بڕوا عەلادین
لولخواردنی مێیینه لە سێ ڕووبەردا
ئۆپەرێتی مناڵان، پێشبڕکێی شاجوان و نمایشی جلوبەرگ
لێرە و لەوێ جارجار دەبیستین کە گوایە پێگەی ژن لە ئێستای دراما و #سینەمای کوردی#دا گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و هەژموونیان بەسەر دیمەن و گرتە و دیالۆگەکاندا زیادی کردووە، وەکچۆن پڕکردنەوەی زووم و ڕووداوەکان بە ئەوان زۆر زیاتر بووه لە نیشاندانی پیاوان. ئەم جۆرە گوتارە کە بە بێ توێژینەوە لەوەی کە باس لە چ ژنێک و چۆن ژنێک دەکات، وەهمی ئه و گوتارەی لا دروستکردووین کە گوایە چیدی لە سەردەمی پاڵەوانه نێرینەکاندا ناژین و هەژموونیان بەسەر سینەما و دراما و نواندندا نەماوە، گوتارێک کە زۆر نابەرپرس و دوور لەهەر توێکاریکردنێکی خەسڵەتی ئه و مێینەیەی کە درامای کوردی بەرجەستەی دەکات، شاگەشکەیە بە وەهمی قۆناغێک لە دراما کە دەشێت بە قۆناغی پۆست- پاڵەوانە نێرینەکان ناوی ببەین. ئەم چەشنە گوتارە لەسەر دوو هەڵەی ستراتیژی داڕێژراوە کە یەکەمیان تێکەڵکردنی دراما و ئۆپەرێتی مناڵانە بە دراما لەسەر ئاستە گشتییەکە وەک بەرهەمهێنانی گوتاری کولتووری، پاشانیش سەرلێتێکچوونیەتی لەوەی کە نمایشی جلوبەرگ و پۆشاک، چێشت و خواردەمەنی یا شاجوانی کوردستانیش هەر بە دراما و سینەما تێبگات.
گومانی تێدا نییە کە دەرکەوتنی مێیینە لە ئۆپەرێتی مناڵاندا گەشەی کردووە، دەرکەوتنی مێیینە لە کایەی شاجوان و نمایشی پۆشاک یا دەرکەوتنیان لە نمایشی هەڵپەڕکێ و گۆرانیدا لەبرەودان و بەره و پێشەوە دەچن (ئۆپەرێتەکانی فوئاد مەولانایی لە تیڤی خاک و کوردسات بۆ نموونە یان کچەکانی هەڵکەوت زاهیر و پێشبڕکێ و ئیدۆڵەکان)، بەڵام ئەمانەیش هێشتا هەر دەرەنجامی نووسەر دانەرێکن کە نێرینەیە و بارگاویان دەکات بە سیمبول و بەهاکانی خۆی. هەر بۆیە تاوەکوو وەهمی ئەم گوتارە هەڵبوەشێنینەوە: وەهمی لەدایکبوونی مێینە و قۆناغی پۆست- نێرینەکان، سەرەتا دەبێت، گەر بە خێراییش بێت بگەڕێیینەوە بۆ سەرەتاکانی هاتنی ژن و دەرکەوتنی لە دراما و نواندنی کوردیدا (دیارە مەبەستمان لە باشوورە)، تا وێنەیەکی کەمێک ڕوون و ئاشکرامان دەربارەی بابەتەکە لەلا دروست ببێت، چونکە بە بێ باسکردن له و ئەرشیڤە کە تەواو نێرانەیە و سەردەمی زێڕینی پاڵەوانەکانی درامای کوردین، قسەکردن لەسەر پێگە و پایەی ژن لە درامای کوردیدا، جۆرێکە له خۆهەڵخەڵەتاندن.
