لە درێژەی کار و چالاکیی شوێنەواری لە گردی دوموز تەپە لە ناوچەی #گورگوم# (قارەمان ماراش) مۆڕێک دۆزرایەوە، کە وێنەی دووپەیکەری ئاژەڵی قۆچدار لەسەرە کە مێژوویان بۆ 7600 ساڵ پێش دەگەڕێتەوە.
بە گوتەی هلیل تکین بەرپرسی تیمی کنە و پشکنین لەسەر ئەم گردە شوێنەوارییە، لەگەڵ درێژەدان بە کاری کنە و پشکنین لەسەر ئەم گردە سایتێکی شوێنەواریمان دەست دەکەوێت، کە بەپێی دۆزراوەکانی ئەم گردە، مێژووی بۆ کۆتاییەکانی #چاخی بەردینی نوێ# دەگەڕێتەوە، کە لە ڕووی زانستییەوە گرنگییەکی تایبەتیان هەیە.
لە بابەتە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم مۆرە، ئەوەیە کە وێنەی دوو ئاژەلەکە بە شێوازی ئاوێنە واتە لە بەرانبەر یەک دروست کراون و ئەمە لە شتە دەگمن و کەموێنەکانی ناو دنیای شوێنەوارە، بە تایبەت بۆ ئەم ناوچەیە، هەروەها پێدەچێ ئەم ئاژەڵانە گامێشی قۆچدار بن، بۆیە دەتوانین بڵێن ئەم گردە دەتوانێت شوێنێک بێت وەک ئەو شوێنەی کە بۆ یەکەمجار گامێش تێدا خۆماڵی و ڕاو کراوە.
تکین زیاتر جەخت دەکاتە سەر درێژەدان بە توێژینەوە و کنە و پشکنینی شوێنەواری بۆ ئەم گردە و دەڵێ ئەم زانیارییانەی ئێستا تەنیا وەک دەستکەوتە سەرەتاییەکان وان بۆیە بە درێژەدان بە هەڵکۆڵین، دەکرێت ئەم ناوچەیە شتی زۆر گەورەتر و نوێترمان پێشکەش بکات.
گردی شوێنەواری گورگم لە ناوچە گرنگە مێژووییەکانی باکووری کوردستانە، کە ماوەی چەند ساڵێک کنە و پشکنینی شوێنەواری لەسەری دەستی پێکردووە. هەڵکەوتەی جوگرافیایی ئەم گردە دەکەوێتە ناو پارێزگای گورگوم لە باشووری ڕۆژئاوای باکووری کوردستان.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]