دیم لە خەودا شاد و خوڕڕەم یاری من بادەی دەوێ
دەس لەناو دەس، دەم لەناو دەم، وەی لە شادی ئەو شەوێ
دوێشەوێ عەیش و نیشات بوو، کەیف و ئاهەنگ و بیسات بوو
بۆ کزەی دڵ ئەو نەجات بوو، ناگەهان ڕابووم لەوێ
وەختێ بیدار بووم نە کەس بوو، تەن سەراسیمەی هەوەس بوو
ڕۆح هەراسانی قەفەس بوو، لاڵ و کەڕ کەوتم لەوێ
لاڵ و کەڕ وەک زولعویوبان، کەشفی ئەبسار و قولووبان
بمدەنێ بێ ڕووی حەبیبان، حاشەلیللا نامەوێ
نامەوێ مەقسوودی حاسڵ، گەر نەبم بەو یارە واسڵ
کۆنەدنیا پووچ و باتڵ، غەیری زاتی پەرتەوێ
غەیری شوعلەی ڕوویی جانان، پووچە کاری دوو جیهانان
ئەز دەکەم ناڵە و فوغانان، ڕۆژ و شەو شیبهی کەوێ
هەر وەکوو کەو لە کۆساران، ئەز دەناڵم لە دووی یاران
بەڵکوو جارێکی لە جاران، دەست وەدەستی یار کەوێ
دەست بگاتە دەستی یارێ، خۆش بکا داخ و جخارێ
دەنگی هاتیف هاتە خوارێ، بگرە گۆشەی پێشڕەوێ
پێشەوایی جینن و ناسان، دەستگیری عام و خاسان
من خەلاس کە زۆر بە ئاسان، غەیری تۆم قەت کەس نەوێ
غیر تو کس ما ندیده، بر جمال حق ڕسیده
چند کلام از سر شنیده بۆ دوو عالەم خوسرەوێ
خوسرەوی خووبانی عالەم، زوبدەیی ئەولادی ئادەم
خاکی پات شاهان و حاتەم، دوژمنی خورد و خەوێ
ئەز لەسەر ئەکل و شەڕابم، حاڵ نەزان و ماڵ خرابم
بۆیە قەت دڵشاد نابم، من سەعاتێ بێ ئەوێ
بێ ئەوێ یاری بەنازە، ساحێبی عەیش و نیازە
مەرهەمە بۆ زامی تازە، دامەنی گەر دەس کەوێ
دامەنی خەرقەی ئیتاعەت، سەییدی ساحێب شەفاعەت
من دەکەم پای تۆ زیارەت، خاکی نەعلی تۆم دەوێ
خاکی نەعلی ئەسپی تاها، سورمەیە بۆ چاوی ئەعما
ئاخ لە مەکری کۆنە دنیا، کەس بە ڕاحەت ناخەوێ
پیر و بەدفیعل و خیسالە، قەحبەیە پڕ عومر و ساڵە
خۆی نیشان دام یەک جەماڵە، مات و حەیران بووم لەوێ
ئەم جیهانی بەد خەرا بێ، تاکوو تێیدای چاکە چا بێ
دوێنێ کوڕ بووی ئەمڕۆ بابێ، سبحەی و دووش پیر لەوێ
دووسبەی پیر و فتادە، ڕێ بە مەنزڵ کەج نیهادە
عومری زایع، ڕەنج بەبادە، بێ سەبەب پیریت دەوێ
هەر کەسێ دوشمن لەپاڵ بێ، عومری زایع، ڕەنج بەتاڵ بێ
هەر دەبێ زووی بۆ زەواڵ بێ، ڕۆژ و شەو قەت نەسرەوێ
ئەحمەدی کۆر، تەن لە فاق دە، دڵ بە حوببی یاری تاق دە
یەک بخوازە و یەک تەڵاق دە، نابنە دۆستت دوو هەوێ
#ئەحمەدی کۆر# [1]