وەکو بووکە شووشەیەکی شکاو
وێڵم بە دوای پارچەکانی خۆمدا
خۆمم بۆ کۆناکرێتەوە
دوو دەست و دە قامکی درێێێێێێێێێێژ
منیان بۆ کۆناکرێتەوە
ئەو درزەی کەوتۆتە ڕۆحم
زۆر لەوە گەورەترە کە ئەم پەنجە سحراویانە
بتوانن پڕی بکەنەوە
خەونەکانم وەکو قردێلە سورەکەی مناڵیم
بە قژمەوە ونکرد..!
من وەها پەرش و بڵاوم هیچ کۆم ناکاتەوە
نەخەونێکی نوێ و نە مۆسیقایەکی تایبەت
من ون بووم لەم چیرۆکەدا
لەم کێڵگەیەدا ڕێگام ونکرد و عادەتم گرت
نازانم من کەی شکام و کەی ڕژام
چۆن شکام و چۆن ڕژام و چۆن عادەتم گرت
وەکو باخەوانێکی پیر لە ناوەڕاستی گوڵەکانی
دانیشتوە و بەدیار وشکبوونی گوڵەکانیەوە
سیگار دەکێشێ
بەدیار وشکبوونی خەونەکانم
لە باخچەی خەیاڵەوە
یەک یەک سیگار دەکێشم
بە دەوری خۆمدا تەمێکم دروسکردووە
نەهیچ کەسێک دەبینم
نە هیچ کەسێک دەمبینێت
وەکو گۆزەیەکی شکاوی بەیەک لێکنراوم
دەستم لێ مەدە ئەڕژێم، ئەشکێم
نا مەکە دەستم لێ مەدە
درزی ڕۆحم فراوانتر ئەبێ
بەم نیازە پاکەی تۆ
گۆزەیەکم هەزار ساڵە ئەم شەڕابەم تێدایە
ڕۆژ بە ڕۆژ لە ڕەنگا جوانتر و لە تاما خۆشتر ئەبێ
وەرە لە چاوەکانی منەوە لەو شەڕابە بڕوانە
وەرە پەرداغێکت بۆ پڕ بکەم
تا ماوی شەڕابەکەم بچەسپێت بە دەماغتەوە و لە یادگەتدا بمێنێتەوە!
#شیلان ئازاد# [1]