کێ بە حەققەت یار بناسێ مەردی دانا هەر ئەوە
دانەیی دەستی غەواس و شەوچرای گەوهەر ئەوە
شەو چراغی گەنج و ماڵم، قووەتە بۆ پەڕڕ و باڵم
زیاد لە عیشقی ئەو بێ حاڵم، دڵڕوبا و دڵبەر ئەوە
دڵڕووبایی جینن و ناسان، دەستگیری عام و خاسان
پادشاهی حەق شناسان، کوورەیی مەجمەر ئەوە
مەجمەری پڕ جۆش و نارە، پڕ تەم و دوود و شەرارە
چی بە حوببت ئینتیزارە، خاسی ڕووی دەفتەر ئەوە
دەفتەری عەقڵ و کەماڵە، ساحێبی حوسن و جەماڵە
بۆ سلووک ئەو ئەهلی حاڵە، خاسی ڕێی ڕەهبەر ئەوە
هادی و مەهدی لە هەر باب، شاهی هیند و ڕووم و ئەعراب
شەونشینی کونجی میحراب، واعیزی مینبەر ئەوە
فەرق ناکا خۆی لە خاکی، ئەو لەلای نین بیم و باکی
بێ گومان ئەولادی پاکی، فاتیحی خەیبەر ئەوە
جەددی وی فاتیحی خەیبەر، هەم ڕەسووڵی پاکی ئەنوەر
خۆشەویستی خاسی حەیدەر، ئالی پێغەمبەر ئەوە
حاکمی تەختی شەریعەت، سالیکی ڕێگەی تەریقەت
عالمی عیلمی حەقیقەت، یاری لەب شەککەر ئەوە
شەککەرین لێو و زبانی، عەیشی ڕۆح و نۆشی جانی
قەددی شمشادی جیهانی، ڕەندی قەد عەرعەر ئەوە
ڕەندی عالەم ئیحتیاجە، ڕووی وەکوو شەمع و سیراجە
داڕوویی دەرد و عیلاجە، ساقییی کەوسەر ئەوە
ساحێبی حەوزی تەهوورە، ڕووی وەکوو بەدری زهوورە
ڕۆژ و شەو دڵ دەر حزوورە، شافیعی مەحشەر ئەوە
ساحێبی ئەرکان و دەوڵەت، مایەیی ئیقباڵ و حیشمەت
نەو نیهالی باغی جەننەت، نافیع و ئەخزەر ئەوە
گەر قەدەم دانێ لە بەرزە، سایەیی نینە لە ئەرزە
ڕۆح فیدای بێ عەینی فەرزە، گەنجی ئەسکەندەر ئەوە
هەر چی گەنج و مڵک و ماڵە، سەربەسەر پووچ و بەتاڵە
غەیری حوببی ئەو مەحاڵە، گەنجی پڕ گەوهەر ئەوە
هەر دڵێک بێ حوببی تۆ بێ، مار و عەقڕەب لێی وەکۆ بێ
پڕ برین داییم بە سۆ بێ، خانەیی ئەژدەر ئەوە
(ئەحمەدی کۆر) تۆ چووزانی، تۆ زەعیف و پووچ و فانی
دەم دەدەی لە مەدحی جانی، باقی و ئەکبەر ئەوە
#ئەحمەدی کۆر# [1]