ماتم لە هیجری ڕووی بەدر، لەو زوڵمەتی بێ ڕەوشەنە
لەو بەندی کەس لێ نەچووە دەر، دڵ خەستە و مەجڕووح تەنە
دڵ خەستە و مەجڕووح و زار، بێ ڕاحەت و عەیش و قەرار
ئەمڕۆ حەبیبی گوڵعوزار، سان داوە سەف سەف قۆشەنە
سان داوە تیپی زەنگییان، سەرخۆش و مەست و بەنگیان
میسری و ڕۆم و زەنگیان، ساحێب زرێ و جەوشەنە
ساحێب زرێ و شیرین سووەر، هێند و فەرەنگ، ڕۆم و تەتەر
سەف بەست لە ڕووی قورسی قەمەر، وان تەختی جەبهەت مەعدەنە
جەبهەت لە نووری لایەزال، نەقش و نیگار و خەت و خاڵ
قەوس و خەدەنگی صاد و داڵ، قاتڵ لەبۆ ڕۆحی منە
قاتڵ لەبۆ ڕۆحی زەعیف، ڕوومە لە یەک بورجی شەریف
هەر کەس کەدی ئەو ڕووی لەتیف، سەد کۆی ئوحود غەم خەرمەنە
سەد کۆی ئوحود غەم لێی بە بار، ناڵە و فوغان و ئاه و زار
دەرد و غەم و ئەندووهی یار، وان چەند لە دڵ نیشان هەنە
وان چەند هەزار دڵ کرد بەسەف، لە هەر کەنار و هەر تەرەف
جەیشی عەزیم میسری بەکەف، ماهی دەه و چار مەسکەنە
حەیرانی ڕوویی شیبهی گوڵ، چی حوببی وی سەر کرد لە دڵ
بۆ پێشی خاس و عام خەجڵ، فرمێسک دەکەن تەڕ دامەنە
دامەن بە دەمعی عەینی تەڕ، دوو مار و دوو شێرانی نەڕ
ئەمڕۆ بە عەزمی جەنگ و شەڕ، کردیان هجووم دڵ مەوتەنە
مەوتەن لە من بۆ حەبس و بەند، ڕۆحم فیدات ئەی دڵپەسەند
بۆ قەددی وەک سەروی بڵەند، سەد بارەکەڵڵا و ئەحسەنە
ئەحسەن خیسال و دڵڕوبا، هەر کەس کە دی بووە خاکی پا
با ڕۆح و جان و دڵ فیدا، بۆ شیرینی شای ئەرمەنە
بۆ شیرینی لەیلی سیفەت، کانی کەماڵ و مەعریفەت
سووڕەت بە نەقشی خاڵ و خەت، عاریز زەهەب، سیم زەقەنە
ئەو دڵبەری سیمین عوزار، عاشق هەمیشە ئینتیزار
بەهری ویسالی ڕووی یار، وەقت و سەعات نەعرەزەنە
نەعرەزەنان چون قەقنەسم، جانا بەجوز تۆ نین کەسم
گەر تۆ نەبی فەریادڕەسم، جێم دۆزەخی بێ ڕەوزەنە
جێم دۆزەخی ساحێب لەهیب، ئینکاری نائەهل و ڕەقیب
یا ڕەب لەبۆ وان بێ نەسیب، ئەو پەنجەیی شێرئەفکەنە
شێرانی ساحێب زۆر و زات، چی حوببی تۆی لە دڵ دەدات
سووتا بە ناوی بێ نەجات، گڕ گرتی شیبهی ڕەوغەنە
مانەندی ڕەوغەن نەوت و قیر، سووتا لە دەست عیشقی ئەسیر
زووخاڵ لەبەر بەدری مونیر، ئیسلام و کافر، بوریەنە
ئیسلام و کافر هەر چی بێ، لە دەست غەمت بریان دەبێ
جەرگی لە بۆت نیشان دەبێ، دڵبەند بە چەند مەکر و فەنە
دڵبەند بە چەند بەند و بەڵا، هەر یەک بە چەند غەم موبتەڵا
قەتتاڵ و ساحیب سلسلە، لە دڵ دەدەن وەک دوشمەنە
ئەو دەر حەقی دڵ بوون عەدوو، وەسف و سەنای (ما تنفیذ)
(یا أیها الناس اعبدوا لمن لە أعبد أنا)
گەر لاییقی عەبدییەتین، موستەوجیبی ڕووی ڕەحمەتین
عەتشانی کاسەی شەربەتین، واجب لەسەر مە سوجدەنە
ساجید بە، بە شەرتی ئەدەب، پابووسی جانان کە تەڵەب
گەر بێت و یار کەی تۆ تەڵەب، بۆ عەینی عەینان سورمەنە
بۆ عەینی عوششاقی زەلیل، خۆشە ببینی ڕووی خەلیل
دەرمان لەبۆ دەردی عەلیل، بسکی دە شۆخ و شەبخەنە
بسکی لەسەر بەدری دوو حەوت، سەر میسلی عەقرەب تاق و جووت
بەر پەنجەی هەر کەس کە کەوت، میسلی تەوافی کەعبەنە
کەعبە لە ڕووی ئەرزی مەکە، بێ یار مەچۆ تەواف مەکە
چی خۆی بە یار تەسلیم نەکا، مەعلووم بزانە کەودەنە
مەعلووم بزانن ئەو بەدن، لە دەفتەری عیشقی ڕەدن
حەیوان دڵ، ئینسان جەسەدن، وان سەعیی و ڕەنجی بێ فەنە
ساعی بە حەققت گەر ئەوە، تەرک کا وجوود خورد و خەوە
ڕوو کاتە لای یاری خووە، وەرنە سیوای وی فەربەنە
غەیری وی هەر چی نیک نەبێ، شەرت ئەو هەیە تالیب نەبێ
ئینسان ئەگەر عەقڵی هەبێ، نیکاح نەکا پیرەزەنە
نیکاح نەکا ئەو کالعجوز، گومڕا دەکا شەو تا بە ڕۆژ
سامیع بە حوببی دڵ بە سۆز، جیفەی غەلیز و مونتەنە؟
جیفەی غەلیز و زاییعە، هالیک لە قەومی تامیعە
تالیب چوو کەلبی جائیعە، لێکدی بە کینە و حەربەنە
لێک دێنە جەنگ زیئب و کیلاب، هەر یەک بە ڕەنگێک دەر عەزاب
بەو وەجهەیە دڵ چوون کەباب، وەک ئاسیاب و چەقەنە
وەک ئاسیابی زۆر لە گەڕ، نەفس و هەوای ماییل بە شەڕ
دونیا و شەیتان، گورگی بەڕ، ڕۆحەن لە دەست وی شیوەنە
(ئەحمەدی کۆر) لە عەقڵ بەدوور، تاکەی دەکەی خۆت بێ شعوور
(مووسا) لەکوێی دی نار و نوور، تا نەچووە (وادی ئەیمەنە)؟
#ئەحمەدی کۆر# [1]