ناونیشان: ئاوڕدانەوەیەک لە پرۆسەی پەروەردە
نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
لەئێستادا پرۆسەی پەروەردە، لەم هەرێمەی لەمەڕ خۆمان، ئه و سێکتەرەیە کە وەک لایەنێکی گرنگی ژیانی کۆمەڵگە، نەک هەر نەخراوەتە سەر نەخشەی ئاراستە کردنێکی زانستی و هاوچەرخ، بەڵکو پەراوێزخستن و مامەڵەکردن بە شێوازی نادروست خەریکە، بەرو تونێلێکی تاریکی دەبات، له و تاریکستانەشدا جگە لە ون بوون و بزرکردنی ڕێگە ڕاستەکه و ئاکامی خراپ، بۆ کۆمەڵگە هیچی تر بەدیناکرێت.
ئەوەی من پێی گەیشتووم، لە ئەنجامی خوێندنەوە و کارکردنم بەپڕاکتیکی لەناو پرۆسەی پەروەردەدا، هەست ئەکەم ئەوەی پێویست و گرنگە بۆ ئەم بوارە، هەنگاوەکان وەک پێویست نەنراون، تەنانەت ڕێگریەکان لە هەوڵەکان زۆرتر و کاریگەرترن، لەم کاتەدا کە سەرەتای دەسپێکردنی پرۆسەی خوێندنی 2022 بۆ 2023یە، دەبوایە، لایەنە پەیوەندیدار و بەرپرسەکانی بواری پەروەردە، بەرنامه و هەنگاوی لەپێشینە بنێن، یان ئه و کەموکورتیانەی لە ساڵانی پێشوودا، بینراون و کاریگەری خراپیان لەسەر پرۆسەکە، هەبووە، بەشێکیان چارەسەر بکرانایە، بەڵام بە نیگەرانیەکی زۆرەوە، جیاوازی چینایەتی لەناو پرۆسەکەدا، دیارە و بەزەقی بەدیدەکرێت، مناڵی هەژار کوا وەک مناڵانی خوا پێداو، ئەتوانن ئەوەی ئەیانەوێ بۆیان بکرێت؟ هەر لە دابینکردنی پێداویستی خوێندن و جل و بەرگ، مەلزەمە و کڕینی ئه و کتێبانەی کەمن و بەشی ژمارەی قوتابیان ناکات، تا دەگاتە بەکرێگرتنی مامۆستای تایبەت، بۆئه و وانانەی پێویستیان پێیەتی، ئیتر وەزارەتێک نەتوانێ ئەمانە چارەسەر بکات، چۆن بڕوا بەخۆمان و ئەوانیتر بێنین، کە سەرکەوتن، تاکە ئومێدی هەمووانە؟
(ڕۆبێرت مۆگابی) له و بارەوە دەڵێت: (ئێمە ناتوانین، بڕوابە نەوەی نوێ بێنین، کە پەروەردە کلیلی سەرکەوتنە، تا ئه و کاتەی بەدەرچووی هەژار و دزی دەوڵەمەند دەورە درابین).
هەموو ئەوانەی خەمێکی گەورە، داگیری کردوون، مەبەست و مەرامی کەسی و خواستی تایبەتیان نیە، ئەوەندەی ئامانجیانە کۆمەڵگە له و بۆتە خراپەی بۆی دانراوە، بێتە دەرەوە و بگۆڕدرێت، بۆ باشتر، واتە گۆڕانکاری لە پەروەردەوە بکرێتە کەلتورو ڕەنگبداتەوە، لەسەر ژیانی تاک و کۆمەڵ، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئه و ئامانجە وتەیەکی (ئیبراهیم ئەلبولاحی) دەهێنمەوە، کە دەڵێت: (گشتاندنی پەروەردە، کاریگەر نابێت، تاگۆڕانکارییەکی کەلتووری ڕیشەیی، بەدەست نەهێنرێت، کە بەهۆیەوە، سیستەمی بەهاکان، دەستکاری بکرێت و بەرژەوەندیەکانی خەڵک بگۆڕێت).
لەکاتێکدا، حکومەت نەیتوانیوە، بە بەرنامه و پلانی زانستی کار بۆ ئایندەیەکی ڕوون و گەشی بواری پەروەردە بکات، بەڵام ساڵانە، چەند بڕیارێک و فەرمانێک دەر دەکات، بۆ گشتاندن و جێبەجێکردنی لەناو پەروەردەکان و قوتابخانە و خوێندنگەکان، بێ ئەوەی لایەنە باش و خراپەکان شەن و که و کرابن، وەک ئەوە وایە، بیانەوێ، بە مامۆستایان بڵێن، ئاگامان لە پرۆسەکەیە.