دراما وەک قۆناغی ئاڵتونیانەی نێرسالاری
هەموو قسەکردنێک لەسەر درامای کوردی، بە ناچاری دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئارشیڤێکی نێرانە! به و مانایەی کە باس لە جیهانێک دەکەین ڕەنگڕێژکراو بە دەستەوپەنجە و خەیاڵ و فانتازی و دواجاریش نیگای پیاو: جیهانێک کە تیایدا پیاو گێڕەرەوەیە، ئەکتەر و نمایشکەرە، دەرهێنەر و وێنەگرە، نووسەر و دانەرە، هەم دیکۆرستیەتی و هەم ماکیاژکەره…. هتد. درامای کوردی مەحکومە بە پیاوسالاری، چونکە لە بنەڕەتدا دەرکەوتنەکانی سەرەتای جیاناکرێنەوە لە داگیرکردنی کۆی پانتاییەکانی و پاڵەوان و حیکایەتەکانی لەلایەن پیاوەوە. تۆ بڕوانە ئه و کارە درامی و هونەریانەی سەرەتاکانی نواندن و نمایشی کوردی – کە گوتارێکی باو و تاڕادەیەک جێگیری هەیە و بە سەردەمی زێڕین و ئاڵتونی هونەری نواندن و درامای کوردی دەزانن – لە پیاو زیاتر چی تر دەبینیت؟ بڕوانە پاڵەوانەکانی (خولەچەخماخه)، لە کارەکتەرەکانی (جەنابی موفەتیش) وردبەرەوە، سەیری سترەکتوری کەسێتیەکانی (لانەوازان) بکه، چی دەبینیت؟ کۆمەڵێکی پیاوی دەمووچاو دووبارەن کە وەک هەڵاوێردێکی هونەری و درامی، لە ژێر کاریگەرییەکانی ئەدەبیاتی سۆڤێتی بۆ تراژیدیا و هەژموونی کۆمیدیای ڕوسی و فەرەنسییەکانی وەک (پاڵتۆ)کەی گوگول یا (پیسکەی تەڕپیر)ی مولێردا ژیان دەگێڕنەوە و ئارشیڤ و مێژووی هونەری دروستدەکەن. له و نێوانەدا تاکە ئیشێک کە کرابێت و تایبەت بێت بە قسەکردن لەسەر پرسی ژن، درامای (ژن بە ژن)ه، کە وا چاوەڕوان دەکرێت ژنان ڕۆڵێکی بەرچاوی تێدابگێڕن، بەڵام بە پێچەوانەوە لەوێشدا هەر پیاوە ڕۆڵی ژن دەبینێت، پیاوە بەرجەستەی دەکات. گەر تەمسیلی ژن بە ژن سەرەتاکانی بوونی کێشەی ژن بووبێت بە بابەتێکی هونەری بۆ دراما و مەرجی ئەوەمان بەسەردا بسەپێنێت کە زۆرترین ژن له و ڕووداوە دراماتیکیانەدا ببینین، ئەوا ڕێک پێچەوانەکەی دەبینین: جیهانێک دەبینین کە سەرتاپا کارەکتەرەکانی پیاون: دایک پیاوە، بووکێ پیاوە، خوشک و خەسووەکانیش تیایدا هەر پیاون لەبەرگی ژندا. وەک دەبینیت مێژووی درامای کوردی تەمەنێکی زۆری دەوێت تا خودی ژن وەک فیزیک و جەستە تیایدا دەربکەوێت، بەتایبەتی لە دوای هەشتاکانەوە کە ئیدی هەستبکەویت پاڵەوانێکی سەرەکییە لە ململانێیەکدا کە دەبێت یەکاڵابکرێتەوە. ئێمە لەگەڵ زنجیرەکانی وەک (ژاڵە) و (گوڵاڵە)، (ڕەجەب)، (لاس و خەزاڵ) یا (خانزاد)دا بۆ یەکەمجار ژن بە فیزیک و جەستەی خۆیەوە دەبینین نەوەک کەسایەتییەک بێت فەیک و هەڵبەستراو، ڕیشنێک بێت کە بە زەبری ماکیاژ کرابێتە مێینە، چونکە تەنانەت لە درامایەکی وەک (بووکی ژێر دەواری ڕەش)یشدا هەر ئامادەیی ژن (مێیینە) وەک فیزیک نابینین. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە داخۆ ئەم ژنانە توانیویانە کۆتایی بە سەردەمی پاڵەوانە نێرینەکان بهێنن؟
ژن وەک ئەکتەری کۆمەڵایەتی یا ئەکتەری سینەما
گەر وەک چوارچێوەیەکی تیۆری بخوازین لە دوالیزمەی ئەکتەربوون لەنێوان کۆمەڵگه – سینەمادا تێبگەین، ناتوانین تێزەی یەکێک لە هەرە بەناوبانگترین سۆسیۆلۆژەکان فەرامۆشبکەین کە ئەویش ئێرڤین گۆفمانە. بەڕای گۆفمان کۆی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی ئێمە بۆ خۆی جۆرێکە لە دراما و شانۆگەری. لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی (من و دەمامکەکان) تیۆرەکەی لەسەر ئه و بنەمایە داڕشتووە کە مرۆڤ بە کرۆکی خۆی لەنێوان ڕۆڵ و دەمامکدا، لەنێوان تەختی شانۆ و کوالیسەکەیدا گیری خواردووە.
