ئەی سەییادی باکەماڵە، هێندە دڵ نەخجیر مەکە
کوشتنی عاشق حەڵاڵە، لەو ڕەقیبە بیر مەکە
چی ڕەقیبە ڕەدد و ئینکار، نین لە دەردی دڵ خەبەردار
هەر دەڵێ عوششاقی بێ کار، بیکووژە تەقسیر مەکە
تۆ لە قەتڵیت خێر دەگاتێ، مەیدەیە ئاوی حەیاتێ
ئەرزێکی نەفعت نەداتێ، ماڵی لێ تەعمیر مەکە
لێی مەکە تەعمیر بەجارە، زەحمەت و ڕەنجت خەسارە
یا مەدە تۆ کەس جغارە، یا لە خۆی دڵگیر مەکە
هەر کەسێک بێ بیروڕا بێ، شیبهی دار وشک و ڕەها بێ
حەز دەکەم عەیشی نە چا بێ، کاری بێ تەدبیر مەکە
کار و ئەسبابی جیهانی، جوملە بێ نەفعی و فانی
لەفزێکی مەعنی نەزانی، مەعنییی تەفسیر مەکە
وەک خەلیلی پاکدین بە، ساحێبی سیدق و یەقین بە
لا أحب اڵافلين بە، خۆفی از ئاگر مەکە
ئاگری نەمروود و شەیتان، بۆ خەلیلی بوو بە ڕەیحان
گەر تۆ هەی ساحێبی ئیمان، قەلبی خۆت کافر مەکە
زەخمی پەیکان تیری مەستان، خەلعەتن بۆ دڵ دروستان
تۆ میسالی تەن پەرستان، پارێز از شمشیر مەکە
زەربێکی شمشیر بارە، قاتڵی چەندین هەزارە
نایچێژێ تیری لە ژارە، فکری شەکر و شیر مەکە
فکری شەکر و شیر شیرینە، ئایینەی قەلبت ببینە
تۆ لە بوخل و بوغز و کینە، جان و دڵ ماهیر مەکە
ماهیری فیعلی بەتاڵە، دڵ بە دنیا ئیشتیغاڵە
دەم لە عیلمی قیل و قاڵە، شیبهەتی شاعیر مەکە
شاعیریی و تەڕزبانی، خاسە وەسفی یاری جانی
کیمیایی دڵ نەزانی، تەن وەکی ئیکسیر مەکە
ئەحمەدی کۆر بەهری جانان، بەس بکە داد و فوغانان
تۆ ڕەئیسی حیلەزانان، هێندە دەم تەزویر مەکە
#ئەحمەدی کۆر# [1]