە دەرد
جارێ ناپرسی لە حاڵم بۆت دەکێشم ئاهی سەرد
بۆت دەکێشم هەندە زەحمەت، سەرزەنشت و لۆم و میحنەت
یاری ساحێب شەرت و نیەت، وەختە دڵ بۆت بێ بە گەرد
وەختە دڵ بۆت بێ بە خاکە، ڕوومەتت پڕ لە نوور و پاکە
هەر لە جێ دەردم دەوا کە، سەد برینت تازە کەرد
سەدهەزار زامانی تازە، جێی خەندەگ و نێش و گازە
ئەمڕۆ ڕەندم دیدە بازە، توند و تیژ ئازادەمەرد
جارێ یار نەیدا وەسەرمە، بۆچی ناپرسێ بە نەرمە
لێی هەڵگرتن عار و شەرمە، زەعفەرانم ڕەنگ زەرد
ڕەنگ زەردم هەر وەکوو بەی، ئاه و ناڵەم دێ پایەپەی
هات و دایمێ جورعەیێ مەی، سەعی و ڕەنجم دا لە بەرد
سەعی و ڕەنجم بە عەبەس چوو، عومر و دڵ لە ڕێی هەوەس چوو
تا لەنێو قالبم نەفەس چوو، خوێنی جەرگی خۆم خوەرد
خوێنی جەرگ قووت و تەعامە، ئاه و ناڵەم سوبح و شامە
دڵبەری مەست و خەرامە، سونبول و ڕیحان و وەرد
سونبول و ڕیحانی تەڕ بوو، هیند و ڕۆمم لێ بە شەڕ بوو
تەختی ویم لێ موستەقەر بوو، هاتنە سەر من فەرد فەرد
ئەحمەدی کۆر دڵ بزووتی، جوستوجۆت وەک عەنکەبووتی
ئەو کەسەی وا بۆی دەسووتی، کردیە قەیس و نای لە هەرد
ئەحمەدی کۆر بەس خەیاڵ کە، حوببی دنیایە بەتاڵ کە
مەدحی یاری نوور جەماڵ کە، وا خەلاس کە خۆت لە دەرد
#ئەحمەدی کۆر# [1]