بە باوەڕی من هەمیشە کۆمەڵگە و هونەر لە ململانێی شاردنەوە-دەرخستن، چەپاندن- ئازادکردندا بوون، هەمیشە هونەر خواستی بووە کە ئه و ئارەزووانە بەیان بکات و نیشانبداتەوە کە مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسی شاردوونیەتییەوە
گۆفمان پێ ی وایە کە خودی ژیانی کۆمەڵایەتی هیچ نییە لە ستەیجێک بۆ درامایەک کە بەپێی بکەر و ڕووداوەکان دەگۆڕدرێن، ڕۆڵەکانی تێدا دابەشدەکرێن و دەماکێکت لێدەسەننەوە یان ناچارت دەکەن تۆ بە ئێکسسوار و ماکیاژ، پۆشاک و دیالۆگێکی ترەوە بێییتەوە ناو ڕووداوەکانی شانۆکە. تۆی مرۆڤ ئەکتەر و نمایشکاری درامایەکی کۆمەڵایەتیت کە بکەر و نووسەر و دانەرەکانی ناچارت دەکەن چ ڕۆڵێکت هەبێت، کەی لە کوالیسدا بیت و کەی لەسەر ستەیج ئامادە بیت، چەند قسه بکەیت، چەندە ئامادەییت هەبێت و کۆرس یان پاڵەوان بیت، گەر پاڵەوانیش بیت چ چەشنێک پاڵەوان بیت؟ کۆمیک یا تراژیدی بیت، دایکە ئازاکە بیت یان کچە سۆزانییەکە، ئەمە تێزەیەکە کە سۆسیال-سایکۆلۆژێکی وەک (پۆڵ مۆخنس)یش لە تێزەکەیدا پاشتر جەختی لەسەر دەکاتەوە: ئەوەی کە وەک مێینە سۆزانی بیت یان دایکی مەسیح بیت، جادوگەرێک بیت کە بە فیتنەکانت ئاشوب دەگێریت و دەبێت بسووتێندرێیت (وەک ئەوەی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەیبینین) یان شاژنێک بیت کە بەهۆی جەستەتەوە دەتوانیت دوو ئیمپراتۆری ناکۆک یەکبخەیت، بەوەی کە هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕی بنەماڵەیەکیاندا بکەیت (دراما مێژووییەکانی هاڵیوود پڕن لە نموونەی ئەم ژنە پاکە سێکسییە یەکخەرە). بە کورتی و لەبەر ڕۆشنایی تێزەکەی گۆفماندا، دراما شتێک نییە نامۆ بێت بە مرۆڤ، بەڵکو کرۆکی ژیانی ڕۆژانە و کۆمەڵایەتیی ئه و خۆیەتی. بەڵام بۆچی دراما وەک هونەر جیایە لە کۆمەڵگە؟ بۆچی نابێت کارەکتەرە سینەماییەکان هەمان کارەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان بن؟
عومەر چاوشین ئەکتەر، لە نێوان هونەرمەندان فوئاد ئەحمەد و ڕەسوڵ گەردی
بە باوەڕی من هەمیشە کۆمەڵگە و هونەر لە ململانێی شاردنەوە-دەرخستن، چەپاندن- ئازادکردندا بوون، هەمیشە هونەر خواستی بووە کە ئه و ئارەزووانە بەیان بکات و نیشانبداتەوە کە مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسی شاردوونیەتییەوە. کارەکتەری هونەری و سینەمایی بەوە له کۆمەڵگە جیان، کە بەتەنها ئه و بوونەوەرە سۆسیۆلۆژییە نین کە گۆفمان باسیان دەکات، بەڵکو هەڵگری چێژ و زامەکانیشیانن، گێڕەرەوەی چیرۆکی ژان و پەژارە و خۆشەویستیەکانیشیانن. ئەوەی کە پێگەی ژن یا مێینەی لە دراما و سینەمای کوردیدا لاواز و بێفەڕ کردووە هەژموونی ئه و وێنەیەی پیاوی کوردە بۆ ژن کە خۆی خاوەنی ئارەزوو نییە، زمان و گوزارشتی خۆی نییە بۆ خۆشەویستی و ئازار دەربڕین، لەبنەڕەتدا هەر پڕۆژەی نییە وەک تاکێک (وەک ئەوەی لای مادام بوڤاری دەیبینین بۆ نموونە)، مێیینەی کوردی مەحکومە به و ڕۆڵانەی کە پیاو دەیداتێ وەک دابەشکەری ڕۆڵ، وەک خاوەن تێکست و خاوەن دید، ئەمە لە ئەدەب و لە سیاسەتیشدا هەر وابووە. ژن خۆی پڕۆژەیەک نییە، ئامانجێک نییە، بەڵکو ئامرازێکە یان ئەوەتا دەبێت ڕۆڵی دایکێکی پیرۆزت بۆ ببینێت لە بەرگە ناسیۆنالیستیەکەیدا کە زۆر دیماگۆگ و پەروەردەییە، یان دەبێت ڕۆڵی ژنێکی سەلار و سەنگینت بۆ ببینێت کە ئاگاداری مناڵەکانیەتی و پابەستەی ئه و چەترە خێزانییەیە کە مێردەکەی هەڵیداوە، یان کچێکە کە ململانێی خۆشەویستی لەنێوان دوو خێزاندا لەسەرە وەک ئەوەی کە لە گوڵاڵەدا دەیبینین و ناتوانێت لەپێناوی خۆشەویستییەکەیدا بڕیار بدات و شکسپیریانە وەک ژۆلێت ئامادە بێت بەرگری لێبکات، یان دەبێت خوشکێکی بەئەمەک بێت بۆ پڕۆژەی براکەی (وەک ئەوەی لە ژاڵەدا دەیبینین). تەنانەت لە کارەکانی وەک یەلماز گونەی یا بەهمەنی قوبادیشدا ئێمە مێینە نابینین: ژن دەبینین، کچ دەبینین، خوشک دەبینین، بەڵام مێیینە نابینین.