من وەک ئەوەی لەنزیکەوە چاودێری پرۆسەی پەروەردە بەگشتی دەکەم، ئەم خاڵانە بەهەنگاوێک دەبینم، بۆچارەسەرکردن و ئاوڕی خێرا، تا کەمێک له و گرفتانە نەمێنن و تا ڕادەیەک ئارامی بخرێتە ناو پرۆسەکەوە، ئەوانیش ئەمانەن:
1- سەبارەت بە کاتی وانەکان، بۆ ئەم هەلومەرجە خراپەی جۆری بینای قوتابخانە، کە هەرفۆرمە کۆنەکەیە، واتە ژووری زۆربەی پۆلی خوێندن، یان گونجاو نین، یان ژمارەی قوتابی زۆری تێدایە، وانەکان بکرێنە (35)خولەک.
2- واباشە پشووی نێوان وانەکان، لە (5 بۆ 10) خولەک تێنەپەڕێت، چونکە لەزۆربەی قوتابخانەکان، هیچ هۆکارێک نیە، مناڵان دڵخۆش بکات، لە گۆڕەپانی باش و باخچە و شوێنی یاری و خواردنی دروست.
3- ئەگەر وانەکان (35) خولەک بن، وانەی شەشەمیش بخوێنرێت ئاساییە.
4- پێویستە بە بڕیار داوالە کارگێڕی قوتابخانە و خوێندنگەکان بکرێت، وانەکان وا ڕێکبخرێن، کاریگەری خراپ لەسەر دەروونی منداڵ دروست نەکەن، بە نمونە، با وانەکانی وەرزش یان هونەر و موزیک، بخرێنە ناوەندی وانەکان تا وزە و حەز و چالاکی و ئارەزووی زیاتر بدرێتە منداڵان، نەک بخرێنە وانەی یەکەم و کۆتایی.
5- پێویستە هەموو مامۆستاکان لەبوار و پسپۆڕی خۆیان خولیان بۆ بکرێتەوە و ئاگاداری نوێبوونەوەی زانست و زانیاری بن.
6- ئەوانەی وانەی خولەکان دەڵێنەوە، ناکرێ هەر وەک جاران چەند کەسێکبن، کە ئاستی زانستیان بەرز نەبێت، با کەسانێک بن قاڵبووی پروسەکە بن و ئەوانیش ڕاهێنرابن، لە ئاستی باڵادا.
7- چاوبخشێنرێتەوە بە گۆڕانکاری پڕۆگرامەکانی خوێندن، بە چەند لیژنەیەکی شارەزا و پسپۆڕ بسپێرێن، نەک تەنها قۆرخ بکرێن، بۆ ئەوانەی مەبەست بن.
8- پڕۆژەی پریتش کانسڵ پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، خاڵە لاواز و نەگونجاوەکانی بۆ هەرێم، لاببرین، ڕاستە ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 1934 لە بەریتانیا دامەزرا، بەڵام ژینگەی ئێرەو ئەوێ جیاوازن.
9- با بە فەرمانێکی وەزارەتی پەروەردە، هەموو قوتابخانە و خوێندنگەکان هەڵبژاردن، بۆ باشترین و لێهاتووترین کادری پەروەردەیی بکەن و بەدەنگی زۆرینە، بەڕێوەبەر، بۆ کاتێکی دیاریکراو هەڵبژێردرێت، نەک تا مردن هەر خۆی بێت.
10- یەکەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و پسپۆڕی بگۆڕدرێ، بۆ باشترین پڕۆژەی ساڵانە لەبواری پەروەردە، نەک بچێتە قوتابخانە بۆ بینینی وانەی مامۆستا کەئەوە ئیشی ئەو نیە.
11- لیژنەکانی قوتابخانە کارا بکرێن و کاری تەواویان پێبدرێ و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێ، تا لەو ڕێگەیەوە، قوتابخانەکان ئاستیان گەشە بکات، کە کاری هەماهەنگیە.
12- میلاکاتی قوتابخانەکان ڕێکبخرێنەوە، بەگوێرەی پێویست مامۆستا بۆ ئەو شوێنانە دابنرێت، کە پێویستە، نەک وەرەقەی ئەمو ئەو.
13- تەرخانکردنی بودجەیەکی باش بۆ هەرقوتابخانە و خوێندنگەیەک کە بەلیژنەو بەپێی پێویستی خەرج بکرێت.
14- ئەوەی ئێستا لەناو قوتابخانەکاندا دەکرێت، لە هەڵسەنگاندنی خود و قوتابی و کەسوکاریان، شڵەژاوی پێوەدیارە ئامانج بەدیناهێنێت لابردنی باشترە
بەهیوام لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، کار لەسەر ئەم خاڵانە بکەن و بیکەنە کاری لەپێشینەی پرۆسەی پەروەرده و فێرکردن، بۆ ئەمساڵی خوێندن. [1]