بەکورتی، دراما و سینەمای کوردی تا ئێستایش مەحکومن بە هەژموونی خێزان و خێزانگەرایی (چەمکی فایمەلیانیزم وەک ئەوەی لای دۆلوز بەکارهاتووە) بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە تێگەیشتنێکی دەروونشیکاریانە بۆ خێزان لە بنەڕەتدا بوونی هەبێت.
دینا سۆرەکانی درامای کوردی کە پیاوەکانین لە ترۆپکی ناوداربوون و پرشنگداری خۆیاندان، ئەوە خولەپیزەیە، ئەوە مامەڕیشەیە، ئەوە شێخ مەحمودی نەمرە، ئەوە جوامێرە لە ژانی گەلدا، درامای گەردەلول هەمان شتە، مەمی ئالان لە (مەم و زین)دا، (فەرهاد) لە شیرین و فەرهاددا… هتد. چونکە لەبنەڕەتدا کولتوورێک هەیە پاڵەوانەکانی پیاو بوون، گێڕەرەوە و نووسەرەکانیشی هەر پیاو بوون.
بۆ ئەوەی ژن لە سینەما و درامای کوردیدا پێگەی هەبێت و پاڵەوان بێت، دەبێت سەرەتا له و سێبەربوونەی دەربچێت و خۆی گێڕەرەوەی چێژ و ئازارەکانی بێت
تا ئێستایش دانەر و دەرهێنەر و ئەکتەری کورد نەیانتوانیوە درامای هونەری و سینەمایی جیابکەنەوە لە درامای کۆمەڵایەتی و کێشمەکێشی سیاسی، وەک چۆن نەیشیان توانیوە ئامادەکردنی ئەکتەری کۆمەڵایەتی جیابکەنەوە لە پەروەردەکردنی ئەکتەری درامی و سینەمایی. ئەکتەر وەک لە کتێبە بەناوبانگەی ستانسلافسکییەوە (ئامادەکردنی ئەکتەر) گەیشتۆتە درامای کوردی، لەبنەڕەتدا بێلایەنە و تەواو نەڕەگەزێندراوە، بەڵام لە دراما و شانۆی کوردیدا تەواو دەنێردرێندرێت و پۆلێندەکرێت.
دواجاریش، بۆ ئەوەی ژن لە سینەما و درامای کوردیدا پێگەی هەبێت و پاڵەوان بێت، دەبێت سەرەتا له و سێبەربوونەی دەربچێت و خۆی گێڕەرەوەی چێژ و ئازارەکانی بێت، چاوەڕوانی ئەوە نەبێت کە پیاوێک هەبێت بتوانێت وەک خۆی بیگێڕێتەوە و بیبینێت، گەرنا بە دەردی (ڕەحە چلدەم) و ئه و دایکە دەمگەرمە دەمدرێژە دەچێت کە لە تەمسیلی (ژن بە ژن)دا لەلایەن پیاوێکەوە (عومەر چاوشین) وێنەی ژنی پێ بونیاد دەنرێت: ژنێکی جگەرەکێشی دەمەوەر کە هیچ پیاوێکی سەر زەمین بەرگەی ناگرێت. بەکورتی، ژن لە دراما و سینەمای کوردیدا، تا ئێستایش نەیتوانیوە قۆناغی عومەر چاوشین کە نێرینەیەکە قۆشمەچییانە ڕۆڵی ژن دەبینێت، تێبپەڕێنێت.[1]